هاوڵاتی دوایین زانیاری لەبارەی ئەگەری چارەسەری كێشەی مووچەو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

12 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و چارەسەركردنی ریشەیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای بودجەی 2024ی عێراقە، پەرلەمانتارێكی دیكەش دەڵێت باشترین چارەسەر ئەوەیە كۆی بەركەوتەی هەرێم دوانزە پۆینت شەشەكە بكرێتە 12 بەش و هەر مانگێك بەشی هەرێم بنێرن.

 

«بۆ ناردنی قەرزی دیكە دەبێت رێككەوتنی سیاسی بكرێت»

موسەنا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی هیچ بەڵێنێك نەدراوە بۆ ناردنی ئەو سێ قەرزە 700 ملیارییەی هەرێم داوایكردووە، ئەوە دەبێت حكومەتی عێراق و هەرێم لەبارەیەوە رێككەوتن بكەن، گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكەش دەبێت بنێردرێت بەڵام دەوترێت بەهۆی كێشەی تەكنیكی دواكەوتووەو بێگومان دەینێرن چونكە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە».

وتیشی:»سەبارەت بەچارەسەری پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كێشەكە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكانە كە لەهەرێم كاردەكەن و داوای زیادكردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن، ئەوەش دەبێت وەزارەتی نەوت بیكات بەپرۆژەو پاشان لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بینێرێتە پەرلەمانی عێراق، چونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت حكومەتی عێراقیش كێشەی بۆ دروست دەبێت بۆیە رەنگە بەشێوەیەكی كاتی لەبودجەدا سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو كێشەیەو كێشەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش چارەسەر بكرێت».

موسەننا ئەمین، باس لەوەشدەكات «داوایان لەسەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە كەدڵنیایی بدرێت خەڵكی هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی نەبنەوە، وتیشی سوودانی دڵنیاییدا كەدەستكاریكردن لەیاسای بودجە لەئێستادا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت».

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا « بڕیاروایە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە بۆ كێشەی بودجەو مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی ساڵی 2024  چونكە بەهۆی خەرجی راستەقینە لەبودجە ئەو بەشە پارەیەی بۆ هەرێم دێت بەشی هیچ شتێك ناكات و ناتوانرێت مووچە دابەشبكرێت».

پێشتریش ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق،  رایگەیاندبوو « یاسای بودجە كۆمەڵێك خاڵ و بڕگەی تێدایە كە دژی هەرێمی كوردستانە و فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بەو شێوەیە پەسەند بكرێت، بۆیە پارتی رژدە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای بودجە».

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لەخەرجی راستەقینە ئەوەشی خستبووەڕوو: «دەمانەوێت پشكی هەرێمی كوردستان لەخەرجی راستەقینە جیابكرێتەوەو لەكۆی داهاتی عێراق خەرجبكرێت».

سەبارەت بەهەمواری یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 لیژنەیەك پێكهێندراوەو بڕیارە لیژنەكە رۆژی چوارشەممە 6-12-2023 كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات

لەوبارەیەوە  شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەشێوەیەک دەبێت یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە لە ٩/١ ئەو كارە جێبەجێ بكرێت و پرۆژەكە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنگی پێبدرێت، ئەوەش پێویستی بەڕێككەوتنی سیاسییە، لەپەرلەمانیش پسپۆڕانی دارایی هەمواری بكەنەوە».

وتیشی:»باشترین چارەسەر ئەوەیە كۆی بەركەوتەی هەرێم دوانزە پۆینت شەشەكە بكرێتە 12 بەش و هەر مانگێك بەشی هەرێم بنێرن و ئەو خەرجیانەی لێدەردەكەن چی مایەوە بۆ هەرێمی بنێرن، ئەمە هەم ئێمە زیاتر وەرناگرین لەحكومەتی عێراق دواتریش رێوشوێنی حكومەتی عێراق چییە دەیكات سەبارەت بەپاكتاوی حساباتی هەرێم».

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێـت:»چارەسەر ئەوەیە بەشە بودجەی هەرێم لەخەرجی كرداری جیابكرێتەوە ناكرێت فەرمانبەرانی هەرێم نزا بكەن پردێك زیاتر لەبەغدا دروستبكرێت خۆ ساڵی 2012 عێراق پڕۆژەی بودجەی نەبوو یەك رۆژ موچەی فەرمانبەرانی عێراق دوانەكەوت، ئێستاش دواكەوتنی پارە بۆ هەرێم بەس مەسەلە سیاسییە».

«سەدا سەد 700 ملیارەكە دەنێرن بەڵام ئەو دواخستنە هەمووی كێشە دروستكردنەو دەیانەوێت درزی نێوان لایەنەكانی هەرێم بگاتەسەر ئێسقان و هەموو فەرمانبەران و دەسەڵاتی هەرێم بەریەك بكەون، پێموایە مەسەلەی دواكەوتنی پارە تەنها بیانووە بەڵام هەردەبێت بینێرن ئەگەرنا ئێمە چی پەیوەندییەكمان بەبەغداوە دەمێنێت». شوان محەمەد وای وت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»سەبارەت بە سێ 700 ملیارە قەرزەكەی دیكە كەسەرۆكی حكومەتی هەرێم داوایكردووە هەوڵی فەرمی و نافەرمی هەیە بۆ ناردنی تا ئەو سێ مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێم نەفەوتێت،  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجددی لەسەر خەتەو هەوڵی بۆ دەدات».

فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە لەكاتێكدا نزیكەی سێ مانگ بەسەر وادەی دابەشكردنەكەی تێپەڕیوە، لەكاتێكدا فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی 11ی وەرگرتووە.

دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، بەشێوەیەك لەهەموو بۆنەیەكدا كەقسە دەكەن داوای ناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم دەكەن، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم چەندین جارو جێگرەكەشی چەند جارێك داوایان لەبەغدا كردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا بنێرێت، تەنانەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی دیدارێكدا لەدهۆك رایگەیاند «فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لەهەرێم لەدۆخێكی زۆر خراپدا دەژین، خێراكردنی دانانی چارەسەرێكی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی ئەركێكی نیشتمانییە بۆ حكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەعێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رۆژی 20-11-2023  رایگەیاند: 700 ملیار دینارەكە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو وەفد نانێرین بۆ داواكردنی مووچە بەڵكو هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی مووچە دەدەین لەگەڵ بەغدا.

وتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمی كردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت، داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان كردبوو، تەرازووی پێداچوونەوەشیان بۆ نێردراوە.»

وتەكانی پێشەوا هەورامانی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ 6-12-2023یەو هێشتا بەغدا گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكەی نەناردووەو سەبارەت بەچارەسەری ریشەیی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەبێت یاسای بودجەی 2024 ی عێراق هەمواربكرێتەوە.

بەپێی رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر كە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت كە تائێستا دوو گوژمەی گەیشتووەو تەنها یەك 700 ملیار ماوە بگات. حكومەتی هەرێم گوژمەكانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت خەرج كردووە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، تائێستا روون نییە كە بۆ مانگەكانی 10 و 11 و 12 چ میكانیزمێك بەكاردەهێنرێت بۆ دابەشكردنی مووچەو حكومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێكی نەداوە كەقەرزی تر بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

پێشتر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» سەبارەت بەبەشی سێیەمی 700 ملیار دینارەكە شتێكی یەكلاكەرەوەیە كەهەر دەبێت بنێردرێت، بەڵام بۆ مووچەی مانگەكانی دیكە كەوتووەتە سەر ئەو پاكتاوە داراییەی كە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەبێت بكرێـت لەكۆتایی ساڵدا بۆ ئەوەی لەپشكی هەرێمی كوردستان ئەوەی دەمێنێتەوە لەو قەرزانەی كەوەریگرتووەو لەگەڵ لێدەركردنی خەرجی حاكیمەو سیادی ئەوكات هەرچەندی لێ بمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت ئەگەریش بەشنەكات دەچێتە سەر پشكی هەرێم لەساڵی 2024 ئەمەش كاتێك دەردەكەوێت كە لەكۆتایی ساڵ ئەو پاكتاوە داراییەی هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت».

لەماوەی چەند مانگی رابردووداو بەدیاریكراوی لەمانگی چواری ئەمساڵەوە 15 جار وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم، لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای دوو رۆژ لەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، واتە بۆ هەر مانگێك 700 ملیار دینار تائێستاش دوو گوژمەی ئەو پارەیەی ناردووە.

پێش سەردانی ئەو وەفدە باڵایە چەند جارێك وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو وردبینییان بۆ لیستی موچەو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند، تامانگی ئاداری 2023 بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەیەك لەدادگای ناوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان ناچاربوو فرۆشتنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ رابگرێت و تائێستاش هەرچەندە هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە، بەڵام هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (944 ملیار) دینارە بۆ خەرجی موچەی (ملیۆنێكو 255 هەزار) موچەخۆر، تائێستا كە لەسەرەتای مانگی (12)داین، موچەی (8) مانگ خەرجكراوەو هێشتا فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەی مانگی (9) دەكەن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار