دادگای فیدڕاڵی سكاڵایەكی لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم رەتکردەوە
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای فیدڕاڵیی عێراق سكاڵایەكی رەتکردەوە کە داوای دەکرد شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا خەرج بکرێت بەپاساوی ئەوەی کە لایەنی سکاڵاکار کورد نییە و "هیچ بەرژەوەندییەکی لە سکاڵاکەدا نییە و زەرەرمەند نابێت."
سكاڵاكە لەلایەن مەحمود عگێلی ئەمینداری گشتیی حزبی ئوومەی عێراقییەوە لە دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق تۆماركرابوو کە تێیدا داوای دەكرد، حكومەتی عێراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی شایستە داراییە دواكەوتووەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە.
سکاڵاکە حكومەتی عێراقیش پابەند دەکرد بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا وەك فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق خەرج بکرێت.
بەپێی وتەی مەحمود عگێلی دادگای فیدڕاڵی پاساوی رەتکردنەوەی سکاڵاکەی ئەوە بووە کە لایەنی سکاڵاکار لە نەتەوەی کورد نییە و لە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەند نابێت.