١٠ خولەک دوای ئاگرەکەی سۆران پەیوەندی بەبەرگریی شارستانییەوە کراوە

11 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەسەر رووداوەكەی قەزای سۆران هێشتا لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامن، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت تیمەكانیان لەماوەی سێ خولەك و 40 چركەدا گەیشتوونەتە شوێنەكە، ئەندازیارێكی میكانیكیش دەڵێت بیناكانی كوردستان بەكۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە.

شەوی هەشتی كانوونی یەكەمی 2023 بەدیاریكراوی نزیك كاتژمێر هەشت، ئاگر لەباڵەخانەیەكی قەزای سۆران سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی كوردستان كەوتەوە، بەهۆی رووداوەكەوە 14 كەس گیانیان لەدەستدا و 10 كەسی دیكەش برینداربوون.

دوای رووداوەكە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، لەسەر رووداوەكەش پێنج كەس دەستگیركراون كەیەكێكیان خاوەنی باڵەخانەكەیە.

باڵەخانەكە لەچوار نهۆم پێكهاتووەو نهۆمی یەكەمیان دوكان و موبیلیات بووەو سێ نهۆمەكەی دیكەیان شوێنی نیشتەجێبوون بووە، باڵەخانەكە ژمارەیەك لەخوێندكارانی باڵاو مامۆستای زانكۆی سۆران، لەگەڵ ژمارەیەكی دیكەی هاووڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوا و خەڵكی خانەخوێی سۆران تێدا دەژیان ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێكی زۆریان نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بكەن.

ماوەی سێ ساڵە حكومەت لیژنەیەكی پێكهێناوە بەمەبەستی سەلامەتی باڵەخانەكان، مەرجی دروستكردنی داناوە و دەبێت تەواویان پێیەوە پابەند بن.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «لیژنەکە بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووەو لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی پەیوەندیان بەڕووداوەکەوە هەیە لێکۆڵینەوەی کردووە، هۆکاری رووداوەکەو کەموکورییەکانی باڵەخانەکە دەستنیشان دەکرێن و کەموکوڕی لەهەر لایەنێکی پەیوەندیدار بەڕووداوەکە هەبێت لیژنەکە دەستنیشانی دەکات و دەیخاتە بەردەم وەزیری ناوخۆ، پاشان بۆ رایگشتی ئاشکرادەکرێت.

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران وتیشی: «لەئێستادا لێکۆڵێنەوە بەردەوامەو ناتوانم زانیاری لەسەر بابەتەکە بدەم تاڕێرەوی لێکۆڵینەوە سەلامەت بێت، بەپێی سەرجەم تۆمارە ڤیدیۆییەکان و کامێراکانی چاودێری ئەو ناوچەیەو بەپێی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە بۆ ژووری کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سۆران کراوە کاتژمێر هەشت و 12 خولەک پەیوەندیمان پێوەکراوە کەنزیکەی 10 خولەکێک پاش رووداوەکە بووە لەماوەی سێ خولەک و 40 چرکە تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە».

«ئاگرەکە لەنهۆمی یەکەمی بیناکەدا بووە، بەڵام ئاگرەكە لەدیوی دواوە بووە زۆربەی میدیاکان ڤیدیۆی دیوی پێشەوەیان تۆماركردووە کارمەندانی ئێمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو کاری خۆیان کردووەو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەهۆی ئەوەی کارگەی قەنەفە بووەو قوماش و ئەو بابەتانەی لێبووە دوکەڵێکی ژەهراوی بڵاوبووەتەوە، پەیژەش هەبووە لەبیناکەدا بەڵام نازانین بەپێی ستاندارد بووە یان نا، ئەوەش لیژنەکە دیاریدەکات» رەوەند هاودیانی وای وت.

