یەكێتی دڵنیایە سكاڵاكەی ئەنجامی دەبێت و پارتی بڕیاردانی هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی
هاوڵاتی دوایین زانیاری لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدادگای فیدراڵی دەخاتەڕوو
12 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
چوار ساڵە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش كۆتاكان ناكۆكن، ئێستاش لەچاوەڕوانی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەكێتی پێی وایە پێكهاتەكان لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێندرێن، بۆیە سكاڵای لەسەر كورسی كۆتاكان ئەنجامداوە، پارتیش قسەكردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، توركمانەكانیش سكاڵاكەی یەكێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێكدەدەنەوەو پەنایان بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵی وڵاتان بردووە.
لەڕۆژی 2-5-2023 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیستی رافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكیان لەدژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو تۆماركرد، لەسكاڵاكەدا داوا دەكەن هەمواری ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی هەموارەكە هەڵبوەشێتەوەو بگەڕێنرێتەوە سەر بنەڕەتەكەی.
زیاد جەبار، وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان سكاڵاكەی تۆماركردووەو پاشانیش ئامانج شەمعون وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری كریستیانەكان بەهەمانشێوە سكاڵای لەسەر یاساكە تۆمار كردووە.
زیاد جەبار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو سكاڵایە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمەو بەهیچ شێوەیەك دژی هیچ پێكهاتەو لایەنێك تۆمار نەكراوە، چوار ساڵە ئێمە لەهەوڵداین كێشەی كۆتاكان چارەسەر بكەین كە لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریاندەهێنێت».
وتیشی:»پێشتریش بەتوركمانەكانمان وتووە نابێت رێگەبدەن هیچ لایەنێكی سیاسی بەكاریان بهێنێت، بەڵكو خۆیان بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لەپەرلەمانی كوردستان، سكاڵاكەش تەنها لەسەر كورسی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو بەشێكی لەسەر ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانە».
«لەعێراق بۆ هەر 100 هەزار كەسێك یەك نوێنەر دەچێتە پەرلەمان، بۆیە پێویستە لەهەرێمی كوردستانیش بەوشێوەیە بێت، دووان لەماددەكانیش پەیوەندی بەكۆمسیۆن و بایۆمەتری و كارتی دەنگدانەوە هەیە، بەڵام پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درایە دەست كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو سكاڵایانەی پەیوەستە بەو پرسانەوە كۆتایی هاتووە». زیاد جەبار وای وت.
ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق لەدانیشتنی داهاتوو كەدواخراوە بۆ 3-12-2023 سكاڵاكە پەسەندبكات، ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسییەوە دەبێتە 105 كورسی، بەوەش كورسی توركمانەكان و كورسییەكی ئەرمەنەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێتەوەو تەنها پێنج كورسی پێكهاتەی مەسیحیەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەمێنێتەوە.
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی توركمان و ئەندامانی پەرلەمان لەلیستی توركمانی كرد لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە.
بەڵام مونا قەهوەچی، كە لەسەر لیستی كۆتای توركمانەكان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وەك سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربوو، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی لایەنە توركمانەكانی سەبارەت بەسكاڵاكەی یەكێتی لەدادگای فیدراڵی راگەیاند.
قەهوەچی لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا دەڵێت:» دەرئەنجامی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە توركمانیەكان و رێكخراوەكانی توركمان ئەوەیە كەگرنگە سیستەمی كۆتا وەك خۆی بمێنێت و پاشەكشێی لێنەكرێت، جگە لەوەی لایەنە توركمانیەكان لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردین لەوكاتەی دیاریكراوە بەڕێزگرتن لەڕاو بۆچوون و مافی پێكهاتەكان».
سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتیشی:»داوای هاوكاری و پشتیوانی لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كەڕێگە نەدەن رۆڵی پێكهاتەكان لەهەرێمی كوردستان بچووك بكرێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن نابێت مافیان پێشێل بكرێت».
«سیستەمی كۆتا لەلایەن توركمانەوە بۆیە قبوڵ كراوە چونكە تائێستا لەعێراق و هەرێمی كوردستان سەرژمێرییەكی گونجاو ئەنجام نەدراوەو رێژەی راستەقینەی پێكهاتەی توركمان دیارینەكراوە، بۆیە پێكهاتەی توركمان داوای پاڵپشتی و هاوكاری لەنەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵگەری سەرجەم وڵاتان لەهەرێمی كوردستان دەكات رێگری بكەن لەپێشێلكردنی مافی پێكهاتەی توركمان و رێگەش نەدرێت هیچ لایەنێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دەستتێوەردان لەمافی پێكهاتەی توركمان لەهەرێم بكات، هەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نەمانی كورسی كۆتای توركمان كۆتایی پێكهاتەی توركمانە، ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ناسنامەو مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسی نەتەوەیی توركمانە كەبەشێكە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان». مونا قەهوەچی وادەڵێت.
پێشتر سەبارەت بەبڕیارەكە، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كەدادگاكە دەیدات».
پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2005، یەك هەڵبژاردن كرا كەساڵی 1992 بوو. لەساڵی 2004 یاساكە هەمواركراو ماددەی 9ـی لادرا كەباسی لەوە دەكرد، «هەرێمی كوردستان لەچەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت بەمەرجێك لەچوار ناوچە تێنەپەڕێت»و كرایە یەك بازنەی هەڵبژاردن. ئەو ماددەیە یەكێكە لەو ماددانەی تانەیان لێدراوە.
بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە:
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
ماددەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان.
ماددەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بەكاندیدەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات، كە رێژەیەك ژنی تێدابێت لە 30% كەمتر نەبێت.
ماددەی 36: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سكاڵاكەی سەری كۆتایی هاتووە.
د.شۆڕش حەسەن، پسپۆڕی دەستووری پێی وایە دادگای فیدراڵی سەیری ئەوە دەكات كەئەو دەقە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوری عێراق یاخود نا، بەڵام هیچ شتێكی لەبەردەستدا نییە بۆ بڕیاردان.
ئەو پسپۆڕە دەستورییە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»دەستوری عێراق تەئكید لەوەدەكاتەوە كەدەبێت پەرلەمان هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پێكهاتەكان و ئەمەش لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو یاسا جێگیركراوە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سەرژمێرییەك نییە لەهەرێم ژمارەی پێكهاتەكان روون بكاتەوە، بۆیە دانانی پێنج كورسی بۆ توركمان رەنگە كەم نەبێت».
وتیشی:» پێویستە یاساكە وای لێبكرێت دیاری بكات لەناوچەیەك توركمان یاخود هەر پێكهاتەیەك چەند كورسییان پێویستە، بۆیە هەڵەی یاساكە ئەوەیە، جگە لەوەی 111 كورسی تەرخانكراوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، لەكاتێكدا ئەوە زۆرە چونكە تاژمارەی پەرلەمانتاران كەمتر بێت كاراتر دەبێت».
د.شۆڕش حەسەن دەشڵێت:» ئەوەی لەهەرێمی كوردستان بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە هەڕەمەكییەو پێویستە جارێكی دیكە یاساكە بگۆڕێت بەپێی سەردەم بگونجێنرێت، بۆیە بەڕای من لەهەر پارێزگایەك هەڵبژاردن بازنەیەك بێت باشترە تا خەڵك بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت و بۆ ساختەكاریش زووتر كۆنترۆڵ دەكرێت».
«لەهەرێمی كوردستان كێشەمان هەیە، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەریش كۆنن، چەندین جار هەمواركراون ئەمەش كەموكوڕییەكی گەورەیە پاش 30 ساڵ پێویستە یاسایەكی نوێ دابنێیت، ئەوەش فەوزایەكی تەشریعی دروستكردووە، ئەگەر پەرلەمانی نوێ لەهەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا پێویستە یەكەم كاری ئەوەبێت، جگە لەوەش نەبوونی دەستور كەموكوڕییەكی گەورەیە چونكە ئەگەر دەستور شتێكی دیاریكرد ناتوانرێت دەستكاری بكرێت و دەبێت بۆ هەموو كێشەكان بگەڕێیتەوە بۆ دەستور «. د.شۆڕش حەسەن وای وت.
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی دڵنیایە لەوەی سكاڵاكەی لەدادگای فیدراڵی ئەنجامی دەبێت و ئەوەشی بەپارتی راگەیاندووە تاپێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەبارەی كورسی پێكهاتەكانەوە رێككەوتن ئەنجامبدەن، بەڵام پارتی رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە هیچ رێككەوتنێك ئەنجامبدات و بەیەكێتی راگەیاندووە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن.
لەكۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی كوردستان، بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ 31-12-2023 درێژكرایەوە، لەكاتێكدا 6-11-2022 تەمەنی خولەكە كۆتایی دەهات.
رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بەنادەستووری دانا، بەگوێرەی بڕیارەكە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بەپووچەڵ دەژمێردرێن، لەناویاندا شەش یاساو بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، كە بەپێی بڕیارەكە، پارتی پێی وابوو كۆمیسیۆن كاراكراوەتەوە، یەكێتیش رەتی دەكردەوەو ئەمەش ناكۆكیی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد.
پێشتر سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات بۆ تۆماركردنی لیست و قەوارەكان، چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت».
رۆژی 19-11-2023، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: 38 پارتی سیاسی بۆیان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەو حزبانە بەشێكیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان هەیەو بەشێكی دیكەشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركراون.
وتیشی: لەو 38 حزبە 17 حزبیان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، هەروەها 21 حزبیشیان بەپێی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2015 تۆماركراون.