حكومەتی هەرێم بەكردنەوەی "هەژماری من" بۆ فەرمانبەران زیاتر لە 12 ملیار دینار قازانج دەخاتە گیرفانی چوار بانكی ئەهلییەوە

"هەر فەرمانبەرێک کە هەژمار دەکاتەوە 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت"

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی «هەژماری من»ی راگەیاندووەو دەیەوێت پێدانی مووچەی فەرمانبەران بكاتە ئەلكترۆنی، بەڵام لەڕێگەی سێ بانكەوە كەهەرسێكیان ئەهلین، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت «هەر فەرمانبەرێك ئەو هەژمارەی بۆ دەكرێتەوە سەرەتا 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بۆ راكێشانی پارەش عمولە دەدات»، مامۆستایەكیش دەڵێت « ئەوانەی داهێنەری هەژماری منن، هەرئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزان،  بۆیە  متمانە  گرنگە».

رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان بۆ دەكرێتەوەو تائێستا نزیكەی 80 هەزار فەرمانبەر مامەڵەیان بۆ كراوە.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی «هەژماری من» دەستپێكرد، مانگی شوباتی ئەمساڵ پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان 841 فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد،هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت «تاوەكو ئێستا 77 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكییان بۆ كراوەتەوەو رۆژانە نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەر هەژماری نوێیان بۆ دەكرێتەوە».

«سێ مانگ سیستەمەكە لەژێر تاقیكردنەوەدا بووە»

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەژمارەوە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بەسیستمی بانكی خەرج بكات، هونەر جەمال، بەهاوڵاتی وت: «دوای سێ مانگ تاقیكردنەوەی سیستمەكە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، گفتوگۆمان لەگەڵ كارمەندەكان كرد بۆ ئەوەی رای خۆیان لەسەر لایەنەكانی پرۆسەكە دەرببڕن، دەركەوت تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووەو بەشێك لەفەرمانبەران یەك لەسەر سێی مووچەكانیان پاشەكەوت كردبوو، لەبەرئەوەی لەنێو هەژماری بانكییان بووەو بەكاش لەبەر دەستیان نەبووە».

نۆ بانك بۆ بەشداریكردن لەپڕۆژەی «هەژماری من» ناویان تۆماركردبوو كە لەناویاندا چوار  بانك وەرگیراون، وەكو هونەر جەمال ئاماژەی پێدەدات «مەرجەكان بۆ بەشداریكردن، دەبێت بانكەكان دیجیتاڵی و پێشكەوتوو بن و توانای مرۆیی و مادییان هەبێت و لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق دانیان پێدانرابێت.»

« ئەو پرۆژەیە وەكو سەرەتا، لەفەرمانبەرانی پارێزگای هەولێرەوە دەستیپێكردووەو ئێستا دەمانەوێ لەپارێزگای دهۆك و سلێمانی داتای فەرمانبەران كۆ بكەینەوەو دواتر ناویان تۆماردەكرێت و هەژماریان بۆ دەكرێتەوە، حكومەت ئەگەر 30٪ كورتهێنانی مووچەی هەبوو دەتوانێت بەكارتێك 70٪ی مووچەی فەرمانبەران بخاتەسەر هەژمارەكەیان كەبتوانن پارەی لێ رابكێشن و 30٪ یەكەی دیكەش بەكارتێكی دیكە بێت و بۆ نموونە بتوانێت لەبەنزینخانەیەكی حكومی بەنزین تێبكات یاخود پارەی ئاوو كارەبای پێبدات». هونەر جەمال وای وت.

 وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من» و دەشڵێت:» هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا ئەو فەرمانبەرەی هەژماری نەبێت، رەنگە كێشەی لەوەرگرتنی مووچە بۆ دروستبێت.

 دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە كەحكومەت لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە قەرزەكانی لەفەرمانبەران وەردەگرێتەوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسف كردو وتی: «پرۆژەكە ئەوەندە پەیوەندی بەحكومەتەوە هەیە تاوەكو هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، كە مووچەكە چووەسەر هەژمارەكەی، تەنیا خۆی دەتوانێت بەكاری بهێنێت و حكومەت بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لەهەژمارەكەیدا بكات، وەكو هەموو ئەو هەژمارانەی ئێستا هاووڵاتیان لەبانكە ئەهلییەكاندا هەیانە».

 هونەر جەمال باسی لەوەش كرد»دوای تەواوبوونی پڕۆژەی «هەژماری من»، كاتێك سەرجەم فەرمانبەران هەژماری بانكییان بۆ كرایەوە، پلانمان هەیە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم بۆ راكێشانی پارە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابنێین و ئەو ژمارەیەش بۆ سەرەتا كەم نییەو گرنگیشە فەرمانبەرێكی كەلار بتوانێت لەزاخۆ یان لەهەر شارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش مووچەكەی وەربگرێت و بەكاری بهێنێت».

