تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو نەوتی هەرێم بەڕاگیراوی دەمێنێتەوە

كۆمپانیاكانی بواری نەوت سزای حكومەتی هەرێم دەدەن

11 مانگ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، نەوتی هەرێمی كوردستان بەڕاگیراوی دەمێنێتەوەو حكومەتی عێراقی مۆڵەت نادات بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كەحكومەتی عێراقی لەسەر چەند بڕگەو بابەتێك كەزۆرینەی پەیوەندی بەمافی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتەوە هەیە كێشەی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم هەیە، ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش رایگەیاند كەپێشبینی دەكات تاكاتێكی دوورتر راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەردەوامبێت.

ئەگەرچی بڕیاربوو پاش سەردانەكەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، كێشەكانی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێم كۆتایی پێبهێنرێت و بریاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوت هەڵبوەشێتەوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی مانگێگ بەسەر سەردانەكەو گفتوگۆكان لەوبارەیەوە، هێشتا هیچ هەوڵێك دیار نییەو كێشەكان بەهەڵپەسێراوی ماوەتەوە.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، بەبڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی عێراقی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراو بەو هۆیەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان شكستی خۆی لەدابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیاند. لەو ماوەیەشداو بەهۆی یاسای بودجەی عێراقەوە دابینكردنی موچە لەلایەن بەغداوە كێشەی تێكەوت و بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عێراقی و مانگانە بەبڕی ٧٠٠ ملیار دینار موچەی فەرمانبەران دابین دەكرێت.

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەگفتوگۆكان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووەو یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە رادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە تا لەهەمواری یاسای بودجەو گفتوگۆكانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی نوێ رێكەوتنی لەسەر بكرێت، لەوبارەیەوە سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «لەوانەیە یەكلاییكردنەوەی كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بكەوێتە سەرەتای ساڵی نوێی یاسادانان، واتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، نیازمان هەیە هەندێ هەموار بكەینەوە لەیاساكان بەتایبەت ئەو بڕگانەی كە پەیوەستە بەتێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێم، لەئێستاشدا گفتوگۆكان لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم راوەستاوە، ئەوەش پاش پێداچوونەوە بەگرێبەستەكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و كۆمپانیاكان. سەرجەمی ئەو گرێبەستانە چاوی پێدا دەخشێنرێتەوە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، تاوەكو نزیك بێتەوە لەو مەرجانەی كە لەگرێبەستەكانی حكومەتی عێراقیدا هەیە.»

ئەوەی هەرێمی كوردستان لێی دەترسێت، گۆڕانكارییە لەبڕگەو ماددەی ئەو گرێبەستانەی بۆ دەرهێنانی نەوت كراوە، كەحكومەتی عێراقی دەیەوێت لەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یەكلایی بكاتەوە، لەوبارەیەوە نەهرۆ رواندزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «بەشێكی بڕگەو ماددەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم، وەكخۆی دەمێنێتەوەو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی سزاو غرامەی دارایی نەبێتەوە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، چونكە بەپێی گرێبەستەكان هەرێم پابەند بەپێبژاردنی دارایی بۆ هەر گۆڕانكارییەك كە لەگرێبەستەكاندا دەكرێت.»

سوربوونی هەرێمی كوردستان لەسەر مانەوەی بڕگەو ماددەكانی تایبەت بەدەرهێنانی نەوت لەگرێبەستەكاندا، گرفتی سەرەكی و یەكەمی مانەوەی كێشەكانی بەردەم دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە، كە رەنگە یەكلاییكردنەوەی بۆ كاتێكی دوورتر دوابخات، لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هیچ دیار نییە كەی ئەو كێشەیە یەكلایی دەبێتەوە، چونكە بابەتی سەرەكی كێشەكان مافی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە كەبڕەكەی زۆر زیاترە لەوەی كەعێراق دەیدات بە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت، بۆیە پێناچێت وا بەزوویی ئەو كێشەیە یەكلایی بێتەوە.»

بەهۆی بڕیاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراقی زیانێكی زۆری بەركەوتووە كە نزیكدەبێتەوە لە نۆ ملیار دۆلاری ئەمریكی، بۆیە حكومەتی عێراقی ناچارە بۆ بەردەوام نەبوونی زیانەكانی كێشەكان چارەسەربكات، لەوبارەیەوە سەباح سوبحی بەهاوڵاتی وت «زیانی راگیرانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم مەزەندە دەكرێت بە هەشت ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، كە  لەئەنجامی نەناردنی ئەو 450 هەزار بەرمیلە نەوتە بۆ دەرەوە بەر حكمەتی عێراقی كەوتووە، بۆیە لەئێستادا هەموو بارودۆخەكە گونجاوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەڵام تەنها لایەنی هونەری ماوە كە رێكەوتنی كۆتایی لەسەربكرێت، ئەویش رەنگە بۆ ئەوكاتە دوابكەوێت كە باسمان كرد.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمێنانی نەوتی هەرێم، نووسراویان ئاراستەی حكومەتی عێراقی كردووەو روونكردنەوەیان لەبارەی تێچوونی دەرهێنانی نەوتی هەرێم پێشكەش بەوەزیری دارایی كردووە، لەوبارەیەوە ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غاز بەهاوڵاتی وت «لەكاتی سەردانی وەزیری نەوتی عێراقدا كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان پسوڵەی خۆیان پێشكەش كرد دەربارەی خەرجییەكانی دەرهێنانی نەوت، چونكە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێم زۆر زیاترە وەك ئەوە نییە كە بیرە نەوتێك هەبێت وەك ئەوەی عێراق هەیەتی حازربێت و نەوتی لێدەربهێنێت، بەڵام لەهەرێم بابەتی چاودێری و دەرهێنان (ترقیب و استخراج) هەیە كەكێشەو گرفتی زۆرە، لەوانەیە نەوت هەبێت یان نەبێت، یان هەبێت و مەخزونی كەم بێت، بۆیە ئەوانە هەمووی رسكەو كۆمپانیاكان خۆیان گرتوویانەتە ئەستۆ. بۆیە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لێرە زۆرترە.»

پێش بڕیاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكرا، بەڵام بەهۆی ناڕوونی لەشێوازی دەرهێنان و فرۆشتنیدا، گرفتی كەمی داهات رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبووەوەو حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای دابینكردنی موچەی تەواوەتی فەرمانبەران و خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی نەبوو، هەربۆیە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و بەشێكی زۆری خەڵكی ناڕازیی خواستی ئەوەی هەبوو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم رابگیرێت، تا ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی ئەو دەسەڵاتەی لەهەرێم سەندەوەو بەدڵی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم بڕیاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیدا، بەڵام پاش ئەو بڕیارە گرفتەكان زیاتر بوون و كێشەی مووچەی فەرمانبەران گەورەتربوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار