نزیكەی دوو مانگ بەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا تێپەڕدەبێتو چارەنووسی پڕۆسەكە نادیارە
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان: سزادانی بەكۆمەڵی مامۆستایان لەحكومەتی هەرێم قبووڵ ناكەین
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
٤٩ رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا چارەنووسی خوێندن لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان نادیارە، مامۆستایەكی ناڕازی دەڵێت «دڵمان ژان دەكات بۆ قوتابییەكان، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە كەئەمەی دەوێت».
لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندنەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، بەهۆی دواكەوتنی موچەی سێ مانگەوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووەو دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلول مەرجی گەڕانەوەیانە بۆ هۆڵەكانی خوێندن.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەداخەوە حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازی مامۆستایان و وانەبێژان و لەسەر عینادی خۆی سوورە، ئەمەش وایكردووە كە مامۆستایان بەردەوامبن لەسەر بایكۆتكردن بەمەش زیانێكی زۆر بەر پڕۆسەی پەروەردە كەوتووە لەسنووری سلێمانی و دەوروبەری.
وتیشی: ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكەمتەرخەم دەزانین، راستە حكومەتی ناوەند پارەی نەناردووە ئەوەش خەتای حكومەتی هەرێمە كەنەیتوانیوە پێشوەختە رێككەوتنێك بكات یاخود چاكسازییەك لەبواری داراییدا بكات، ئێمە لەنزیكەوە مامۆستاو بەڕێوەبەرەكان دەبینین، دەڵێن پێمان خۆشە دەوام بكەین بەڵام زۆربەیان دەڵێن گیرفانمان بەتاڵەو پارەی هاتوچۆمان پێنییە.
« ئومێدەوارین نەگاتە ئەوەی وەزارەت بیر لەسزادانی مامۆستایان بكاتەوە چونكە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو ناكرێت دیان هەزار مامۆستا سزابدرێت و غیاب بدرێت، ئەو بابەتە وەك یەكێتی مامۆستایان قبوڵناكەین و بەرگری لەمامۆستایان دەكەین، هیواداریشین حكومەت بەهۆش خۆی بێتەوەو چیتر ستەم لەمامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی نەكات بەتایبەت وانەبێژان «. عەتا ئەحمەد وای وت.
ئەمە لەكاتێكدایە دەنگۆی ئەوە هەیە كەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سزای ئەو مامۆستایانە دەدات كەبایكۆت ناشكێنن و ناگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن بەوەی كەمامۆستای دیكە دەخاتە جێگایان، هاوڵاتی بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بەوەزارەتی پەروەردەوە كرد تا راستی و دروستی بابەتەكە بۆ وەرگرانی بگوازێتەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ جۆرە لێدوانێك بدەن و رایانگەیاند كە هەر شتێك هەبێت بەبەیاننامەی فەرمی و راگەیەندراو بڵاویدەكەنەوە «بۆیە دەنگۆو قسەی ناو بازاڕ هیچ گرنگییەكی نییە».
هاوڕێ ئەحمەد، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: مامۆستایان خۆیان بڕیاری بایكۆتیان داوەو پشتگیرییان دەكەین، مامۆستا خۆی دەبێت نەچێتە ژێر باری بایكۆت شكاندن و نەچێتەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەو مامۆستایانەش كەچوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن زۆربەیان ناڕازین تەنها كەمینەیەكیان كەڕۆژی یەكشەممە چوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن و چەند مامۆستایەكی كەم بوون رۆیشتوون و گەڕاونەتەوە چونكە قوتابی كەم رۆیشتووە.
وتیشی: پێویست بەوە ناكات كەس پێمان بڵێت بایكۆت بشكێنین یان نا، دەسەڵات دەبێت كار لەسەر ئەوەبكات كە مافەكانمان بۆ دابین بكات، چونكە ئەوە گرێبەستێكە لەنێوان حكومەت و مامۆستایاندا كە لەبەرامبەر ئەركێكدا مافی خۆی پێبدات كەئەویش ٣٠ رۆژ جارێك موچەیە هەر كاتێك دەسەڵات ماف ناداتە مامۆستا یان هەر فەرمانبەرێك ئەویش هەقی خۆیەتی دەوام نەكات و بۆشی نییە سزای بدات.
سەبارەت بەدابەشبوونی رای مامۆستایانی ناڕازی هاوڕێ ئەحمەد وتی: راست نییە دەوترێت مامۆستایانی ناڕازی بوونەتە دوو بەرەوە، بەشێك لەبرادەران پێیان باشبوو كەیەكشەمە خۆپیشاندان نەكرێت و چەندڕۆژێك دوابخرێت، ئەنجومەنی سەرتاسەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕینیش لەگەڵ ئەوەدابوون یەكشەممە خۆپیشاندان بكرێت، دەكرێ بۆچوونی جیاواز هەبێت، بەڵام دژایەتی نییە چونكە ئامانجمان یەكێكە ئەویش گەیشتنە بەمافەكانمان.
«هەروەها چارەسەری بارودۆخی وانەبێژانیش بكرێت كەكۆڵەكەی پەروەردەن ئەوانیش دابمەزرێن و موچەو پلەبەرزكردن بكرێتەوە، چەندینجاریش ئێمە لەبەر منداڵی خەڵك چووینەتەوە هۆڵەكانی خوێندن و بۆ ئەوەی خوێندن بەردەوام بێت و ئایندەی قوتابیان نەفەوتێت، بەڵام بەداخەوە حكومەت هەنگاوێكی جددی نەناوە بێتە سەرخەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە روومان لەبەغدایەو داوامان كردووە بخرێینە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و هەژمارمان لەبانكە حكومییەكانی عێراقدا بۆ بكرێتەوە وەك هەموو هاووڵاتییەكی عێراق». هاوڕێ ئەحمەد وای وت.
ئەو مامۆستا ناڕازییە وتیشی: لەمێژووی مرۆڤایەتیدا نەبووە ماوەی ١٠ ساڵ دەسەڵاتێك مووچە پاشەكەوت بكات بۆ فەرمانبەرەكانی و پلە بەرزكردنەوەی راگرتبێت و بشڵێت دەبێت دەوام بكەن، دڵمان ژان دەكات بۆ قوتابییەكانمان و بەهیچ شێوەیەك پێمان خۆش نییە قوتابییەكانمان لەماڵەوەن و ئێمە لەگەڵیاندا نین، بیریان دەكەین و دەیان جار قوربانیمان داوە بەژیانی خۆمان، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە كە ئەمەی دەوێت.
عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەهیچ شێوەیەك مامۆستایانی ناڕازی نەبوونەتە دوو بەرە، تەنها چەند مامۆستایەك پێیان باشبوو كە رۆژی یەكشەممە كاتی خۆپیشاندان نییەو دەگونجێت چۆڵ بێت و ببێتە كارێك كەبایكۆت بشكێت، بەڵام خۆشبەختانە خۆپیشاندانەكە گەورە بوو و دەگونجێت، ئێستا ئەوانیش بۆچوونیان گۆڕابێت كەخۆپیشاندانەكەی رۆژی یەكشەممەیان بینی و شتەكە تەنها جیاوازی لەبیرو بۆچوونێكدا بووە.
ئەو مامۆستا ناڕازییە وتیشی:پێمان وایە بایكۆتی ئەو قوتابخانانەش كەشكاوە تەنها كات بەڕێكردنە، دەتوانم بڵێم لەپارێزگای سلێمانیدا رێژەی دەوام ٩٩%ی بایكۆتەو ژمارەیەكی كەم لەقوتابخانەكان دەوامیان تێدا دەكرێت.