نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەری كردووە، یەكێتیو پارتی رێكکەوتنێكی نوێی ستراتیژی واژۆ دەكەن
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵا
هەوڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووەو بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، دەستپێشخەری كردووە. سەركردەیەكی پارتی بڵاویكردەوە كەهیوایان بەیەكێتی نوێ هەیەو چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكەن بەڵێنەكانیان بەرامبەر پارتی ببەنەسەر، سەركردەیەكی یەكێتیش ئاشكرایكرد كەویستی سەرۆكی حزبەكەیان بۆ ئەوەیە كەكۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنەكان دروستببێت.
پاش ئەنجامدانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی ئەو حزبە لەهەوڵی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكاندایەو دەیەوێت پەڕەیەكی نوێی دۆستایەتی لەگەڵ تەواوی حزبەكانی هەرێمدا هەڵبداتەوە، بەتایبەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 درزو كەلەبەرێكی گەورە لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب دروستبووە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پاش ئاشتكردنەوەی سەركردە دابڕاوەكان، دەیەوێت بەپەیوەندییەكانیدا بچێتەوە لەگەڵ حزبەكانی هەرێمدا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەش هەنگاوی پێویستی ناوەو بەڵێنی بەپارتی دیموكراتی كوردستان داوە كاری جددی و پێویست لەو رووەوە بكات.
لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵەبجە بەهاوڵاتی وت: «یەكێتی ئەو وەعدەیان داوەو هیوادارین لەگەڵ ئەو وەعدەی خۆیاندا راستگۆ بن. ئەگەر ئەوە بكەن كارێكی زۆر باش دەكەن، چونكە تەنها رێگەو باشترین كار بۆ ئەمڕۆی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لەدەستكەوتەكانمان رێكەوتنی پارتی و یەكێتییەو راستگۆیانە لەگەڵ یەكتری. لەڕاستیشدا بەشێكی زۆری ئەو بەرپرسیارێتیە دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی».
یەكێتی و پارتی لەساڵی 2005و بەواژۆی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، رێكەوتنی ستراتیژییان ئەنجامدا، بەوەش هاوبەشی لەئیدارەدان و داهاتی هەرێم، كرایە پێوەرو بنەمای پەیوەندییەكانیان. بەڵام بەهۆی گۆڕانكارییەكان و فرە جەمسەری لەڕیزەكانی یەكێتیدا، رێكەوتنەكە وەكخۆی جێبەجێ نەكراوەو پارتی هەمیشە داوای پێداچوونەوەو رێكەوتنی نوێ دەكات كە لەگەڵ قۆناغ و دۆخەكەو قەبارەی هەردوو حزب یەكبگرێتەوە.
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، لەهەوڵی ئەوەدایە كە رێكەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان هەردوو حزب واژۆبكرێت و دواتریش كۆدەنگییەكی نیشتیمانی لەنێوان حزبەكانی تردا دروستبكرێت، لەوبارەیەوە دكتۆر عومەر عەلی چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت :»نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت رێكەوتنی نوێ لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامبدرێت، ئەوان دەیانەوێت وەك هەمیشە خێروبێری ئەم وڵاتە بۆ خۆیان دابەشبكەن و كۆتایی بەو كەمە ناكۆكییە كاتییانەش بهێنن كە لەنێوانیاندا دروستدەبێت و زیاتر مەبەست لێی ختوكەدانی سۆزی هاووڵاتیان و لایەنگرانیانە بەتایبەت لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا تا زیاتر هانی خەڵك بدەن دەنگیان پێبدەن».
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پارتی پێشنیارو داواكاری ئاراستەی یەكێتی كردووە تا بەپەیوەندییەكاندا بچنەوە، بەڵام بەپێی وتەی فازیل بەشارەتی یەكێتی خواستی ئەوەی نەبووە. لەوبارەیەوە ناوبراو بەهاوڵاتی وت: «ئەوەی كە من بزانم، پارتی هەوڵی زۆریداوە بەڵام نەیتوانیوە یەكێتی بهێنێتە ئەو رێگەیەی كە رێكەوتنی لەگەڵ واژۆ بكرێت و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمانی تێدا پارێزراو بێت، چونكە یەكێتی فرە جەمسەر بووە، كێشەی نێوخۆیی هەبووەو لەژێر كاریگەری خەڵكی تردا بووە، نەیتوانیوە خۆی بریاری موتڵەق بدات، ئەمانە وایكردووە كە پارتی نەتوانێت رێكەوتنی لەگەڵ بكات. بۆیە تەمەننا دەكەین ئەم یەكێتییە نوێیە لەئاستی قۆناغەكەدا بێت و بتوانێت بەرپرسیارێتی دۆخەكە هەڵبگرێت».
لەلایەكی ترەوە یەكێتی پێی وایە كەویستی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی حزبەكەیان، بۆ ئەنجامدانی رێكەوتنە لەگەڵ تەواوی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان. لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەهاوڵاتی وت:»لەكۆنگرەی پێنجەمدا سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لەوە كردەوە كەپێویستە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكاندا بەهێزتر بكرێت و لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی كوردستاندا كۆدەنگی نیشتمانی لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت، چونكە قۆناغەكە پێویستی بەوەیەو كوردستان بەرگەی ئەوە ناگرێت ناكۆكی و گرژی لەنێوان حزبەكاندا بمێنێت».
لەئێستادا پارتی چاوەڕوانی سەرانی یەكێتی دەكات تا سەردانە فەرمییەكەی دوای كۆنگرە ئەنجامبدەن، لەوبارەیەوە عیسمەت رەجەب ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە ئێستا چاوەڕوانی یەكێتی دەكەین سەردانمان بكات، قسەو باسی نوێمان دەبێت لەبارەی دۆخی كوردستان و گۆڕانكارییەكان و چاوەڕێی ئەوەین بڕیاری گونجاو لەسەر قۆناغی ئێستا بدرێت».
لەپاش رووداوەكانی حەوتی تەمموزی ساڵی 2021و دوورخستنەوەی بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی. پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی گرژی تێكەوتووەو لەچەندین كۆبوونەوەی باڵادا كەسی یەكەمی پارتی ئامادە نەبووە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەكۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان هەردوو حزب، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئامادە ببێت و ئەوەش ببێتە سەرەتایەك بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی بەهێزو توندوتۆڵی نێوان هەردوولا، هاوشێوەی ئەو پەیوەندیەی كە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كردیانە بناغەی ئەنجامدانی رێكەوتنی ستراتیژی نێوانیان.