سەركردەیەكی كۆمەڵ: عەلمانییەكان ئامادەنین بچن بۆ رۆژئاوا بەرگری بكەن كەچی داوا لەئێمە دەكەن بچینە غەززە
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، وەك تاكە هێزی عەلمانی لەهەرێمی كوردستان لەسەر شەڕی حەماس و فەلەستین هاتەدەنگ، ئیسلامییەكانیش وەك هەمیشە كەوتنەبەر رەخنەو توانجی عەلمانییەكان بەوەی كە بەرامبەر پرسە نەتەوەییەكان بێهەڵوێستن و تەنها دەنگیان بۆ جیهانی ئیسلامی هەیە، سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند «هیچ هێزێك هێندەی ئیسلامییەكان هەڵوێستی نەتەوەییان نییە».
گرژی و شەڕی سەختی ئەمدواییەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ناكۆكی و ململانێی لەنێوان لایەنگری حزبە سیاسیەكانی كوردستاندا دروستكردووە، هەرێمی بۆ دوو بەرەی جیاواز دابەشكردووە، بەرەیەكی هاوسۆز لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و چالاكییەكانی ئەو گروپە دژی ئیسرائیل كەخۆیان لەئەندام و لایەنگری ئیسلامییەكان و زۆرینەی موسڵمانانی هەرێم دەبینێتەوە، بەرەیەكیش دژی هەڵوێست و بیركردنەوەی بەرەی یەكەم، كەزیاتر كەسانی بێلایەن و ئەندامانی حزبە عەلمانی و نیشتمانییەكانن.
لایەنە ئیسلامییەكان، پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ حەماس و پرسی فەڵەستین دەربڕیوەو هەڵوێستی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی كارەكانی بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە، لەوبارەوە رۆژنامەنووس هێمن مامەند بەهاوڵاتی وت : «ئیسلامییەكان بۆ فەڵەستین و غەززە شین و رۆڕۆیانە، ئێمەش پێمان ناخۆشە ئەوەی بەسەر فەڵەستین دێت، بەڵام بۆچی ئەوان بێدەنگن لەبەرامبەر گەلی خۆیان كە رۆژانە لەلایەن توركیای داگیركەر سزا دەدرێت، توركیا لە رۆژئاوا نانەواخانەو نەخۆشخانە وێران دەكات، دارە زەیتونەكانی عەفرین دەبڕێتەوە، ئەوان بۆ دەنگیان نییە؟ هەرلەبەر ئایەتی التین والزیتون حەقە دەنگیان هەبێت.»
بەپێچەوانەوە ئیسلامییەكان پێیان وایە كە لەهەموو پرسە نەتەوەییەكاندا هەڵوێستیان هەبووەو زیاتر لەعەلمانی و نەتەوەییەكان بەرگریان لەدۆزی رەوای كورد كردووە، لەوبارەیەوە رێبوار حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «ئێمە پێمان وایە كەئەركی هەموو خاوەن ویژدانێكە بەرگری لەستەملێكراو بكات، گەلی فەڵەستینش وەك ئێمە سزا دەدرێن و خاكیان داگیركراوەو لەژێر حوكمی ئاگرو ئاسندان، حەقە ئەوانە بخرێنە ژێر پرسیارەوە كەبەرگری لەستەملێكراو ناكەن».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری وتیشی:» ئەوانەی كە داوا دەكەن گەلانی دونیا هاوسۆزیان بن لەپرسە نەتەوەییەكانی كورددا، بەڵام خۆیان لەگەڵ ستەمكاران هاوسۆزن و لەگەڵ ستەملێكراو هاوسۆز نین، ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەری هەر بابەتێك پەیوەندی بەهەر میللەتێكی ستەملكێراوەوە هەبێت بەواجبی خۆمانی دەزانین هاوسۆزبین لەگەڵیان، ئەوانەی رەخنە لەئێمە دەگرن پێموانییە لەهیچ هەڵوێستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەپێش ئێمەوە بن.»
ئیسلامییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لەپرسە نەتەوەییەكاندا وەك پێویست هەڵوێستیان نییە، لەبەرامبەردا بۆ كێشەی فەڵەستین زیادەڕەوی دەكەن بە رادەی هاندانی گەنجان بۆ چوونە غەززەو پەیوەندیكردن بەبزووتنەوەی حەماس، بەڵام سەركردەكەی كۆمەڵ پێی وایە كەئەو قسانە هیچ بنەمایەكی نییەو بۆ لەبیربردنەوەی قەیران و دۆخی خراپی ئیدارەدانی هەرێمە، هەروەك ئەوەی رێبوار حەمەد دەڵێت: «ئێمە ئەركی خۆمان بەزیادەوە بەجێهێناوە، چەندین كەمپەینمان كردووە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا، ئێمە لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەكانمان هاوكاریمان كۆكردووەتەوەو بەڕێگەی سەخت و دژوار خۆمان گەیاندووەتە رۆژئاوا، ئەو دەسەڵاتەی كە رەخنەمان لێدەگرێت خۆیان بوونەتە رێگر لەگەیاندنی دەستی هاوكاریمان بۆ كوردانی رۆژئاوا، هەروەها بۆ كوردانی باكوور هەڵوێستمان هەبووە هەر كارەساتێك روویدابێت ئێمە رۆڵمان هەبووە لەهاوكاریكردنیان، لەبۆردومانەكانیشدا هەڵوێستمان هەبووەو فراكسیۆنەكانمان بەیاننامەیان دەركردووە.»
جیاواز لەئیسلامییەكان، كە باكگراوندی ئاینی پاڵنەرە بۆ پشتگیریكردنی دۆزی فەڵەستین. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پشتگیری خۆی بۆ فەڵەستین دەربڕی و سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلی كرد بۆسەر غەززە، لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، بڵاویكردەوە:» داوا لەكۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەكەین بەئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆیان هەستن لەپێناو رێگریكردن لەپێشێلكارییەكان و هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر كەرتی غەززە.»
یەكێتی بەم هەڵوێستەی، بووە یەكەمین حزبی نیشتمانی و عەلمانی لەهەرێمی كوردستان كەدەنگ بۆ غەززە هەڵببڕێت و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە، لەوبارەوە ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەڵوێستی یەكێتی ئەو بەیاننامەیەیە كە فراكسیۆنەكان دەریكردووە، لەبەرئەوە هیچ قسەیەكی ترمان نییە.» بەڵام هێمن مامەند پێی وایە «یەكێتی وابەستەیە بەئێران، ئێرانیش دژی ئیسرائیلە بۆیە دەبێت ئەو حزبە پشتگیری فەڵەستین بكات و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە.»
میدیاكانی نزیك لەدەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، رەخنەیەكی زۆر لەئیسلامییەكان دەگرن و بەشێوەی كاریكاتێر توانج لەسەرۆكی كۆمەڵ و ئەو حزبە دەدەن، بەوەی كە هانی گەنجان دەدەن بچنە غەززە، بەڵام منداڵی خۆیان لەئەوروپا ژیان بەسەر دەبەن، لەوەڵامی ئەو رەخنەو توانجانەدا، رێبوار حەمەد دەڵێت: «رەخنەمان لێدەگرن كە بۆچی ناچین بۆ غەززەو بەرگری بكەین، ئەی باشە بۆچی خۆیان ناچنە رۆژئاوا، كێیە رێگەی رۆژئاوای گرتووەو ناهێڵێت هاوكاری بگاتە كوردانی رۆژئاوا؟ كۆمەڵ و ئیسلامییەكانن؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەم قسانە چەواشەكارییەو شێواندنی واقیعەكەیە لای خەڵكی.»
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و مقۆمقۆی نێوان ئیسلامی و نەتەوەییەكانی باشوری كوردستان، توركیا بۆردومانەكانی بۆسەر خاكی رۆژئاوا چڕتركردووەتەوەو بەپێی راپۆرتی میدیاكانی توركیا، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 180 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراوە.