هاووڵاتیان چاوەڕێی هاتنی نەوتە  ٥٠هەزاریەكەی عێراق بوون، بەڵام دابەشكردنی نەوتەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش راگیرا

12 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

پاش وەستاندنی دابەشکردنی نەوت لەهەرێمی کوردستاندا بۆ ماوەی سێ رۆژ، دوێنێ سێشەممە دەستکرایەوە بەدابەشکردنی نەوت و بەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تائێستا ٧٥٥ هەزارو ٧٨٤ خێزان سودمەندبوون و ٥٣٢ هەزارو ١٦٢ خێزانیش ماون کە نەوت وەربگرن.

لەسێ رۆژی رابردوودا دابەشکردنی نەوت لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان راگیرا، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان ئامادەنەبوون بەرمیلێک نەوت بە ١٠٣ هەزار دینار وەربگرن، چاوەڕوان بوون نەوتی حکومەتی عێراق بگات کەبڕیاربوو یەکی کانوونی یەکەم بگاتە هەرێم و نرخەکەی ٥٠ هەزار دیناربێت.

رۆژی دووشەممە چواری کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو نەوتەی کەبڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت رایگەیاند، تائەمڕۆ لیترێک لەو نەوتە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان کەبڕیاربوو لەیەکی ئەم مانگەوە بگات.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کەهاووڵاتییان نەوتی وەزارەت وەرنەگرن، کەنرخەکەی ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینارە، ئەگەر ئەو نەوتەش بگات، ئەوا لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەناوچە شاخاوییەکاندا دابەشدەکرێت و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی بڕیارماندا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لەناو شار لەڕۆژی سێشەممەوە دەستپێبکاتەوە بەهەمان میکانیزم.

سێ رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ٧٥٦ هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستاندا نەوتیان وەرگرتووە کەدەکاتە زیاتر لە ٥٨٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێم، هەروەها تائێستا زیاتر لە ١٥١ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکراوە بەم شێوەیە: هەولێر نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر، سلێمانی نزیکەی ٥٩ ملیۆن لیترو دهۆکیش نزیکەی ٣٢ ملیۆن لیتر.

لەدرێژەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمدا هاتووە: لەپارێزگای هەولێرو ئیدارەی سۆران ٥٩ ملیۆن و ٩١٤ هەزارو ٣٤٠ لیتر نەوت بەسەر ٢٩٩ هەزارو ٥٧٢ خێزاندا دابەشکراوە، ١٨٠ هەزارو ٥٩٢ خێزانیش ماون کەنەوتی سپی وەربگرن.

لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ٥٨ ملیۆن و ٩٥٥ هەزارو ٤٠٠ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ٢٩٤ هەزارو ٧٧٧ خیزاندا دابەشکراوە، ٢٣٣ هەزارو پێنج خێزانیش ماون کە نەوتی سپی وەربگرن.

لەپارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ ٣٢ ملیۆن و ٢٨٧ هەزار لیتر نەوت بەسەر ١٦١ هەزارو ٤٣٥ خێزاندا دابەشکراوە، ١١٨ هەزارو ٥٦٥ خێزانیش ماون کەنەوتی سپی وەربگرن.

عەلی فوئاد، كە پیشەی نەوتفرۆشیە لەسەنتەری شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی حکومی بە ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینارە کەماوەی سێ رۆژە دابەشکردنی وەستاوە، هەروەها نەوتی بازرگانیش نرخی ١٧٥ هەزار دینارە .

ساڵی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە ٣٨٣ هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد کە تاناوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو، زۆرترین نەوتی ساڵی رابردوو لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کەزیاتر لە ٣١ ملیۆن لیتر بوو، لەناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە ٢٤ ملیۆن لیتر، لەناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە ١٥ ملیۆن لیترو لەناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە ٦٣٩ هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا. 

فرۆشتنی نەوت بەو نرخە گرانە بەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، هەرێم خاوەن سامانێكی زۆری نەوتەو تا 23ی ئاداری ئەمساڵ رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت و نرخی هەر بەرمیلێكیش لەخوار 80 دۆلارەوە دەفرۆشرا، بەڵام لەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیراوەو ئێستا رۆژانە هەرێم 80 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە پاڵاوگەكانی عێراق.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار