لەدهۆك هەر كەسێك دایك و باوكی خۆی بەخێونەكات سزادەدرێت
خانەی بەساڵاچووانی دهۆک ناتوانێت چیتر بەساڵاچووان وەربگرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی دهۆك بڕیاریداوە لەمەودوا هەركەسێك دایك و باوكی خۆی بەخێو نەكات، رووبەڕووی یاسا بكرێتەوە و سزا بدرێت، چونکە خانەی بەساڵاچووانی دهۆک توانای وەرگرتنی بەساڵاجووی تری نییەو شوێنەکەی بچووکە.
شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند، «لەئێستادا دەستمان بەدانانی پرۆسەیەكی تازە كردووە بۆ وەرگرتنی كەسانی بەساڵاچوو، بڕیارێكی تازەمان دەركردووە لەمەودوا هەر منداڵێك نەتوانێت دایك و باوكی خۆی بەخێوبكات، سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەكەین و رووبەڕووی دادگای دەكەینەوە، رێنمایی دیكەش هەن بۆ خانەی بەساڵاچووان كەپێویستە ژنان لەتەمەنی 55 ساڵیداو پیاوان لەتەمەنی 60 ساڵیدا وەربگیرێن».
بەپێی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 11ی ساڵی 1969 لەسەر منداڵەكانە دایك و باوكیان بەخێوبكەن.
«هەركەسێك بیەوێت باوكی یان دایكی ببات بۆ خانەی بەساڵاچووان پێویستە لەڕێگای رێنماییە تازەكان بێت، هەروەها ناتوانین ئەو كەسانە وەربگرین كەنەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وەك ئیفلیجی مێشك و سەرع و بیركۆڵی» شێرزاد حەمید وای وت.
بەهۆی بچووکی شوێنەکەوە، خانەی بەساڵاچووانی دهۆک ناتوانێت بەساڵاچووی تر وەربگرێت، بەڵام ئەگەر رێنماییەکان کەمبکرێنەوە ئەوا بەساڵاچووی زۆر دەهێندرێن بۆ خانەی بەساڵاچووان. بەهۆی بچووكی شوێنەكەو چەند هۆكارێكی تر لەدهۆك مەرجەكانی وەرگرتنی بەساڵاچووان قورسكراون .
شێرزاد حەمید لەسەر وەرگرتنی بەساڵاچووی نوێ دەڵێت، «ئێمە تووشی ئیحراجی و كێشەیەكی گەورە بووینەتەوە لەسەر وەرگرتنی بەساڵاچوو، لەئێستادا توانای وەرگرتنی بەساڵاچوومان نەماوە، ئەوەش بەهۆی بچووكی شوێنەكە، ئەگەر دەرگای وەرگرتن بكەینەوە یاخود توزێك ئاسانكاری لەمەرجەكانی وەرگرتنیان بكەین ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك داوادەكەن دایك و باوكیان وەربگرین».
لەسنوری پارێزگای دهۆك تەنها یەك خانەی بەساڵاچووان هەیە، ئێستا 26 هاووڵاتی بەساڵاچوو لەخانەی بەساڵاچووانی دهۆك دەژین، كە 12 كەسیان ژن و 14شیان پیاون.
سەعدی شەعبان، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی دهۆك بەوەكالەت بەهاوڵاتی راگەیاند، «لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا سێ بۆ چوار كەسمان وەرگرتووە، خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن، بەڵام ئێمە ناتوانین کەس وەربگرین، ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێن، لەئێستادا شوێنی باوکانمان نەماوەو تەنها توانای وەرگرتنی سێ بۆ چوار ژنی ترمان هەیە».
«رۆژانە سێ ژەم خواردنیان بۆ دابیندەكرێت لەگەڵ كڕینی جلوبەرگ، هاوكات بەردەوام چاودێریی تەندروستییان بۆ دەكرێت و ئەگەر پێویستیش بكات بەئەمبوڵانس دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوانەی ئێستا وەرمانگرتوون نیوەیان رەگەزنامەیان پارێزگای موسڵەو بەشەكەی تر خەڵكی سنوری پارێزگای دهۆكن « سەعدی شەعبان وای وت.
خزمەتگوزارییەکان تەنها لەلایەن حکومەتەوە دابین ناکرێت، بەڵکو بەشێکی لەلایەن خێرخوازانەوەیە.
سەعدی شەعبان لەسەر خزمەتگوزارییەکان دەڵێت، «ئەو خزمەتگوزارییانەی رۆژانە بۆ بەساڵاچووان دابینی دەكەین لەسەدا 35 بۆ 40 خێرخوازان بۆمان دابیندەكەن ئەوەی تر حكومەت، ئەوەی لەتواناماندا بێت بۆیان دەكەین، چونكە هەموویان بەكەسوكاری خۆمان دەزانین، بەڵام وەرنەگرتنی ژمارەیەك بەساڵاچووی تر پەیوەندی بەبیناكەوە هەیە كەزۆر بچووكە».
هەڵات حەسەن، پارێزەرێکە لەشاری دهۆك و باس لەوەدەکات بەپێی یاسا دەبێت دەوڵەت مافەکانی بەساڵاچووان دابین بکات.
«بەپێی یاسای ژمارە 126ی ساڵی 1980 ئاماژە بەوەكراوە كەدەبێت دەوڵەت مافەكانی بەساڵاچوو و خزمەتگۆزارییەكانی ئابووری و پێداویستییەكان بگرێتەئەستوی خۆی، لەڕووی شەرعی ئایینی ئیسلامیش زۆر گرنگی بەم پرسە دراوە كەدەبێت منداڵەكان بەباشترین شێوە دایك و باوكی خۆیان بەخێوبكەن، بەپێچەوانەوە تووشی گوناهێكی گەورە دەبن «، هەڵات حەسەن وای وت.
هەڵات حەسەن دەشڵێت، «تائێستا هیچ كەیسێكم بۆ نەهاتووە كەمنداڵ دایك یان باوكی خۆی بەخێونەكات، یان بەزۆر بیباتە خانەی بەساڵاچووان، چەند هۆكارێك هەن تاوەكو ئەو بە ساڵاچووانە پەنا بۆ خانەی بەساڵاچووان ببەن، یەكەم هەندێكیان لەبنەڕەتدا هیچ منداڵێكیان نیە یان بێ كەسوكارن، دووەم هەندێكیان منداڵەكیان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووەو بەتەنیا ماونەتەوە، سێیەم لەوانەیە خێزانی پیاوەكە باوكی یان دایكی هاوسەرەكەی خۆی بەخێونەكات، ئەمانەو چەند هۆكاری تر وادەكەن كەئەو بەساڵاچووانە لەو خانانە بژین «.
سەبارەت بەدروستکردنی شوێنی گونجاوترو فراوانتر بۆ بەساڵاچووان شێرزاد حەمید دەڵێت، «پارچە زەویەكمان دابینكردووە بۆ دروستكردنی بینایەكی تازە بۆ بەساڵاچووان، چەند خێرخوازێك هاتوونەتە لای ئێمە تا خۆیان دروستی بكەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، زۆر پێویستمان بەبینایەكی تازەیە چونكە خەڵك بەردەوام سەردانمان دەكەن بۆ وەرگرتنی دایك و باوكیان «.