حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی نوێش بەقەرز دەستپێدەكات

11 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

چارەنووسی سێ مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كەوتە ساڵی داهاتوو، پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو دەڵێت لەئەستۆی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە ئەگەر لەهەمواری بودجەی 2024 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتەسەر خەرجی حاكیمە كێشەكە چارەسەر دەبێت، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت ئەوەی عێراق دەیكات تاسەر بۆی ناچێتەسەر چونكە هەرێم دەستوری لەپشتە.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق لەگفتوگۆكانی لەگەڵ وەفدی هەرێم پێی وتوون دوای پاكتاوی دارایی ساڵی 2023 لەنێوان هەرێم و بەغدا تەنها پارەی 60٪ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەمەش پێش هەمواری یاسای بودجەی عێراق كەبڕیارە لەكۆتایی مانگی یەكی ئەمساڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێندراوە.

بەناردنی دوایین قەرزی حكومەتی عێراق كە 700 ملیارە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن و مووچەی سێ مانگەكەی دیكەیان دەكەوێتەوە سەر ئەو قەرزانەی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردوون، لەكاتێكدا بەشێك لەپەرلەمانتارە شیعەكان دژی ئەوەن هیچ پارەیەكی دیكە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

هەمواری یاسای بودجەی 2024ی عێراق رەنگە درەنگ بكەوێت، چونكە هێشتا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیارینەكراوەو بەهۆی پشووی پەرلەمانی عێراقیشەوە هەمواری یاسای بودجە دەكەوێتە كۆتایی مانگی یەكی 2024.

پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێی وایە چارەنووسی سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەئەستۆی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمە

موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەو سێ مانگەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە نەدراوە لەئەستۆی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقە و پێویستە چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە و پێویستە لەهەمواری بودجەی ساڵی 2024 بڕێك پارەی بۆ دابین بكرێت.

وتیشی: هەوڵدەدەین وەكو پەرلەمانتاران لەبەرئەوەی عێراق نەیهێشتووە هەرێم نەوت بفرۆشێت كەواتە دەبێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێكبكەون قەرەبووی ئەو مووچە فەوتاوانە بكەنەوە، سەبارەت بەمووچەش كە سەرۆكوەزیرانی عێراقمان بینی بەڵێنیدا كەپێشنیارێكی باشی ئامادەكردووە بۆ هەمواری بودجە تایبەت بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كەهەر لەبودجەی حاكیمە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و پرسی مووچەی فەرمانبەران لەكێشە سیاسییەكان دووربخرێتەوە.

«هەندێك ئەندامی پەرلەمانی عێراق كەبەشێكیان لەلیژنەی دارایین تەبا نین لەگەڵ مافەكانی ئێمەو شەڕی خۆیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ئازاردانی خەڵكی هەرێم دەكەن، كەئەوەش ئەخلاقی و سیاسی رەوا نییەو هیوادارین ئەو دەنگە ئەمساڵ كزتربێت و شكست بهێنێت لەوەی دەقێكی وابنووسرێت لەبودجە كەبتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات».

سەبارەت بەو زانیاریەی باس لەوەدەكات كە لەكاتی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا، وەفدی عێراق بەهەرێمیان وتووە 60٪ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەن بەقەرز پێش هەمواری یاسای بودجە، موسەنا ئەمین وتی:»ئەگەر هەر قەرزێكی دیكە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم بنێردرێت پێموانییە لە 700 ملیار كەمتر بێت و ئەو قسەیەش مەبەست لێی پشكی هەرێمە لە دوازدە پۆینت شەشەكە».

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق دوو میكانیزم بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان باس دەكات

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەولەویەتی حكومەتی هەرێم چارەسەركردنی دۆخەكەیەو لەهەوڵی زۆر چڕدایە، بەكۆمەڵێك میكانیزم كەیەكەمیان داواكردنی قەرزی دیكەیە تا یاسەكە هەمواردەكرێتەوە، میكانیزمی دووەمیش پەلەكردن لەهەموارەكەدا ئەگەر ئیرادەیان هەبێت كێشەكە نەهێڵن زۆری پێناچێت هەمواری یاساكە، ئێمە دەستورمان لەپشتەو ئەوەی عێراق دەیكات نادەستورییە تاسەر ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، تا كەی دەیەوێت میللەتێك لەبرسا بكوژێت ئەمە نە لۆژیك و سیاسەت و دەستور و بنەمای هاووڵاتیبوون و ئەو قوربانیەی كورد داویەتی بوار بەعێراق نادات ئەمەی بۆ بچێتە سەر».

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی عێراق وتیشی:» بۆیە هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەوەی چارەسەری دۆخەكە بكرێت، ئەگەر بشیەوێت چارەسەری نەكات ئەوە كورد كارتی فشاری هەیەو تەسلیمی واقیعەكە نابێت و مووچەخۆرانی خۆمان نادەینە دەست قەزاو قەدەر، چارەسەرەكە لەئەولەویەتی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشی و رێككەوتنەكانەو لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو حكومەتەی ئێستای عێراق پێكهێندراوە».

