هاوڵاتی زانیاری نوێ لەبارەی گەیشتنی پارەكەی بەغداو كاتی دابەشكردنی مووچە بڵاودەكاتەوە 

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پێویستە بەزووی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەخۆران رەوانەی بەغدا بكات تا ئەم مانگە لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەغداد پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
د.بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێم كە داوای لیستی مووچەی فەرمانبەران دەكات، بە هاووڵاتی وت" ئەو نوسراوە بۆ ئەوەیە ژمارەی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق بزانرێت تا بڕی خەرجییەكان بزانن و خۆیان بۆ ئەمساڵ ئامادە بكەن كە ئەوەش لەسەر بنەمای ماددەی 77ی یاسای بودجەیەیە".
وتیشی"دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم بەزووی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد بكات تا ناردنی مووچەی فەرمانبەران هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق  دوا نەكەوێت"

وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێك لەسەرەتای مانگەوە دەستبەدابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دەكات و  لەڕۆژی 18 مانگیشەوە دەستبەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دەكات و لەماوەی چەند رۆژێكدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەكانیان وەردەگرن. 

"بۆ ئەم مانگە بەغداد 618 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت كە ئەوەش لەخەرجی راستەقینەوەو ئەگەری هەیە بۆ مانگی داهاتوو بڕەكە زیادو كەمبكات و لەوەدا كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت، بەڵام هەمواركردنەوەی یاسای بودجە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت". ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وای وت.
د.بڕیار رەشید ئەوەشی خستەڕوو" وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ دەستپێكردن بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەوكاتە دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات".
رۆژی یەكشەمەی رابرددوو 14ی كانونی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ ئەم مانگە 618 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و تا هەمواركردنەوەی یاسای بودجەش ناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم بەردەوامبێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار