تیلیگرام و وەتسئەپ یاری بەبەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار دەکەن
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار ناجێگیرە، جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان ئەو نرخەی بانكی ناوەندی دیاریكردووە لەگەڵ بازاڕ، ئەمەش وایكردووە هاووڵاتیان و بازرگانان ترسیان لێ بنیشێت، بەتایبەت كەهۆشداری ئەوە دەدرێت ئەگەر بانكی ناوەندی رێوشوێنی نوێ نەگرێتەبەر سەرەتای ساڵی داهاتوو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر دەبێت بە 200 هەزار دینار، شارەزایەكی ئابوری پێی وایە حكومەتەكەی سودانی نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر بازرگانەكانی دۆلاردا، مامەڵەكارێكی دۆلاریش دەڵێت لەعێراق گروپی تیلیگرام و وەتس ئەپ یاری بەنرخی دۆلار دەكەن.
گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابووری و بانك، سەبارەت بەدابەزینی بەردەوامی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕاستیدا حكومەتەكەی سودانی نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ئەو بازرگانانەی دۆلاردا كەبازاڕیان شێواندووە، راستە سەرەتا هۆكارەكە سیاسی بوو، چونكە عێراق وڵاتێكی خاوەن نەوتەو نەوتەكەش بەدۆلار دەفرۆشێت و دۆلارەكەش دەچێتە بانكی فیدراڵی ئەمریكا».
وتیشی:»ئەوەی كەوایكردووە بەهای دۆلار بەبەرزی بمێنێتەوە، مامەڵەكان لەعێراق و هەرێمی كوردستاندا بەدۆلارن، بەڵام بەشێوازێك لەشێوازەكان لەناوەڕاست و خوارووی عێراق دینار زیاتر مامەڵەی پێوەدەكرێت، لەهەرێم هەموو مامەڵەكان بەدۆلارەو حكومەتی هەرێمیش نایەوێت مامەڵە ببێت بەدینار، چونكە لەبەرزی نرخی دۆلار قازانج دەكات، هەرچەندە هۆكاری سەرەكیش سیاسییە چونكە پارەكەی لەژێر دەسەڵاتی ئەمریكادایە، لەلایەكیش گروپە شیعەكان هەڕەشە لەسوپای ئەمریكا دەكەن».
«خاڵی دووەمیشیان بەشێك لەبازرگانەكانی دۆلار خاوەنی بانكن و سەرمایەكانیان لەوڵاتانی دراوسێوە بۆ هاتووە، چی ئاڕاستەی شیعە بێت یاخود، بۆیە دەسەڵاتی ئەو خاوەن بانكانە زیاترە لەدەسەڵاتی سەرۆكوەزیران و رۆژانە لەبانكی ناوەندی 100 دۆلار بە 132 هەزار دەكڕن و دەیفرۆشنەوە بەنرخی بازاڕ كەئێستا سەرووی 160 هەزارەو بەوەش قازانجێكی زۆر دەكەن، خۆشیان دۆلار فرۆشەكان دان بەوەدادەنێن كەتەنها دۆلاری كارتەكان دێتە ناو بازاڕەوە». گوڵاڵە سدیق وای وت.
وەك ئەو شارەزا ئابورییە دەڵێت:»خاڵێكی دیكەش ئەوەیە ئەو رێوشوێنانەی حكومەتی عێراق گرتوونیەتەبەر رێوشوێنی باش بوون، بەسیستەمكردنی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار، بەڵام گروپەكان رێگرن لەدابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، سەرەتا زۆر گەشبین بووم بەدابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، بەڵام ئێستا هیچ گەشبین نیم».
سەبارەت بەكاریگەری دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار، گوڵاڵە سدیق دەڵێت:»كاتێك دۆلار بەرزدەبێتەوە ئێمە لەبەرئەوەی وڵاتێكی هاوردەكارین، هەموو ئەو بازرگانانەی لەڕاستیدا بەسەكۆی ئەلكترۆنی دۆلار دەكڕێت بە 132 هەزار، بەڵام كاڵاكان بەنرخی بازاڕ بەهاووڵاتیان بەدۆلار دەشكێننەوە، كاتێكیش مووچەخۆر بەدینار مووچە وەردەگرێت و دۆلار بەرزە هێزی كڕینی لەبازاڕ كەمدەبێتەوە، ئەوەش قەیران تووشی بازاڕ دەكات».
د.ئیدریس رەمەزان، شارەزای ئابووری پێی وایە «بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار لەدەست بانكی ناوەندی عێراق دەرچووە».
د.ئیدریس رەمەزان بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد «بەهۆی ئەو شەڕەوە، خەڵكی زۆر هەوڵی راكێشانی دۆلار دەدەن، بەتایبەتی لەئیمارات و وڵاتانی دیكە، ئەوەش رێژەی داواكاری لەسەر دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەراورد بەپێش شەڕەكە، لەناوخۆی عێراقیشدا، سەرەڕای هەوڵەكانی بانكی ناوەندی بۆ دابەزینی بەهای دۆلارو بەرزكردنەوەی بەهای دینار، بەڵام وەكو دەبینین نێوانی نرخی فەرمی لەگەڵ نرخی بازاڕ زیاترە لە 30 هەزار دینار، ئەوەش دەریدەخات، ئەو پرسە لەكۆنتڕۆڵی بانكی ناوەندیدا دەرچووە».
بەوتەی ئەو شارەزایەی ئابووری «زەرەرمەندی یەكەم لەدابەزینی بەهای دینار، ئەو چین و تووێژانەن كەسەرچاوەی داهاتیان تەنیا دینارەو سنووردارە، بەتایبەتی مووچەخۆران.
لەڕێكەوتی 19ی تەمموزی 2023 بەهۆی حەواڵەكردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە سزادراون، ئەمەریكا سزای بەسەر 14 بانكی عێراقیدا سەپاندو لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نرخی 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە بۆ سەرووی 150 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق رۆژانە دەوروبەری 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت و هەر 100 دۆلارێكیش بە 132 هەزار دینار ، دەدات، بەڵام ئاڵوگۆڕكارانی دراو دەڵێن پارەكە بۆ حەواڵەیەو دەچێتە دەرەوە و بۆ ناوخۆ نییەو ئەوەش هۆكاری سەرەكیی نزمیی بەهای دینارە.
هاوڵاتی بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەو بابەتە چووە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی و لەچەند ئاڵوگۆڕكارێكی دراویشی لەهەولێر پرسی، بەشێكیان باس لەوەدەكەن ئەو دۆلارەی رۆژانە بانكی ناوەندی بۆ حەواڵە دەیخاتەڕوو تەنها ژمارەیەو بەشێك لەبازرگانان كاتێك دەیانەوێت پارە حەواڵە بكەن ناتوانن، واتە ئەو بڕەی وەك حەواڵە بانكی ناوەندی دەیخاتەڕوو راست نییە.
ئیسماعیل محەمەد، یەكێك لەئاڵوگۆڕكارانی دراو لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت:»هۆكاری بەرزی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ئەوەیە بانكی ناوەندی لەیەك هەفتەدا بڕی كاشی كەمكردووەتەوە، هەرچەندە حەواڵەی زیادكردووە، بەڵام بازاڕی تێر نەكرد، جگە لەوەش بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانەی لەدوای سەری ساڵەوە پارەی كاش نانێرنە بازاڕەوە نیگەرانی لای ئەو كەسانە دروستكرد كەپارەی عێراقییان هەیە».
وتیشی:»بۆ چارەسەری ئەو دەردە پێویستە ئەو كاشەی لەبەردەستیەتی رێگەی پێدراوە بیخاتە بازاڕ دەبێت میكانیزمەكەی بگۆڕێت نەیدات بەو بانكانەی سەر بەبانكی ناوەندین، چونكە لەڕاستیدا ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەوان، ناكەوێتە بازاڕ، ئەگەر بشكەوێتە بازاڕ ئەوەندە بەزەحمەت دەیخەنە بازاڕ 20٪ی ناكەوێتە بازاڕەوەو هەڵاوسان دروستدەبێت چونكە داخوازی زۆر دەبێت لەسەر دۆلار».
«زیاتر لە 10 مانگە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو پارەیان خەواندووەو بانكی ناوەندی دەبێت پارەی كاشیان پێبدات بەڵام پارەیان پێنادات، ئەمەش وایكردووە بەهای دینار بەردەوام بێت لەدابەزین بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی». ئیسماعیل محەمەد لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی وای وت.
بەوتەی ئەو ئاڵوگۆڕكارەی دراو لەبازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی»هۆكاری بەرزبوونەوەی بەردەوامیی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ئەوەنییە كەدەچێتە دەرەوە، بەڵكو ئەو گروپانەن كەبەشێكیان لەواتس ئەپ و تێلیگرامەوە شەوان یاری بەنرخی دۆلار دەكەن و سەر بەچەندین دەستەو گروپن».
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی:»بانكی ناوەندی عێراقی دەیەوێت پارەی كاش قەدەغە بكات، زیاتر پشتیوانی پارەدانی ئەلكترۆنی بكات، بۆیە بانكە تایبەتەكان ئەو كاشەی لەبانكی ناوەندی دەیكڕن بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران و سوریا بەكاریدەهێنن».
سەبارەت بەپێدانی دۆلار بەگەشتیاران، ئەو پسپۆڕە ئابووریە دەڵێت:»پارە نادرێتە گەشتیاران و بەهۆی ئەوەش خواستیان بۆ پارەی كاش زیاتر دەكات، ئێستاش قەیرانی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار نەختینە نییەو زیاتر تەكنیكیە، كەئەوەش بنەمای قەیرانی سیاسی و ئابورییە».
پێشتر ناسر ئەلكنانی پسپۆڕی ئابوری و بانک هۆشداری دابوو لەوەی بەهۆی خواستی زۆر لەسەر دۆلار رەنگە نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لەعێراق لەساڵی داهاتوو بگەیەنێتە 200 هەزار دیناری عێراقی، ئەگەر بەڕاستی رێوشوێنی پێویست تاكۆتایی ئەمساڵ نەگیرێتەبەر.
كنانی هۆكاری زیاتر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كەبانكی ناوەندی عێراق و حكومەتی عێراق بەبێ لێكۆڵینەوە رێوشوێنی پێشوەختە جێبەجێدەكات.
بەوتەی موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بانكی ناوەندی عێراق لەهەوڵدایە تاكۆتایی ئەمساڵ بەنیازن زنجیرەیەك چاكسازی رابگەیەنن بۆ كۆنترۆڵكردنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریكی، بەشێوەیەك ئەو نرخەی لەبانكی ناوەندی بۆ دۆلار كە بۆ هەر دۆلارێك هەزارو 320 دینارە جیاوازی زۆر نەبێت لەگەڵ بازاڕەكاندا.
عەلی توركی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایەكی جیاوازی هەیە، ئەو پێی وایە سێ هۆكار وایكردووە بەردەوام بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی داببەزێت، ئەو پێشی وایە هۆكاری یەكەم ئەو جەنگە ئابووریەیە كەئیدارەی ئەمریكا لەڕێگەی بانكی فیدراڵییەوە دژ بەحكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی دەستیپێكردووە كە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهێندراوەو دەیەوێت شكستی پێبهێنێت.
هۆكاری دووەمیش بەوتەی عەلی توركی شكستی بانكی ناوەندی عێراقە لەو رێوشوێنانەی رایگەیاندووە بەتایبەت بۆ پارەداركردنی بازرگانان كاتێك دوو هەفتە پارەدانیان دوادەخات ئەمەش دەبێتە كێشە بۆ ئەو بازرگانانەو ناچارن لەبازاڕ دۆلار بكڕن چونكە پەیوەستن بەگرێبەستی دارایی و هەر دواكەوتنێك دەبێتەهۆی زیانگەیاندن پێیان.
بانكی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێكی ئەمریكی لەهەزارو 180 دینارەوە بۆ هەزارو 460 دینار زیاد بكات، تاوەكو نزیكەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو تاوەكو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاندو دواتر بانكی ناوەندی بڕیاریدا نرخی هەر دۆلارێك لەهەزارو 320 دینار جێگیربكات.
سەرەتا كەنرخی هەر دۆلارێك لەهەزارو 180 دینارەوە بۆ هەزارو 460 دینار زیادكرا، دیناری عێراقی 22٪ی بەهاكەی بەشێوەیەكی فەرمی لەدەستدا، ئێستاش كەبەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەهەزارو 320 دینار جێگیركراوە بەڵام لەبازاڕدا هەر دۆلارێك لەسەروو هەزارو 660 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت، دیناری عێراقی زیاتر لە 40٪ی بەهاكەی لەدەستداوە، بەشێوەیەك لەكاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا 100 دۆلار لەسەرووی 164 هەزار مامەڵەی پێوەدەكرێت.