پۆستی قایمقام و پارێزگاری سلێمانی ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
بەپێی بڕیارێكی حزبی، ئاڵوگۆڕ لەپۆستەكانی قایمقام و پارێزگاری سلێمانیدا دەكرێت، ئاوات محەمەد قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا كەئامادەیە ببێتە پارێزگارو بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەهەرجێیەك بێت خزمەت بەخەڵكی سلێمانی دەكات، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نییەو بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی ناوبراو نایەوێت ببێتە قایمقام و لەحاڵەتی جێبەجێكردنی ئاڵوگۆڕەكەدا دەچێتەوە سەر كارەكەی پێشووی خۆی كەپلەی مامۆستاییە لەزانكۆی سلێمانی.
لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بڕیارە ئاڵوگۆڕ لەپۆستەكانی قایمقام و پارێزگاردا بكرێت، ئاوات محەمەد قایمقام بخرێتە شوێنی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، هەروەها دكتۆر هەڤاڵ بكرێتە قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر ئامادە نییە ئەو پۆستە وەربگرێت و بڕیاریداوە پاش جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكە، بچێتەوە سەركارەكەی پێشووی كەمامۆستاییە لەزانكۆی سلێمانی.
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەیەكێتی دەیەوێت دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی دووربخاتەوەو كۆتایی بەو ماوەیە بهێنێت كە بۆ پۆستەكەی دكتۆر هەڤاڵ درێژكراوەتەوە، لەجێیدا ئاوات محەمەد قایمقامی ئێستای سلێمانی بكاتە پارێزگار، لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد بەهاوڵاتی وت «جارێ نەبووەتە رەسمی، تەنها دەنگۆیەكەو بیستوومانە، هیچ نووسراوێك یان ئاگاداركردنەوەیەكمان پێنەگەیشتووە، هەركات ئاگاداركراینەوە ئەوكات ئامادەین بۆ هەر بەرپرسیارەتییەك بۆ خزمەتكردنی سلێمانی و هاووڵاتیانی پارێزگاكەمان».
هەڤاڵ ئەبوبەكر لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە 30ی نیسانی ساڵی 2014 توانی لەكۆی 359,600 دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان، 241,241 دەنگ بەدەستبهێنێت، پاش ململانێیەكی زۆری یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار، دواجار یەكێتی رەزامەندی لەسەر ئەوەدا كەناوبراو بكرێتە پارێزگارو لە رۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 2017 ئەو پۆستەی پێدراو تائێستاش لەسەر ئەركەكەی بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدڕاڵی، ئاڵوگۆڕكردنی ئەو دوو پۆستە لەڕێی رێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتییەوە دەكرێت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوە ئاگادار نەكراوەتەوە، لەوبارەیەوە هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەكێتی بەهاوڵاتی وت «ئەو گۆڕانكارییە لەڕێی مەڵبەندی سلێمانی و باژێروای گۆڕانەوە دەكرێت، تائێستا ئێمە هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووەو بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە كارەكانمان راگیراوە».
تائێستا ئاشکرا نەبووە کە کەی ئەو گۆڕانکارییە دەکرێت، بەڵام بەپێی وتەی چەند سەرکردایەتییەکی یەکێتی کەنەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ئەوەیان بۆ هاوڵاتی خستەڕوو کەبڕیارەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێبەجێ دەکرێت و کاتەکەی دیارنییە.
رۆژی 24ی مانگی سێپتەمبەری رابردوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، بۆ ئەوەش مۆڵەتی 60 رۆژ دیاریكرا تائەنجومەنی نوێی پارێزگاكان دیاریبكرێت، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو رووەوە نەنراوە، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «كاری ئێمە راگیراوەو تائێستاش هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دیاریكردنی ئەنجومەنی نوێ بۆ راییكردنی كاروبارەكان».
لەئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارە حزبییەكە بۆ ئاڵوگۆڕی هەردوو پۆستەكە، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر نایەوێت ئەركەكەی ئاوات محەمەد بگرێتە ئەستۆ، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەپارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر بەگونجاوی نازانێت ببێتە قایمقام، ئەو لەبەرنامەیدایە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی پێشووی خۆی و جارێكی تر وەك مامۆستا لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی دەستبەكارببێتەوە».
لەگەڵ ئەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی بكات، بەڵام قایمقامی سلێمانی نەیشاردەوە كە ئامادەیە بۆ ئەوەی هەر ئەركێك هەبێت پێی بسپێردرێت، لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد بەهاوڵاتی وت «هەر ئیشێك خزمەت بەخەڵك بكات، ئامادەم بیكەم و بەئەركی سەرشانی خۆشمی دەزانم. هیچ شتێكم بەڕەسمی پێم رانەگەیەنراوە، بەڵام كەپێم وترا بێ دوودڵی لەخزمەتی خەڵكدا دەبم بەتایبەت ئەركێك كە لەنەتیجەدا خزمەتی خەڵك بكات. هەروەها من دواجار مۆزەفم لەهەر شوێنێك ئەركم بدەنێ من ئامادەم جێبەجێی بكەم. من لەگەڵ جەنابی پارێزگار وەك دوو براو دوو هاوڕێ ئیشەكانی خۆمان دەكەین و هیچ كێشەیەكیش لەنێوانماندا نییە، بەپێچەوانەشەوە جەنابیان زۆر هاوكارمە لەجێبەجێكردنی ئەركەكاندا».
لەسەروبەندی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی سلێمانی لەساڵی 2014 دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لەدیبەیتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەشاری سلێمانی ئەوەی راگەیاند كەپاش هەڵبژاردنەكە پێویستە بەرپرسە گەندەڵەكانی هەرێم بەدوای ئیشدا بگەڕێن, وەك ئاماژەیەك بۆ لێپێچینەوەو سزادانیان لەحاڵەتی دەرچوونی وەك پارێزگاری سلێمانی، هەربۆیە یەكێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە كەوتنە دژایەتیكردنی ناوبراوو چەندین تۆمەت و ناتۆرەیان خستەپاڵی. بەڵام پێچەوانەی وتەو پێشبینییەكان دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر لەجێی رەزامەندی یەكێتیدا بوو هەربۆیە تائێستا لەپۆستەكەی بەردەوامە.