«ئەو گروپەی لەپەرلەمانی عێراق بەتایبەت لیژنەی دارایی یاری بەعەقڵی هەندێك پەرلەمانی ئێمەش دەكەن و راست ناكەن، دەڵێن لەگەڵ ئەوەین هەموو مانگێك عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات لەولاش سكاڵا دەكەن بۆ رێگری لەقەرزكردنی 700 ملیار، لەكاتێكدا ئێمە سەروو ملیارێكمان لەلایانە، حكومەتی عێراقیش دەزانێت ئەوەی بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت ستەمەو پێموانییە حەق بەخۆیان نەدەن مووچەخۆران و فەرمانبەرانی ئێمە ماندوو بكەن، هەمواری یاسای بودجەش لەسەرەتای مانگی یەكی ساڵی داهاتوو پێموایە هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات». شوان محەمەد وای وت.

پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كەئەندامی لیژنەی داراییە باس لەپێشنیارێك دەكات كەئەگەر پەسەندبكرێت چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات

لەلایەكی دیكەوە دكتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لیژنەیەك راسپێردراوە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچەی هەرێم لەكاتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو یەكێك لەپێشنیارەكان ئەوەیە مووچە لەخەرجی حاكیمە هەژماربكرێت، ئەگەر ئەو پێشنیارەش پەسەندبكرێت چارەسەری ئەو كێشەیە دەكات».

شارەزایەكی ئابوری و بانك پێی وایە ئەگەر ئەو بڕگەیەی باس لەخەرجی راستەقینە دەكات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەسەرە ئەوا ساڵێكی دارایی قورستر لەساڵی رابردوو چاوەڕێی هەرێم دەكات

گوڵاڵە سدیق، شارەزای ئابوری و بانك، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بێگومان ئەمە دوایین گوژمەی قەرزی ئەمساڵە، ئەوەی دیكە دەكەوێتەوە سەر ئەو رێككەوتنانەی لەنێوان هەرێم و ناوەند دەكرێن چونكە ئەوەی هەیە كێشەی سیاسییە سەری كێشاوە بۆ كێشەی دارایی، ئەگەر حكومەتی عێراقی پێداگربێت كەپاكتاوی حسابی 2023 بكات بەپێی بودجە كەخەرجی راستەقینە كراوەتە پێوەر ئەوا حكومەتی هەرێم زۆر قەرزاری حكومەتی عێراق دەبێت، ئەوكات دەبێت لەبودجەی 2024 قەرز بداتەوە بەحكومەتی ناوەند».

وتیشی:»ئەگەر لەبودجەی 2024 ئەو بڕگەیە هەموار نەكرێتەوە كەباس لەخەرجی راستەقینە دەكات، ئەوا دڵنیام كەقەیرانی 2024 زۆر زیاتر دەبێت لەقەیرانی 2023 ئەم قەیرانەش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر بازاڕەكان و بژێوی خەڵك خراپەو پارەی باج و رسومان ئەركی سەرشانی هاووڵاتیانی هەرێمی قورس كردووە».

«ئەگەر بەم ئاڕاستەیە بڕوات و هەمواری بودجەی 2024 نەكرێت ئەوا بەدڵنیایی 2024 دۆخەكە زۆر قورستر دەبێت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم، ئەگەر لەمساڵدا نۆ مووچە دابەشكرابێت ئەوا لەساڵی داهاتوو ئەوپەڕی حكومەتی هەرێم بتوانێت شەش مووچە بدات». گوڵاڵە سدیق وای وت.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 20-11-2023  رایگەیاند: 700 ملیار دینارەكە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو وەفد نانێرین بۆ داواكردنی مووچە بەڵكو هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی مووچە دەدەین لەگەڵ بەغدا.

وتەكانی پێشەوا هەورامانی لەكاتێكدایە رۆژی  12-12-2023 بەغدا گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكەی بۆ هەرێمی كوردستان نارد واتە دوای زیاتر لە 20 رۆژ لەو قسەیە.

بەپێی رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر كە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، حكومەتی هەرێم گوژمەكانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت خەرج كردووەو گوژمەی سێیەمیش بۆ مووچەی مانگی نۆ.

لەماوەی چەند مانگی رابردووداو بەدیاریكراوی لەمانگی چواری ئەمساڵەوە 16 جار وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم، پێش سەردانی ئەو وەفدە باڵایەش چەند جارێك وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو وردبینییان بۆ لیستی موچەو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند، تامانگی ئاداری 2023 بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەیەك لەدادگای ناوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان ناچاربوو فرۆشتنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ رابگرێت و تائێستاش هەرچەندە هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە، بەڵام هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (944 ملیار) دینارە بۆ خەرجی موچەی (ملیۆنێك‌و 255 هەزار) موچەخۆرو حكومەتی عێراقیش لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوت لەئاداری 2023دا 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ ناردووەو ئەوەی ماوەتەوە لەداهاتی ناوخۆو هاوكاری هاوپەیمانان دابین كراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار