مستەفا چاوڕەش بۆ هاوڵاتی: یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدایە شۆڕش ئیسماعیل بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە
"مەترسی هەیە هاوپەیمانان بڕیای قورس دژمان بدەن"
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
یەكێتی لەهەوڵی ئەوەدایە شۆڕش ئیسماعیل رازی بكات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسێكی سەربازی ئەو حزبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كەهاوپەیمانان زۆر تووڕەو نیگەرانن، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات كە هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبەرنامەی چاكسازی ناو وەزارەتی پێشمەرگە رووینەداوەو ئەگەری ئەوە هەیە كەهاوپەیمانان بڕیاری توند بدەن.
دوو مانگ بەسەر هۆشدارییەكەی ماتیۆ ماكفارلین فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تێپەڕیوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەجێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووینەداوەو كێشەو ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت بەردەوامی هەیەو تائێستاش هیچ كەسێك بەوەزیری پێشمەرگە دیاری نەكراوە.
ماتیۆ ماكفارلین، وەك هۆشدارییەك بۆ بەرپرسانی هەرێم رایگەیاندبوو كە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكە خێراتر بكات، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن هاوكارییەكانیان رابگرن.
كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی رێگرە لەدانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ململانێ و ناتەبایی ستافەكانی ناو وەزارەت هۆكاری جێبەجێنەكردنی چاكسازییەكانە، لەوبارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «ململانێی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی رۆڵی نەرێنی هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها ناكۆكی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا دیسانەوە كاریگەری خراپی هەیەو هەندێ خاڵی تریش كەپەیوەندی بەخراپی ئەدای جێبەجێكارانی پرۆسەكەوە هەیە هۆكارە بۆ كێشەكان.»
یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، خواست و داواكاری سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی پێویست نەنراوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی و تووڕەیی هێزەكانی هاوپەیمانان، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی حەفتا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانان لێمان تووڕەن، نیگەرانن لەوەی تائێستا هیچ كارێك نەكراوەو شتەكان بەپێی بەرنامەكانی ئەوان نەڕۆشتووە.»
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە یەكێتی لەپاش كۆنگرە لەهەوڵی ئەوەدایە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكات و شۆڕش ئیسماعیل بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەت یان كەسێكی تر دیاری بكات بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ پاش كۆنگرە قسە لەسەر ئەوە كراوەو دیارە چوونی سەرۆكی یەكێتی و هەڤاڵان بۆ لای شۆرش ئیسماعیل پەیوەندی بەوەوە هەیەو رەنگە رازی بكەن بگەڕێتەوە یان كەسێكی تر دیاری بكرێت بۆ ئەو پۆستە.»
ساڵی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی راگەیاند. هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی بۆ دەستوەردان لەكاروباری وەزارەتەكەی گەڕاندەوە، ئەگەرچی تائێستاش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیری پێشمەرگە نەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ستافەكانی ناو وەزارەت زیاتر بووەو تادێت گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت «نەبوونی وەزیری پێشمەرگە كاریگەری خراپی بەجێهێشتووەو ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی حەفتاو هەشتا قووڵتر بووەتەوە، مەترسی هەیە كێشەكان گەورەتربن و هێزەكانی هاوپەیمانانیش بڕیاری قورس لەدژمان بدەن.»
ناكۆكییەكانی ناو وەزارەت و نەبوونی وەزیرێك بۆ راییكردنی كاروبارەكانی پێشمەرگە، ئەركی فەرماندەو پلەدارەكانی ناو وەزارەتی قورس كردووەو جۆرێك لەبێئومێدی دروستكردووە، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «راستییەكەی ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت، كاروبارەكان بەسستی دەڕوات، چاوەڕێ دەكەین بەڵكو كێشەكان چارەسەر بكرێن.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بە بەردەوامی و رۆژانە هێزەكانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەت دەكەن و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكان راسپاردەی نوێ دەدەن بەوەزارەت و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، لەوبارەیەوە مستەفا چاوڕەش بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەدڵنیاییەوە رۆژانە ئەوان دێن و دەچن، ئەمڕۆ ئیتاڵییەكان لام بوون و لەوبارەیەوە گفتوگۆمان كردووە. ئەوان ناوەستن و كاری خۆیان دەكەن.»
مانەوەی كێشەكان بەمجۆرەو جێبەجێنەكردنی بەرنامە چاكسازییەكان و داواكارییەكانی هاوپەیمانان، بووەتە تانە لەسەر كوردو حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە جەبار یاوەر بەهاوڵاتی وت «بوونی هێزی چەكداری حزب و یەکنەخستنیان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی، بووەتە تانەیەك لەسەرمان هەم لەناو عێراق و لەسەر ئاستی دەرەوەش، هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت، ئارامی و سەقامگیری بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەكاتی ناكۆكی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان، مەترسی دروستبوونی شەڕ نامێنێت. جگەلەوەش هەموو هێزە یەكخراوەكان دەبنە هێزی پارێزەری كیان و هەرێمەكەمان، نموونەیەكی جوان پیشانی عێراق و دنیا دەدرێت بەوەی كە هێزی چەكداری بەدەست حزبەوە نییە. هەروەها هاوپەیمانانیش زیاتر هاوكاری و پشتیوانیمان دەكەن لەڕووی مەشق و راوێژكاری و ماددیشەوە.»
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاكە وەزارەتە كە تائێستا یەكنەخراوەو كاروبارەكانی بەپێی بەرژەوەندی حزبی بەڕێوەدەچێت. لەناو ئەو وەزارەتە چەندان هێزی جیاوازو یەكنەخراو بوونی هەیە، لەوانە هێزەكانی حەفتاو هەشتا كە یەكەمیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو دووەمیشیان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە. هەروەها چەندان هێزو فەرماندەیی تر لەناو وەزارەتەكەدا هەن و چەند هێزێكی تریش لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتەكەن كە بەئاڕاستەو جوڵەی حزبی تر بەڕێوەدەچن، لەوانە هێزەكانی حزبی سۆسیالیست كە چەند لیواو فەرماندەییەكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەناو وەزارەتەكەدا.