 

شارەزایەكی بانكی دەڵێت ئەو پرۆژەیە خزمەت بەچەند بانكێكی ئەهلی دەكات

سەبارەت بەو هەژمارە گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری و بانك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەر وڵاتێكدا ئەگەر بتەوێ سەیری پێشكەوتوویی ئەو وڵاتە بكەیت دەبێت لەبانكەكانەوە دەستپێبكەیت، بەڵام نەك سیستەمێكی بانكی بەقاسەیەكی بەتاڵەوە، ناكرێت بڵێیت با هەژماری بانكیت هەبێت بەڵام بەتاڵ بێ، خەڵك دەناسم پارەی خانەنشینیەكەی باوكی مانگانە دەچێتە سەر هەژمارەكەی بەڵام لەمانگی دووی 2023 ەوە دەیەوێت ئەم پارەیە رابكێشێت تائێستا نەیتوانیوە رای بكێشێت، تەنانەت پێیان وتووە بۆ دوای مووچە بزانین چیمان پێدەكرێت بۆت بكەین».

ئەو شارەزای بانكییە وتیشی:» نەتوانینی ئەوەی پارە رابكێشیت لەبانكەكان بێمتمانەییەكی گەورەی دروستكردووە لەنێوان خەڵك و بانكەكاندا، ئێران كەچەنێك بەهای پارەكەیان دابەزیوە بەڵام هێشتا هاووڵاتیەكانی متمانەیان بە بانكەكانیان هەیەو دەوڵەتی ئێران دەستی نەبردووە بۆ مووچەی خەڵك، حكومەتی بیر لەوە دەكاتەوە هەژماری بانكی بۆ من بكاتەوە بەناچاری و 10 هەزار دینارم لێ بسەنێت، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ كەمووچەكەم چووە سەر هەژمارەكە سنورێكم بۆ دادەنێت كەنەتوانم بڕێك پارە زیاتر رابكێشم كەئەمەش قەیرانێكی دیكە دروستدەكات و هەژمارەكەش لەبانكێكی ئەهلییە و قازانجەكەش بۆ ئەوانەو ئەمە دەریدەخات حكومەتی هەرێم لەخەمی بانكی ئەهلیدایە، لەكاتێكدا لەكاتی راكێشانی پارەكەش عمولەی دەچێتە سەر».

بەوتەی ئەو شارەزا بانكییە حكومەتی هەرێم لەفەرمانبەرە پلە باڵاكانەوە دەستیپێكردووەو فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستانیش ئەو هەژمارە بانكیەیان بۆ كراوەتەوە».

یەكێك لەفەرمانبەرانی هەولێر، كە ناوەكەی لەلای هاوڵاتی پارێزراوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» فۆڕممان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی پڕكردووەتەوە بەڵام هێشتا مامەڵەمان تەواو نەبووە، حكومەت چوار بانكی بۆ دیاریكردووین ئێمەش لەو چوار بانكە یەكێكیان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی هەژمارە بانكیەكەمان بكەینەوەو لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرین».

ئەو فەرمانبەرە وتیشی:» هەریەك لەبانكی جیهان و ئاشوور و ئاڕتی بانك و بانكی BBAC هەڵبژێردراون تا فەرمانبەران هەژماری بانكی تێدا بكەنەوەو پێشیان وتووین تەنیا پارەی كردنەوەی هەژمارە بانكیەكە دەدەین كە 10 هەزار دینارە».

بەرهەم مستەفا مامۆستایە لەبارەی «هەژماری من» بەهاوڵاتی وت:» هەژماری بانكی  لەژێر ناوی (هەژماری من) هەرگیز  نابێتە  جێگرەوەی بانكی  TBI، چونكە  ئەوانەی  خاوەنی  داهێنانی  «هەژماری من»ن، هەر ئەوانە بوون  خاوەندارێتی  ئابوری سەربەخۆیان  كرد و هەموانیان  ماڵوێران كرد».

ئەو مامۆستایە دەشڵێت:» ئەوانەی داهێنەری «هەژماری من»ن ، هەر ئەوانەن  كەچەندین ملیار دیناری فەرمانبەران  قەرزارن ، بۆیە  متمانە  گرنگە  پێش «هەژماری من».

بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من» ، لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت « پرۆژەی «هەژماری من» دەبێتەهۆی دروستبوونی كێبڕكێیەكی تەندروست لەنێوان بانكەكان و بەگوێرەی پێداویستی هاووڵاتیان، رێگە بەسوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات بانكی دڵخوازیان هەڵبژێرن، هەروەها زانیاری روون لەسەر كرێی بانكی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەكان دەدات».

لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر هەن، بۆ هەر مووچەخۆرێك كە هەژماری بانكیی بۆ دەكرێتەوە بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەكۆی گشتی زیاتر لە 12 ملیارو نیو قازانج دەچێتە گیرفانی ئەو بانكانەی هەژمارەكان بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستدەكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار