ئەو سەندیكایەی دەبێت بەرگری لەڕۆژنامەنووسان بكات، لەناو خۆیدا كێشەی هەیەو 12 ساڵیشە كۆنگرەی ئەنجام نەداوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت «كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەكۆی دەنگی ئەنجوومەنی سەندیكا لەكارەكەی دوورخراوەتەوە»، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكاش دەڵێت «بڕیارەكە حزبییە و نەقیبی سەندیكا شەڕ دەفرۆشێت»، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەڵێت، «بەهیچ شێوەیەك وەكو لیستی سەوز لەسەندیكا، ناچنە ژێر بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی»، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ پێی وایە «هەر سەندیكایەك حزب سواری سەری بوو بەلای خۆیدا ڕایكێشا ڕۆژێك هەر دەپچڕێت».
نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان و جێگرەكەی دوو رای دژ بەیەكیان هەیە لەبارەی دوورخستنەوەی كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەوتەی نەقیبی سەندیكا، «سكرتێری لقی سلێمانی بەكۆی دەنگی ئەندامان لەكارەكەی دوورخراوەتەوە، بەڵام بەوتەی جێگرەكەی، «ئەوان وەكو لیستی سەوز لەسەندیكا ناچنە ژێر باری ئەو بڕیارە».
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان پێشتر ڕایگەیاندووە:» پێشتر هەموو دەزگاكانمان ئاگاداركردووەتەوە كەسكرتێری لقی سلێمانی لەمانگی 7ـی 2021ـەوە لەپۆستەكەی نەماوە، بەبرادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان وتووە بەبڕیاری ئەنجوومەنی سەندیكا كەهەموومان واژۆمان كردووە دەركراوەو دەبێت ئەو پابەند بێت، بەڵام بەداخەوە یەكێتی رێگربوون لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەو پێمانوایە ئەوە دەستتێوەردانە لەكاروباری ناوخۆی سەندیكا.»
نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات ئەو كێشەیە چارەسەربكات. دەشڵێت «حەوت لق و شەش نووسینگەمان هەیە، بەڵام هیچ لقێك و تەنانەت ئەنجوومەنیش راگەیەندراو دەرناكات، لیژنە هەیەو ئەوان راگەیەندراو دەردەكەن، لقی سلێمانی بۆچی راگەیەندراو دەردەكات؟»
بەوتەی ئازاد حەمەدەمین ، سكرتێری لقی سلێمانی، «لەسەر ئیلتیزام نەكردن، ناپیشەییبوون و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەندیكا دەركراوە، ئەویش ناهەقی نییە دەڵێت من كادری یەكێتیم و منیان لێرە داناوە، دەبێت یەكێك پێم بڵێت بڕۆ بۆ ئەوەی بڕۆم.»
جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنوسان لەسەر دورخستنەوەی سكرتێری لقی سلێمانی قسەیەكی دیكەی هەیە
بژار حەكیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی دایەوەو وتی:»پێش دەستبەكاربوونی ئێمە وەك جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەمانگی 7ـی ساڵی 2021 بڕیاری لادانی كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای دەركردبوو».
بژار حەكیم وتیشی: «دوای دەستبەكاربوونمان وەك جێگری نەقیب، لەمانگی 12ـی ساڵی 2021، تائێستاش ئێمە راشكاوانە بەنەقیب و ئەنجوومەنی سەندیكامان راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەك وەك لیستی سەوز لەسەندیكا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی، بۆ هەمووان رایدەگەیەنین كەجێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان و لیستی سەوزی سەندیكا، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی نییە».
ناكۆكی و وتەی دژ بەیەكی نەقیب و جێگرەكەی سەبارەت بەبڕیاری لادانانی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكا لەلایەن نەقیبی رۆژنامەنووسان لەكاتێكدایە،، رۆژی 24-10-2023 لەشاری سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیركران، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو دوو رۆژنامەڤانە لقی سلێمانیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو لەبارەی یەكێك لەڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان رایگەیاند: «دەستگیركردنی عیماد بیلال بەهیچ جۆرێك پەیوەندیی بەئازادیی میدیاو رەخنەوە نییە، بەڵكو بابەتی نێوان دوو هاووڵاتییە، كە بەڕێكەوت هەردووكیان رۆژنامەنووسن.»
بەگوێرەی بڕیارێكی ژمارە 1349ی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رۆژی 28-07-2021 كاروان ئەنوەر لەكارەكەی لابراوە، بڕیارەكە واژۆی ئازاد حەمەئەمین ، نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنوەر حوسێن، جێگری نەقیب، هەندرێن ئەحمەد سكرتێرو چوار ئەندامی دیكەی ئەنجوومەنی لەسەرە.
كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت «من فەرمانبەر نیم تا نەقیبی سەندیكا بتوانێت دەرم بكات و بەهەڵبژاردن هاتووم و پەیڕەوی ناوخۆش رێوشوێنی لابردنی هەر كەسێكی دیاریكردووە».
لەبڕیارەكەدا هاتووە :»ئەنجوومەنی سەندیكا لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوای گفتوگۆی كێشەو گرفتەكانی لقی سلێمانی و بڕیارو راسپاردەی كۆبوونەوەكانی پێشوو، تایبەت بەپابەندنەبوونی بەڕێز كاروان ئەنوەر وەك سكرتێری لقی سلێمانی بەڕێوشوێنی كاری سەندیكایی لەچوارچێوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی سلێمانی بەهۆی ئەم دۆسیانەوە:
-پابەندنەبوونی ناوبراو بەبڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەندیكاو سەرپێچی لەجێبەجێكردنی ئەركەكان.
-ئاماژە بەكۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیكا لە 28ـی نیسانی 2019، لەبارەی ئامادەبوونی ناوبراو بۆ پێڕاگەیاندنی بڕیارەكانی ئەنجوومەن لەبارەی پابەندنەبوونی بەبڕیارەكانی ئەنجوومەن كاركردن لەدژی سیاسەتی گشتی و بنەماو ئامانجەكانی سەندیكاو پێنەدانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیەی كەبڕەكەی لە 50 ملیۆن دینار زیاترە وەك لقی سلێمانی وەریگرتووە لەچوارچێوەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، لەدەرەوەی رێكارەكانی كارگێڕی خەرجكراوە، دواتر سەرپێچی لەبڕیارەكانی ئەنجوومەن.
-ئاماژە بەكۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیكا ژمارە (37) لە 02-06-2019 بڕیاری ئەنجوومەن كەدەبێت لقی سلێمانی هەموو مامەڵەیەكی دارایی لەڕێگەی سەرپەرشتیاری سلێمانی دەبێت و بەڕێز كاروان ئەنوەر ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردووە.
-ئاماژە بەكۆنووسی سكرتاریەتی ئەنجوومەن لە 22-01-2020 بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری (پێڕاگەیاندنی هۆشداری) بەناوبراو لەبارەی كێشە داراییەكانی لقی سلێمانی و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەن كەكۆنووسەكە لەكۆبوونەوەی ژمارە (39) لە 23-01-2020 پەسەندكراوە.
- پابەندنەبوونی سكرتێری لقی سلێمانی بەگەڕاندنەوەی ئابوونەی ئەندامانی سەندیكاو دروستكردنی پێناسی سەندیكا بۆ ئەنجوومەن وەكو بڕیاری ئەنجوومەن ئاماژە بەكۆبوونەوەی سكرتاریەتی ئەنجوومەن لە 20-12-2020.
-بەكرێدانی بەشێكی بارەگای سەندیكا بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەن سەرەڕای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم بەكرێدانە.
-داخستنی بارەگای لقی سلێمانی بەبڕیاری تاكەكەسی سكرتێری لقی سلێمانی، سەرەڕای رێنمایی ئەنجوومەن بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی لقەكە لەخزمەتی رۆژنامەنووساندا.
بڕیاردرا بە
- لابردنی بەڕێز كاروان ئەنوەر لەئەركی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.
-كۆبوونەوەی لقی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئەنجوومەن سازبكرێت، بۆ راسپاردنی یەكێك لەئەندامانی لقی سلێمانی بۆ هەڵسوڕاندنی كاروباری لقی سلێمانی تاوەكو كۆنفرانسی داهاتووی لق.
-ئەم بڕیارە لەڕۆژی پێڕاگەیاندن بەلقی سلێمانی، جێبەجێدەكرێت.
كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كێشەی نێوان من و نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان شەڕ فرۆشتنی نەقیبی سەندیكایەو شتێكی یاسایی نییە ئەگەر یاسایی بوایە سكاڵای دەكرد بەڵام ئێمە بەنیازین سكاڵا تۆمار بكەین، چەند جارێك باسی ئێمەی كردووە گوایە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكا دەركراوەو دەسەڵاتی نییە، ئەمانە هەر هەمووی دەكەین بەسكاڵایەك و تۆماری دەكەین بۆ ئەوەی بزانین یاسا چۆن مامەڵەمان لەگەڵ دەكات».
وتیشی:»كاتێك پرسێكی حزبی دروستدەبێت نەقیبی سەندیكا فشار دەكات، بۆ نموونە ئەو دوو رۆژنامەنووسەی هەفتەی رابردوو دەستگیركران، ئێمە رای خۆمان بەڕوونی وت، بەڵام نەقیبی سەندیكا لەكەناڵێكەوە خراپی لەسەر ئێمە كردو بەیانێكیشیان بەناوی سەندیكاوە بڵاوكردەوە لەكاتێكدا لقی سلێمانی ئاگاداری وردەكاری رووداوەكەیە».
بەوتەی كاروان ئەنوەر، «نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان هەڕەشەی دەركردنی لێكردووە وەك ئەوەی فەرمانبەرێك دەربكات لەكاتێكدا سەندیكا نەقیب و سكرتێری لقەكان بەهەڵبژاردن دیاریدەكرێن، نەقیبی سەندیكاش چەند كەسێكی بەدەر لەپەیڕەوی ناوخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسان داناوە، بۆیە ئەگەر شتێكی نایاساییمان كردووە با ئەو سكاڵا تۆماربكات».
«لەساڵی 2014 ەوە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان یەك دیناری بۆ لقی سلێمانی نەناردووەو داوای ئابوونەش دەكات، لەكاتێكدا هەرچی چالاكییەك ئەنجامدراوە دینارێكمان لەهەولێر وەرنەگرتووە، ئێستاش بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە سكاڵامان تۆماركردووەو سەرجەم ئەو كارە نایاساییانەی ئەنجامیداون وەك بەڵگە پێشكەش دەكەین». سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وادەڵێت.
كاروان ئەنوەر دەشڵێـت:»دەمانەوێت سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دروستیكردوون بیسەلمێنێت، مەسەلەكە بەس جیاوازی حزبییە نایانەوێت بڵێین ئازادی رۆژنامەنووسی لەمدواییەدا لەهەرێم پاشەكشەی كردووەو خۆشیان هیچ هەڵوێستێكیان نییە، بەئێمەش دەڵێن كە شتێك دەبێت بۆچی تەنها لقی سلێمانی بەیاننامەكە دەردەكات».
سەنتەری میترۆ، لەبارەی ناكۆكییەكانی سەندیكا رایەكی جیاوازی هەیە
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هەر سەندیكایەك حزبایەتی سوار سەری بوو هەركەسەو بەلای خۆیدا رایكێشا لەشوێنێكدا هەر دەپچڕێت، بەڕای من چارەسەر بۆ سەندیكایەكی كارا ئەوەیە كە لیستێكی سەربەخۆ لەناو ئەو سەندیكایە دروست ببێت و رۆژنامەنووسان دەنگی پێبدەن».
وتیشی:»هەندێك هەستیاری لەنێوان ئێمەو سەندیكا هەیەو زۆر سەرنجمان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی نەڵێن پشتگیری لایەنێك دەكەن جارێ دوای دەخەین، دەبێت فشاربكرێت سەندیكا كۆنگرە بكات، میكانیزمی كۆنگرەكەش دەبێت شەفاف بێت، هەرچەندە ئەندامانی سەندیكا مافی خۆیانە ئایدیای خۆیان هەبێت، بەڵام نابێت حزبایەتی زاڵ بێ بەسەریاندا وەكو ئێستا بەڵكو دەبێت كار بۆ ئەندامەكانی خۆیان بكەن».
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە (4) ساڵی 1998و هەمواری ژمارە (40)ی ساڵی 2004، پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، هەروا بەگوێرەی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەكو تاقە ئۆرگانی فەرمی میدیاییە لەهەرێمی كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی (IFJ)یە.
لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی دامەزراندنیدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سێ كۆنگرەی بەستووەو دوایین كۆنگرەی لەساڵی 2011 بووەو تائێستا نەیتوانیوە كۆنگرەی چوارەم ببەستێت.