پارتیو یەكێتی دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان گەرم بكەنەوە
هاوڵاتی ئەو تەوەرانە ئاشكرادەكات كە لەكۆبوونەوەی پارتیو یەكێتی لەپیرمام باس كراون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەمەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر (پیرمام)، كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بەڕێوەچوو، لەڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا كۆبوونەوەكەیان بەئەرێنی ناوبرد، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت نیەتیان هەیە كێشەكانیان لەگەڵ پارتی چارەسەربكەن.
بەشداربووانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆبوونەوەكە پێكهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی؛ مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی؛ فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینكی، پشتیوان سادق، مەحموود محەممەد، ئازاد بەرواری و دڵشاد شەهاب.
وەفدی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پێكهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی؛ قوباد تاڵەبانی، سەعدی ئەحمەد پیرە، عیماد ئەحمەد، شاڵاو عەلی عەسكەری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و رەفعەت عەبدوڵڵا.
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی غازو دۆسیەی حكومەت و دۆسیەی ئەمنیی و چەند دۆسیەیەكی دیكە گەرمترین باسی ناو كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بوون، بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسانەش كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی باڵا بووە، بەڵام تیایدا بڕیاری یەكلاییكەرەوە نەدراوەو جێهێڵدراوە بۆ كۆبوونەوەكانی دواتر.
لەڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیدا هاتووە:» رۆژی سێشەممە ٧ی ١١ی 2023، لەبارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی لەپیرمام، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان یەكێتیی و پارتی، ئەنجامدرا، لەكۆبوونەوەكەدا بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی و رەوشی هەستیاری ناوچەكە بەگشتی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پێكەوەكاركردن و پێویستی كۆكردنەوەی هێزو توانای سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان كردەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و داڕشتنی ستراتیژیەتێكی هاوبەش كەگونجاوبێت لەگەڵ رەوتی رووداوو گۆڕانكارییەكانی قۆناغەكەو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەكان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی گیروگرفتەكان بەئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كورستان».
بەپێی راگەیەندراوەكەی یەكێتی و پارتی «لەتەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، جەخت لەپاڵپشتیكردنی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، لەكۆتاییدا، بڕیاردرا كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێكی گونجاو دیاریكرا، شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوەكە لەكەشێكی ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو».
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەكە وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەنوسانی دایەوە، لەوەڵامی ئەوەی ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ئەوان وەكو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رۆژی هەڵبژاردنیان دیاریكردووەو هیوادارن لەوادەی خۆیدا بكرێت.
لەدوای جەنگی ئیسرائیل و حەماس كە لەحەوتـی مانگی رابردوو دەستیپێكرد، گرووپە چەكدارەكان هێزەكانی هاوپەیمانان لەبنكەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەنە ئامانج، شەوی دووشەممەش بەدرۆن هێرشكرایەسەر هێزەكانی هاوپەیمانان لەفڕۆكەخانەی هەولێر.
نێچیرڤان بارزانی كەسەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە لەبارەی ئەو هێرشانە رایگەیاند:هێرشەكانی سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لەهەولێر پێشهاتێكی زۆر مەترسیدارە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان. «داواكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەیە كە نابێت رێگەبدرێت ئەو هێزانەی لەدەرەوەی یاسان كێشە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دروستبكەن».
وتیشی:»ئەو كارانە نە هاوكاریی عێراق دەكات، نە دروستە ئەنجامبدرێن و بەرژەوەندییش لەوەدا نییە كەعێراق بچێتە ناو ئەو كێشانەوە».
لوقمان وەردی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بەهاوڵاتی وت: «دەتوانم جەخت لەوە بكەمەوە یەكێتی بڕوای نەگۆڕی بەوە هەیە كە ئەم قۆناغە سەختەی ڕووی لەهەرێم كردووە وێڕای ئەوەی دۆخی سیاسی نالەبارە دۆخی داراییش تەنگی بە خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵچنیوە، بۆیە پێمان وایە بەر لەمەترسی سیاسی مەترسی دارایی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم هەیە.»
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی وتیشی:»لەڕابردووشدا یەكێتی دەستپێشخەری كردووە بۆ چارەسەری كێشەكان گەواهیدەری ئەوەش بەشداری بافڵ تاڵەبانییە لەكۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی، ئێمە و پارتی كێشەمان هەیە تێڕوانینی جیاوازمان هەیە لەسەر زۆر شت لەسەر ئازادی ڕۆژنامەوانی و دادگاكان لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان و شێوازی خزمەتگوزاری و ئیدارەدانی حكومەت.»
«نیەتی یەكێتی ئەوەیە كۆی گرفتەكان لەگەڵ پارتی و كۆی لایەنەكانی دیكە چارەسەر بكات، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە هەموو پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی هەموو شارەكان نەك جیاوازی بكرێت، یەكێتی دەیەوێت گفتوگۆی راشكاوانە بكات بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.»
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی پێی وایە ئەو پرسانە دەبێت بەلێكتێگەیشتنی تەواو چارەسەر بكرێن، سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 7-11-2023 ی یەكێتی و پارتی، پێی وایە كۆبوونەوەكانی داهاتوو وەڵام دەرەوەن و ئاستی وەفدەكەش بە «باش» وەسف دەكات و دەشڵێت «كۆبوونەوەكە لەكەشێكی باشدا بەڕێوەچووە».
لەژمارەی هەفتەی رابردوودا، هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی بڵاوكردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، لەهەوڵی ئەوەدایە كە رێكەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان هەردوو حزب واژۆبكرێت و دواتریش كۆدەنگییەكی نیشتیمانی لەنێوان حزبەكانی تردا دروستبكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هاوڵاتی پەیوەندی بەجەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد ، بەڵام ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، هەرچەندە زانیاریەكانی هاوڵاتی رەتنەكردەوە.
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی پیرمام دوای چەند كاتژمێرێك لەكۆبوونەوە و پاش نانخواردنی نیوەڕۆ، یەكێتی و پارتی ئاستی كۆبوونەوەكەیان كردووەتەوە چوارقۆڵی و بەجیا هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پێكەوە كۆبوونەتەوە.