هەر لەبارەی رووداوەكە، شەمال سورچی وتەبێژی پۆلیسی سۆران، جگە لەپشتڕاستكردنەوەی دەستگیركردنی پێنج كەس، بەهاوڵاتی وت:» تاوەكو ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێندراوەو لایەنی خەتابار دەستنیشان دەكات هیچ لێدوانێكی نوێ لەوبارەیەوە نادەین».

ئەندازیارێكی میكانیك دەڵێت بیناكانی كوردستان بەكۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە

کامەران محەمەد، ئەندازیاری میکانیکی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:» بیناکانی کوردستان بەکۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە، تەنها بۆ رازیکردنی رێنماییەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی و بەرگری شارستانییە، دانانی خراپترین و هەرزانترین جۆری ئامێرو ئامرازەکانی بواری سەلامەتی یەكێكی دیكەیە لەهۆكارەكانی دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە».

ئەو ئەندازیارە وتیشی: «بەشێوەیەکی گشتی بیناکانی جاران مەرجی سەلامەتیان باشتربوو بەراورد بەنەبوونی پێداویستی پێشکەوتوو لەو کاتەدا، هەروەها لەهەموو شوێنێک ستوون  دادەنرا چوار سەتڵی پێوە بوو پڕ بوون لەلم و ئاوو لەشوێنێکی بەرچاو دادەنرا، هیچ بینایەک لەسێ نهۆم بەرزتر نەبوو و بینا لەناوەندی زەویەکدا دروستدەکرا چواردەوری حەوشە بوو بواری تەواو هەبوو، وایەرو گڵۆپ و پلاک و سوویچ جۆری کوالیتی بەهیچ شێوەیەک لەخۆیەوە نەدەسوتا».

« بیناکانی ئێستا ناتوانین بڵێین سیستمی سەلامەتی تێدانییە، کە لەدوورەوە سەیری دەکەیت  فایەر ئەلەرم هەڵواسراوە بەڵام یەک هەفتە كاردەکات، نرخەکەی هەرزانە، بیناکان قادرمەی رزگاربوونیان تێدایە بەڵام لەشوێنیکدا دادەنرێت کەس نایبینێت چونکە مەودای دەوێت و وا بچووک دروستدەکرێن تەنها پشیلە دەتوانێت پێیدا بڕوات، جگە لەوە دەرگایەکی بۆ دادەنرێت کەس نازانێت کلیلەکەی  لەکوێیە». کامەران محەمەد وای وت.

سەبارەت بەوەی کەمەرجەکانی سەلامەتی بینایەک چین؟ ئەو ئەندازیارە باسی لەوەکرد «نابێت بینای نیشتەجێبوون ژێرەکەی نانەواخانە یاچێشتخانە یاکارگە بێت وەک ئەوەی لەسۆران روویدا ژێرەکەی کارگەی قەنەفە بوو، سیستمی غاز نابێت لەناو بینابێت، قادرمەی رزگاربوونی راستی هەبێت بۆ مرۆڤ نەک بۆ چاوبەست و بەگەورەیی لەسەری نووسرابێت و دەرگاکەشی دانەخرابێت بەبیانووی رێگرتن لەدزی».

ئەو ئەندازیارەی میكانیك دەشڵێت: «هەڵواسینی تابلۆ لەهەموو نهۆمێك بۆ پیشاندانی ژمارە تەلەفۆنی ئاگرکوژاندنەوە، ئەمبوڵانس و پۆلیس، دانانی سیستمی فایەر ئەلەرمی ناوەندی پێویستە، هەروەها دانانی کامێرای چاودێری لەڕاڕەوەکان و حەوشەو سەربان، دانانی ئاگرکوژێنەوەی دەستی دوو کیلۆیی لەڕاڕەوەکان، لەبینا گەورەکان دەبێت سیستمی هوس واتە سۆندەی ئاو لەهەر نهۆمێك، لایتی رووناككەرەوە لەڕاڕەوەکان هەبێت، چونكە لەکاتی کارەساتدا کارەبا نامێنێت و بەتاریکی رێگا نادۆزیتەوە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار