هاوڵاتی نوێترین زانیاری لەبارەی دۆسیەكەی كۆڕەك تیلیكۆم و داخستنی هێڵەكە بەڕووی هێڵەكانی دیكەدا بڵاودەكاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
چارەنووسی زیاتر لەحەوت ملیۆن بەشداربووی كۆڕەك تیلیكۆم كەكۆمپانیایەكی پەیوەندییە نادیارە، بەهۆی بڕیارێكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی عێراق، كۆمپانیاكەش لەیەككاتدا پەنا بۆ یاساو لایەنە سیاسییەكانیش دەبات بۆ چارەسەری ئەو قەرزانەی لەسەری كەڵەكە بووە.
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق 22ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، بەهۆی قەرزداریی و بەسەرچوونی مۆڵەتەوە، لەدژی كۆمپانیای كۆڕەك چەند بڕیارێكی دەركرد، بەپێی یەكێك لەبڕیارەكان فرۆشتنی كارتی باڵانس و سیمكارتی ئەو كۆمپانیایە قەدەغە دەكرێت، هەروەها داوا لەهاووڵاتییان دەكەن هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن، كۆڕەك تیلیكۆمیش بڕیارەكە بە نادادپەروەری وەسفدەكات و دەڵێت رێگای یاسایی دەگرنەبەر.
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی عێراقی، دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حكومەت و مەرجەعە ئاینییەكان داوەو ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوەی لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی بەرامبەری دەكرێت، نادادپەروەری و نایاساییە.
رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەكەمی 2023) كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:» بەردەوام بەهەموو بڕیارێكی دامەزراوە فەرمییەكان و یاساو رێنماییەكانی عێراق پابەندبووەو هیچ كەمتەرخەمییەكیان لەهەوڵەكانیان لەپێناو دانانی سنوورێك بۆ ئەو ناكۆكییانەی لەنێوان ئەوان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی هەیە نەكردووە».
كۆڕەك تیلیكۆم هەروەها باس لەوەدەكات «سەرەڕای ئەو ستەمە نادادپەروەر و نایاساییەی لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقییەوە بەرامبەریان دەكرێت، بەڵام بەردەوامن لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەهاووڵاتیان، هاوكات بۆ بەرگریكردن لەمافەكانی پەنای بردووەتەوە بەر دادگا».
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە، «هیچ لایەن و دامەزراوەیەك بۆی نییە بڕیار لەداخستنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بدات، چونكە خاوەنی زیاتر لەحەوت ملیۆن هاوبەشە، باوەڕی بەچارەسەركردنی هەر كێشەو ناكۆكییەك هەیە لەڕێگەی دەزگا فەرمی و دانوستانەكان بۆ گەیشتن بەچارەسەرییەك كەشیاوی جێبەجێكردن بێت، بۆ ئەو مەبەستەش باشترین بژاردە پەنابردنە بەر دادگایە، بەوپێیەی بێلایەن و جێی متمانەیەو پابەندە بەوەی دەیڵێت».
كۆمپانیای كۆڕەك لەبەشێكی راگەیاندراوەكەیدا تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی، «دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی وەكو پێویست پابەندی بڕیارو رێنماییەكانی دادگای عێراقی نەبووە، بەڵكو زێدەڕۆیی بەسەریاندا كردووەو بڕیاری نادادپەروەرانە دەردەكات و بەرامبەر بەكۆڕەك پیادەی هەڵسوكەوێتكی ستەمكارانە دەكات».
هەروەها كۆڕەك تیلیكۆم جەخت دەكاتەوە «سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دەستەی ناوبراوەوە بەرامبەری دەكرێت، بەڵام پابەندە بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی لەچوارچێوەو بەگوێرەی ئەو مۆڵەتەی بۆ كاركردن پێی دراوەو هەیەتی، كۆڕەك هەموو بەڵگەكانی پاراستووە، بەڵام كە بڵاوینەكردووەتەوە، بۆ ئەوە بووە بەخراپ بەكارنەهێندرێت و زیان بەبەرژەوەندییە گشتییەكان نەدات بەتایبەتی نەوەك بۆ سەر زمانە بیانییەكان وەربگێڕدرێت، تێڕوانین و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی لەسەر عێراق بەخراپ دەگۆڕێت».
كۆڕەك تیلیكۆم لەكۆتاییدا رایگەیاندووە «بۆ ئەوەی چارەسەری هەموو ئەو كێشانە بكرێت كە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی بەرامبەری دەكرێت، داوای لەسەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە، بڕیاربدەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی بێلایەن بۆ ئەوەی بەپشتبەستن بەبەڵگەكان، بەدواداچوون بۆ راستییەكان بكات.
رۆژی 8ـی ئایاری 2023، سیروان بارزانی خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، لەمیانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆمپانیای كۆڕەك یەكەم كۆمپانیای پەیوەندی بوو، كە لەساڵی 2000 دامەزرا.
وتیشی: «لەدوای ئازادكردنی عێراق، بڕیاردرا سێ مۆڵەتی GSM بدرێتە سێ كۆمپانیای عێراقی، ئەوانیش كۆمپانیای ئەسیر، عێراقوناو ئاسیاسێل بوو».
خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم هەروەها راشیگەیاند»دوای ئەو سێ مۆڵەتە، كۆمپانیای (پرایس وەتەر هاوس كۆپەر)ـی بەریتانی، لەعەممانی پایتەختی ئوردن سەرپەرشتی تەندەرێكی كرد، كەكۆمپانیای كۆڕەك لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لەو زیادكردنە ئاشكرایە بەشداربوون، كۆڕەك یەكێك لەمۆڵەتەكانی دانانی كۆمپانیای پەیوەندی بردەوە، وا بڕیاربوو ئەو كۆمپانیایەی كە لەو زیادكردنە ئاشكرایە دەرناچێت، بەشداربووەكان و كۆدەكانی بدرێتە كۆمپانیای براوە، كە كۆڕەك تیلیكۆم بوو».
خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، ئەوەشی خستەڕوو: «بڕیاردرا فریكوێنسەكان و لەگەڵ سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووی كۆمپانیای عێراقونا بەكۆڕەك بدرێت و دەستبەكاربن، لەیەكەم رۆژەوە دەستەی پەیوەندییەكانی عێراقی فریكوێنسەكانی بۆ كۆڕەك دابین نەكرد، شەش مانگ دوایخست و دواتر بەشێوەیەكی نایاسایی كۆدەكانی 0790 و 0779ی دا بەكۆمپانیای زەین و لەئەنجامدا بازاڕی پەیوەندییەكانی عێراقی بەیەكجاری شێواند».
خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، روونیكردەوە «ئەو مۆڵەتەی كەكۆمپانیای كۆڕەك پارەی پێدابوو، بۆ خاتری ئەوەبوو كەئەو بەشداربووانەو ئەو كۆدانەی پێبدرێت، بەڵام بەنایاسایی سەرۆكی ئەوكاتی دەستەی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراقی، چوو بۆ ئوردن بڕیاریدا بەپێدانی سەرجەم بەشداربووان و كۆدەكان بەكۆمپانیای زەین».
سیروان بارزانی، لەدرێژەی قسەكانیشیدا، وتبووی: «لە 2014ـەوە كەمافی خۆمانە، ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووانە لەگەڵ كۆدی 0790 نەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای كۆڕەك، ئەوا كۆڕەك پابەندنابێت بەوەی 370 ملیۆنی پشكەكان بداتەوە، دەستەی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق، دوای 10 ساڵ بڕیارەكە جێبەجێ ناكات و مافمان نادەتەوە كەهەقی خۆمان بوو، هەروەها ئێمە چوینە دادگای عێراقی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، كەپێویست بوو جێبەجێبكرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێیانن نەكردووە».
سیروان بارزانی، باسی لەوەشكردبوو «ئەو 800 ملیۆن دۆلارە، شتێكی ناڕەواو نایاساییە لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك سەپێندراوە، كۆمپانیای كۆڕەك لەڕێگەی دادگاو حكومەتەوە پەنای بۆ چارەسەری كێشەكان برد، بەڵام كێشەكانیان چارەسەرنەكراو مافەكان بۆ كۆڕەك نەگەڕایەوە».
لەبەرامبەردا وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:»بەهۆی بەسەرچوونی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك، لە 30ـی ئابی 2022ـەوە، هەروەها نەدانەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەی كەقەرزە لەسەر كۆمپانیاكە تا ئەم ساتە، سەرەڕای ئەو هەموو دانوستان و دیالۆگانەی لەگەڵ كۆمپانیاكەدا ئەنجامدراوە، رای گشتی عێراق لەم چەند بڕیارەی خوارەوە ئاگادار دەكەینەوە.
یەكەم: كۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لەوەزارەت رێنمایی دا، فرۆشتن و بازرگانی هەر سیمكارتێكی نوێی سەر بەكۆمپانیای پەیوەندییەكانی كۆڕەك رابگیرێت.
دووەم: داوا لەهاووڵاتیان دەكەن هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن.
سێیەم: دەسەڵات دڵنیایی دەداتە بریكارەكان و خاڵەكانی فرۆشتن كەهیچ پشكێكی نوێی كۆمپانیاكە نەفرۆشن و بازرگانییان پێوە نەكەن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییان لەسەر دەبێت.
چوارەم: بۆ رای گشتی رادەگەیەنین كەكۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەت لەپرۆسەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی پەیوەندی لەوڵاتدا كاردەكات، لەدوای دەرچوونی ئەم راگەیاندراوەوە ماوەی 10 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بەكۆمپانیاكە بۆ دانەوەی قەرزەكانی.
جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی رابڕوودا پێگەی ئینتیڵیجێنت ئۆنلاین بڵاویكردبووەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لەپاریس سكاڵایەكی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم یەكلایی كردەوەو بەپێی بڕیارەكەش، دەبێت هەرێم بڕی یەك ملیار و 650 ملیۆن دۆلار بداتەوە بەكوەیت لەبری قەرزەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم.
هاوكات سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەهاوڵاتی وت:»بەهیچ شێوەیەك رێگەمان پێنادرێت لەبارەی ئەو قەرزانەوە لێدوان بدەین كەهاتووەتە سەر كۆمپانیاو تەنانەت ئێستا وتەبێژی فەرمی كۆمپانیاش وەڵامی پەیوەندییەكان ناداتەوە».
وتیشی:»لەیەككاتدا كۆمپانیا لەڕێگەی یاسایی و سیاسیشەوە لەگەڵ لایەنەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەی سەریهەڵداوە» و ناکرێت ئەو کێشەیە هەروا بمێنێتەوە کە کۆمپانیایەک خاوەنی عەوت ملیۆن بەشداربووبێت و هێڵەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر بپچڕێت.
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە كرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوون لەبارەی قەرزەكان و هەوڵی ناوبژیوانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان قسە بكەن.
دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە سەر بەژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە، لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای «تیلیكۆم عێراق» كە كۆمپانیایەكی سەر بەكۆمپانیای «ئەجیلیتی»یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی كۆمپانیاكە تۆماركردووە، بڕیاریداوە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار وەك قەرەبوو بدەن بەكۆمپانیاكە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەش چەند میدیایەك ئەوەیان بڵاوكردەوە كەحكومەتی هەرێم لەساڵی 2007ەوە بووە بەكەفیلی كۆمپانیای كۆڕەك، بەڵام هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.
لەبارەی ئەگەری زیانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و كۆمپانیاكانی دیكە بەهۆی راگیرانی پەیوەندی كۆمپانیاكانی دیكە بەكۆڕەكەوە، سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەهاوڵاتی وت:»لەدەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان نووسراومان بۆ هاتووەتەوە ئەركە لەسەرمان دەبێت فەرمانەكەیان جێبەجێبكەین هەر لەو رۆژەوە یەكسەر جێبەجێمان كرد، پەیوەندی كۆمپانیاكەمان لەگەڵ كۆڕەك پچڕاند».
سەرچاوەكە رەتیشیكردەوە كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەو هۆیەوە هیچ زیانێكی پێگەیشتبێت، لەبەرئەوەی بەشداربووەكانی «خۆمان لەوە زیانمەند نەبوون، لەڕووی بازرگانییەوە هیچ زیانێك بەئاسیا ناكەوێت.»