باب شەرجی؛ سیمایەک لەزبڵ‌و خاشاک لەوڵاتێکی دەوڵەمەند بەنەوتدا

نزیکترین شوێن لەگۆڕەپانی» تەحریر» شوێنی کۆبوونەوەی دەنگە ناڕازییەکانی عێراق، خەریکە دەبێت بەژێر زبڵ‌و باڵەخانەی رووخاوەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڤانە حەمە

باب شەرجی، یەکێکە لەناوچە کۆن و مێژووییەکانی بەغداد، بەڵام دوای زیاتر لەمێژوویەکی پێنجسەد ساڵی هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە دیار نیە، روو لەهەر گۆشەیەکی دەکەیت بەزبڵ و خاشاکێکی زۆر دەورە دراوە کەوەک « کێوێک لەزبڵ دەردەکەون».

سەرەڕای کۆنی باڵەخانەکانی کەڕەنگە مێژووی سەردەمی ئیمپراتۆری عەباسیەکانیشت بۆ بگێڕێتەوە، کەچی هیچ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاریەکی پێوە دیارنیە، باڵەخانەکانی کەهەندێکیان بەتەواوی رووخاون و هەندێکیان سەرەڕای نەگونجاوییان بۆ ژیان، بەڵام نرخێکی زۆریان هەیەو دانیشتوانێکی زۆری هەیە، ئەمەش وایکردووە ئەو گەڕەکانەی باب شەرجی دوای ئەو مێژووە پڕ ئاڵنگاریەی رووبەڕووی عێراق و بەتایبەتیش پارێزگای بەغداد بووەتەوە هێشتا بەپێوە بمێنێت.

باب شەرجی سەرەڕای کۆنی و ئەو ژینگە ناخاوێنەی هەیەتی، بەفرەنەتەوەییەکەی دانیشتوانەکەی ناسراوە، کوردانی فەیلی و تەنانەت خەڵكی سودانیشی تێدا دەژین. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بوونی مزگەوتی موسوڵمانەکان، کەنیسەی کریستیانەکان لەوانەش کەنیسەی ئەرمەنیەکان، گوزارشت لەبەشێکی دیکەی مێژووی ئەم ناوچەیەی بەغداد دەکەن.

ئەم ناوچەیە (باب شەرجی) بەهەریەک لەناوچەی سەوز، گۆڕەپانی تەحریر دەورە دراوە، کەئەمەش وایکردووە قەرەباڵغیەکی زۆر دروست ببێت لەم گەڕەکانە ئەوەش بەهۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لەپاس، تەکسی (توک توک) بۆ گەیشتن بەهەر گەڕەک و ناوچەیەکی بەغداد، هاوکات ناتوانرێت ئاماژە بەوە نەکرێت ئەو توك توكانەی باب  شەرجییان تەنیوە رێگەیان پێنادرێت بچنە ناوچەکانی مەنسور یان ناوچەی سەوز کەئەمەش وایکردووە بەسمبولی ناوچە کۆن و بێخزمەتەکانی بەغداد دابنرێت.

لەناو هەموو ئەو شوێنانەی کەکەوتوونەتە نزیک باب شەرجی گرنگترینیان گۆڕەپانی تەحریرە، چونکە ئەو گۆڕەپانە  بەسەکۆی دەنگە ناڕازیەکان و خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی دەناسرێتەوە  لەوانەش « خۆپیشاندانی بەرفراوانی تشرینیەکان» لەساڵی ٢٠١٩  کە داوای هەرە سەرەکییان چاکسازی و گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی بوو،  تێیدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزارانیش برینداربوون. لەگەڵ ئەوەی باب شەرجی تەنها چەند سەد مەترێک دوورە لەم گۆڕەپانە « تەحریر» بەڵام ئەوەش نەیتوانیوە تروسکاییەک بێت بۆ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانەکەی.

ئەم پشتگوێخستنەی ناوچەیەکی وەک باب شەرجی لەوڵاتێکدایە کەدوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ئۆپێک، بەڵام بێخزمەتی و کێوێک لەزبڵ بووەتە دیاترین سیمبولی ئەم ناوچەیە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار