بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژ جگە لەبێمووچەیی؛ نەخۆشیی درێژخایەنی خۆیانو منداڵەکانیان تەنگی پێهەڵچنیوون
12 مانگ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
«ژیانکردن لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزم ئاسان نییە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەو بەشێکە لەڕۆحی ئێمە، لەو باوەڕەدانییم هەموو کەس لەو راستییە تێبگات ژیانکردن لەگەڵ ئۆتیزم چەند قورسە، کوڕەکەم تەمەنی ١٠ ساڵەو لەسێ ساڵییەوە هەڵگری ئۆتیزمە»، ئەمە وتەی مامۆستایەکی وانەبێژە کەخاوەنی منداڵێکی ئۆتیزمەو تاوەکو ئێستا منداڵەکەی ئاسایی نەبووەتەوە.
ئاشتی عومەر مامۆستایەکی وانەبێژە کەگیرۆدەیە بەدەست ئۆتیزمی کوڕە تاقانەکەیەوە، ئەو تەمەنی ٣٣ ساڵەو دانیشتوی کەلاری کۆنە لەگوندێکی دورە دەست دەوام دەکات و مامۆستای وانەی کۆمەڵایەتییە.
ئاشتی قسەی بۆ هاوڵاتی کردووەو دەڵێت، تەنیا ئەو مووچەخۆرەو مووچەکەی ٤٥٠ هەزار دینارە، هاوسەرەکەشی کەتەمەنی ٤٠ ساڵە کاسبە.
ئاشتی لەسەر سەرەتای هەستکردن بەحاڵەتی ئۆتیزمی کوڕەکەی دەڵێت، «پێشتر لەگوندێکی دیکە بووم، ئێستا لەگوندی تیلەکۆی قەلەندەرم کە زۆر دوورەدەستە، سێ ساڵە پیشەم وانەبێژییە، کەهەستمانکرد منداڵەکەمان ئاسایی نییە ئیتر کەوتینە گەڕان و چوون بۆ لای دکتۆر، دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی، لەسێ ساڵیدا دەستمانکرد بەڕاهێنانکردنی».
ئۆتیزم، گرفتێکی دەماری گەشەییەو پێیدەڵێین (جیاوازی نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ). هەروەها دوو کەسی خاوەن ئۆتیزم وەکو یەک نین و جیاوازن، توشبووانی ئۆتیزم دورەپەرێزن و لەکاتی قسەکردنیشدا دەنگیان تایبەتەو پەیوەندی چاو کەمتر بەکاردێنن. لەبواری رەفتاریشەوە جیاوازن و دووبارەکردنەوەی رەفتاریان هەیە.
ئاشتی و هاوسەرەکەی لەبەر حاڵەتی کوڕەکەیان ساڵ و نیوێک بۆ راهێنان چوونەتە شاری سلێمانی، ئەوان بۆ بەردەوامبوون لەڕاهێنانکردن بەکوڕەکەیان، زۆر پزیشک و سەنتەری راهێنانیان تاقیکردووەتەوە تاوەکو تەمەنی نۆ ساڵی کوڕەکەیان و»سەرەکیترین شت کەبێزارمان دەکات کۆمەڵگەیە، دواتر منداڵەکە کەقسە ناکات، چونکە نە ئەو لەئێمە تێدەگات نە ئێمە لەو تێدەگەین».
«خاڵێکی دیکە ئەوەیە پەیوەندی کۆمەڵایەتییمان سفرە، چونکە تێکەڵاوبوونی نییە لەگەڵ دەوروبەردا، خەرجی مانگانەی کوڕەکەم زیاتر لە٥٠٠ ھەزارە بۆ سەنتەرو ھاتوچۆی، بەڵام وەکو ئاگادارن شایستەی وانەبێژی تەنانەت بەشی وانەبێژ خۆی ناکات، زۆر کاری لێکردووین»، ئاشتی وا دەڵێت.
ئاشتی زۆر وەڵامەکانی دوادەکەوت بۆ ئەم ڕاپۆرتەی هاوڵاتی، بەوتەی ئەو لەبەرئەوە بووە کەکوڕەکەی زۆر ئالودەی مۆبایلە.
ئەو مامۆستا وانەبێژە باس لەوە دەکات کەزیاتر پشت بەمووچەکەی خۆی دەبەستن «ئەمەش وایکردووە کوڕەکەمان لەسەنتەری راھێنان داببڕێنین».
لەبارەی ئەوەی کاتێک لەدەوام دەبیت منداڵەکەی لەلای کێ جێدەهێڵیت، ناوبراو ئاشکرایکرد، ئەو شەش بۆ حەوت کاتژمێری پێدەچێت تاوەکو دەگاتەوە ماڵ، «ئەو کاتەی لەدەوامم منداڵەکەم لای ھاوسەرەکەمە، بەڵام منداڵەکەم زۆر ئالودەی خۆم بووە، زۆر بیرم دەکات کەدەچمەوە بۆ لای».
ئاشتی بیری نەکردووەتەوە لەوەی واز لەپیشەی وانەبێژی بھێنێت، چونکە «مێردەکەم کاسبەو پێی ھەڵناسوڕێین ھەر لەبەرئەوەیە بەردەوامم، بیریشم کردووەتەوە کە ببم بەمیلاک و مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرم».
ناوبراو لەکۆتایی قسەکانیشیدا باسی لەهاوکارینەکردنی بەڕێوبەری پەروەردەو قوتابخانەکان کرد کە بەھیچ شێوەیەک ھاوکاری مامۆستایانی وانەبێژان نەبوون، چونکە «چەندینجار داوامکردووە یەک رۆژ پشووم پێبدرێت، بەھیچ شێوەیەک ھاوکارو یارمەتیدەرم نەبوون، ھەربۆیە ھەموو رۆژێک دەوامی خۆم کردووە بەبێ کێشە».
هاوڵاتی چەند چیرۆکێکی دیکەی لەسەر مامۆستایانی وانەبێژو گیرۆدەبوونیان بەتوشبوونی منداڵەکانیان بەئۆتیزم لەبەردەستدا بوو، بەڵام ناوبراوان لەبەر هۆکاری تایبەتی خۆیان نەیانویست چیرۆکەکانیان بڵاوببیتەوە.
مامۆستایانی وانەبێژ تەنیا بەدەست نەخۆشی ئۆتیزمی منداڵەکانیانەوە ناناڵێنن، بەڵکو دایک و باوکەکانیش دووچاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون، بەپێی ئامارێکی نافەرمی کەهاوڵاتی دەستی کەوتووە لەنوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان، لەسنوری هەولێرو دهۆک نزیکەی ٧٥ بۆ ٩٠ نەخۆشی درێژخایەن لەجۆرەکانی (شێرپەنجە، تالاسیمیا، ئۆتیزم، کێشەی گورچیلەو جۆرەکانی کەمئەندامی، ...هتد) لەنێو مامۆستایانی وانەبێژو منداڵەکانیان هەیەو هەمووشیان لەچینی هەژارن و مووچەکانیان لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار دیناردایە.
لەو بارەیەوە عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت، مامۆستایان هەیە لەهەولێرو دهۆک و سلێمانی دوو منداڵی هەیەو هەردووکیان ئۆتیزمن، هەیە سێ منداڵەکەی بەو جۆرەیە.
«مامۆستامان ھەیە منداڵەکەی پێداویستی تایبەتە، بەڕاستی شێوازەکان زۆرن، یاخود دایک و باوکیشمان ھەیە کەھەردووکیان کەمئەندامن و منداڵەکەشیان تالاسیمیای ھەیە»، عەلی رەئوف وای وت.
مامۆستا عەلی ھەشت ساڵە نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات لەکابینەکانی ھەشت و نۆی حکومەتدا، بەوتەی ئەو زۆرێک لەمامۆستایان لەبەر نەخۆشی خۆیان و منداڵەکانیان وازیان لەپیشەکە هێناوە و «ھەر مامۆستایەک و چیرۆکێکی ھەیە، وانەبێژان باسی ژیانی خۆیانکردووە لەسەر نان بووم نانم پێ نەخوراوە، چەندیجار بەیەکەوە گریاوین، وانەبێژ بیت و دوو منداڵت تالاسیمیای ھەبێت و ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ ھەزار وەربگریت کە دەبێت ١٥ رۆژ جارێک خەرجییان بکات لەنەخۆشخانە، دەبێت چ دۆخێک بێت».
عەلی رەئوف لەبارەی چیرۆکی ژیانی مامۆستایانی وانەبێژەوە نموونەیەکی راستەقینە دەگێڕێتەوەو دەڵێت، «مامۆستایەکی وانەبێژ لەقەرەداغ ھەردوو گورچیلەی لەکارکەوتبوو پێویستی بە ٣٥ بۆ ٤٠ ملیۆن دینار بوو، تەنانەت وەزیری پەروەردەش ھاوکاربوو، خۆشبەختانە نەشتەرگەری بۆ کراو ئێستا بەردەوامە لەوانەبێژی. وەکو وڵاتە دەوڵەمەندەکان کوردستانیش دەوڵەمەندە، بۆ دۆخی مامۆستایەک دەبێت وەزارەتی پەروەردە بەدەم داواکەیەوە بێت، نەوەکو لەڕێگای نوێنەرەکانەوە ھاوکاری بۆ کۆبکرێتەوە».
نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، کە دەنگی ئەوانیانی گەیاندووەو سەبارەت بەکرێی شایستە داراییەکانیش ئەوەی خستەڕوو، کەوەزارەتی پەروەردە کرێی وانەبێژی وەکو کڕینی قەڵەم و وەرەقەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەیر دەکات، بەهۆیەوە «بەدەیان مامۆستا لەبەر نەخۆشی خۆیان و منداڵەکانیان وازیانھێناوە».
بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی کەهاوڵاتی دەستیکەوتووە لەسەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەکوردستان هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حکومی و ناحکومی، هەروەها لە٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم ٣٥٠ی لەسەنتەرەکانن.
لەبارەی ئەوەی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان چۆن هاوکارو داکۆکیکاری مامۆستایانی وانەبێژ بوون کەخاوەن منداڵی ئۆتیزمن، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «کێشە و گرفتی ئەو دایک و باوکانەی منداڵی ئۆتیزمییان ھەیەو تائێستا وانەبێژن و گرێبەستن ئەوەیان پەیوەندی بەحکومەتەوەیە، وەکو کۆمەڵە داکۆکیکاری مافی ئەو دایک و باوکانەین کە داوای مافی خۆیان دەکەن بەھەموو جۆرێکیش پاڵپشتیانین، هەروەها بەرگری لەھەموو منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەین».
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت، «ئەو وانەبێژانەی منداڵی ئۆتیزمیان ھەیە ژمارەیان زۆر نییە، ئەوەندەی ئاگادارکرابێتینەوە دوو بۆ سێ کەسن. بەڵام مافی خۆیانە مافەکانیان دەستەبەربکرێت».
کەمال جەباری لەبارەی کاری داهاتووشیان بۆ وانەبێژان دەڵێت، ئەوان لەئایندەیەکی نزیکدا سەردانی وەزیری پەروردە دەکەن و باسی ئەو تەوەرەیەش دەکەن، تاوەکو «ئەو دایک و باوکانە بەشێوەیەکی استپناو (بەدەرکردن) بەیەکجاری دابمەزرێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، تاوەکو خاوەن منداڵی ئۆتیزم و پێداویستی تایبەت حسابێکی تایبەتیان بۆ بکرێت، ئێمەش لەو مەجالەدا کۆمەڵێک ھەنگاو دەنێین بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان».
لەبارەی یاسایەکەوە کە لەماف و ئیمتیازاتی کەمئەنداماندایە، جەباری رایگەیاند، «لەبڕگەی ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١١دا ھاتووە، ھەر دایکێک کەمنداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتی ھەبێت ئەگەر موچەخۆری ھەرێم بێت یان ژنی ماڵەوە، ئەگەر مووچەخۆربێت دەبێت بەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان دەتوانێت منداڵەکەی بەخێوبکات و دەوام نەکات، بەڵام ئەگەر ژنی ماڵەوە بێت بەھەمانشێوە دەبێت مانگانە کەمترین مووچەی فەرمانبەرێکی ھەرێمی پێبدرێت، بەڕاستی دەبێت ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە».
راشیگەیاند، «ئەو یاسایە لەپەرلەمان دەرچووە، بەڵام جێبەجێناکرێت و یاساکە ھیچ گرفتێکیشی نییە، بەلەبەرچاوگرتن و لەبەر مەبنای ئەو یاسایە ھەوڵدەدەین ئەو یاسایە مامۆستای وانەبێژیش بگرێتەوە، تاوەکو لەوەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییەوە بچێتە ئەنجومەنی وەزیران و بەخششێکی مانگانەیان بەبڕی ١٥٠ ھەزار بۆ دابینبکرێت».
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ھەزار توشبووی تالاسیمیا ھەیە، لەو ژمارەیەش هەزارو ٥٠٠ توشبوویان لەسلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینە. زۆربەی توشبووانیش نەخۆشیەکەیان قورسە.
لای خۆیەوە کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بەهاوڵاتی وت، تالاسیمیا نەخۆشییەکی درێژخایەن و بۆماوەییەو لەمانگێکدا پێویستیان بەدوو بۆ سێجار وەرگرتنی خوێن ھەیە، «جگە خوێن وەرگرتن رۆژانە دەبێت حەب و دەرزی کەمکردنەوەی ئاسن و چارەسەرەکانی جگەرو ڤیتامین و کالسیۆم و دی وەربگرن، بەھۆی کاریگەری نەخۆشیەکەشیانەوە تووشی نەخۆشیەکانی دڵ و گورچیلەو ...هتد دەبن، بەگشتی توشبووانی تالاسیمیا لەھەموو روویەکەوە لەکەموکوڕی پێداویستی چارەسەرەکانەوە خراپە».
لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ، کۆچەر کەریم روونیکردەوە، کە کۆمەڵێک دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکانیان ھەیەو دووچاری ئەم نەخۆشیە بوونەتەوە، تەنانەت کەمترین رێژەشیان دانەمەزراون.
«دوو توشبوومان لەلابوو کچێک و کوڕێک مامۆستای گرێبەستبوون، بێگومان پێویستیان بەھاوکارییە، چ لەڕووی خوێن بەخشین یان ماددی و مەعنەوی، چونکە لەنەخۆشیەک زیاتریان ھەیە»، کۆچەر کەریم وای وت.
لەبارەی هەوڵەکانیشیان بۆ وانەبێژان، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەرێم هێمای بۆ ئەوەکرد، لەڕێگای رێکخراوەکانەوە داواکاریکراوە وانەبێژان بکرێن بەھەمیشەیی، بەڵام «تائێستا ھیچ وەڵامێک لەسەر ئەوە نییە».
هاوڵاتی لەبارەی پرسیارێک لەسەر گیرۆدەبوونی مامۆستایانی وانەبێژان بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو ئۆتیزم، تالاسیمیا، کەمئەندامی خۆیان و منداڵەکانیان کە چ چارەسەرێکتان دۆزیوەتەوە بۆیان و ئایا تاچەند هەوڵیانداوە ئەو وانەبێژانە بەگرێبەست یاخود بەهەمیشەیی دابمەزرێنن، پەیوەندی بە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە کردو بەهاوڵاتی وت، «پرسیارەکەتان زۆر ناواقعیە، خۆت دەزانی دۆخی کوردستان و خەڵک چۆنە، نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، دەنا پرسیارەکەتان ناواقعیە، دەتوانن لەکارمەندێکی پەروەردەی سلێمانی بپرسن هۆکاری ناواقعیبوونی پرسیارەکەتان پێدەڵێن».
لەسەر یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١١ش، ناوبراو ئاشکرایکرد، «ئەو یاسایە بۆ کارمەندی میلاکە، هەزاران کارمەند مۆڵەتی چاودێری منداڵەکەیان وەردەگرن لەماڵەوەن و دەوام ناکەن، چەندان ساڵە جێبەجێکراوەو کارمەند لێی سودمەندە».