zhyr

حکومەتی بەریتانیا بەنیازە بڕیارێکی نوێ لەسەر پەنابەرانی کورد لە وڵاتەکەی دەربکات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێکی کورد بە نایاسایی روو لە بەریتانیا بکات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بکاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی کە "سەلامەتن."

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە "سەلامەتن" بەمەش رێکارەکان بۆ وەزارەتی کۆچی بەریتانیا ئاسان دەکات تا هەر پەنابەرێک روو لە بەریتانیا بکات دەستبەجێ دیپۆرتی بکەنەوە. 

بەپێی رۆژنامەکە، ئەم پلانە وەک بژاردەی دووەم سەیر دەکرێت لە حاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا کۆبوونەوەی لەسەر بکات. 

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی کۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا کۆتایی ئابی، چوار هەزار کەس بوون کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب، هەزار و 774 کۆچبەری بە نایاسایی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا. 

رۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت، وەزارەتی کۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە داوای لێکراوە لێکۆڵێنەوە لە ئاسانی ئەو کارە بکات کە ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوکردنی ئەوەی کە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و داواکانیان رەتکراوەتەوە کوردن.

رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، رۆبێرت یەنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار