کەتائیبی حزبوڵا چییە و ئایدۆلۆژییان چۆنە؟
8 مانگ لەمەوپێش
هەناو بابە
رۆژی هەینی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەتۆڵەی هێرشە درۆنییەکەی سەر تاوەری 22ی سەر سنووری ئەردەن و سوریا کە بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، چەند هێرشێکی مووشەکی و ئاسمانی بۆ سەر بنکەو بارەگای گروپی کەتائیبی حزبوڵای عیراقی ئەنجامدا.
هەر لەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەر ئەو تاوەرە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا «پێنتاگۆن» رایگەیاند ، کە ئەو هێرشە لەلایەن کەتائیبی حزبوڵای عیراقی سەر بەئێران ئەنجامدراوە.
دوابەدوای هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ عێراق بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەساڵی 2003 ، کەتائیبی حزبوڵای عێراقی لەگوڵبژێرکردنی چەکدارەکانی گروپێکی ملیشیایی نزیک لەئێران دامەزرا.
بە بەهێزترین گروپی چەکداری لەعێراق ئەژمار دەکرێت و بووەتە چەترێک بۆ لەخۆگرتنی هەموو گروپە تووندڕەوە شیعەکانی دیکەو هەر لەسەرەتای جەنگی غەزەوە تائێستا بەرپرسیارێتی خۆی لەزیاتر لە 150 هێرشی جۆراوجۆر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا راگەیاندووە .
هەر لەدوای دامەزراندنی دەستیکرد بە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازی و شوێنە دیبلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی سەربازە ئەمریکییەکانی لەڕێی قەناس و هاوەن و بۆمبی چینراو کردووەتە ئامانج.
لەساڵی 2009 ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی خستییە ناو لیستی تیرۆرەوە.
لەلایەن ئەبو مەهدی مەهەندیس کە لەساڵی 2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانی لەفرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لەلایەن درۆنێکی ئەمریکییەوە بەئامانجگیران و کوژران، فەرماندەیی دەکرا.
ئایدۆلۆژیای گروپەکە، ئایدۆلۆژیایەکی تووندڕەوی شیعەیە کە بڕوای بەسنووری وڵاتان نییەو بڕاوی بەدەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لەعیراق لەڕێگەی هێزەوە.
شانبەشانی هێزە میلیشیا شیعەکانی دیکە بەشداری لەشەڕی ناوخۆی سووریا لەدژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بەبەشار ئەسەد کردووەو تائێستاش لەدژی هێزە سونەکانی ناو ئەو وڵاتە دەجەنگێت.
هەرچەندە ئەم گروپە هەزاران چەکداری لەخۆگرتووەو خاوەنی دەیان فرۆکەی بێفرۆکەوان و مووشەک و هاوەنی بالیستی مەودا کورتە، بەڵام تائێستاش هەیکەلی فەرماندەیی گروپەکە تا رادەیەک بەنهێنی ماوەتەوەو زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نازانرێت.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند جارێک بنکەو بارەگاو ناوەندی راهینانە سەربازی و لۆجیستییەکانی ئەم گروپەی بۆردومان کردووە.
هەرچەندە ئەم گروپە بەشێکە لەحەشدی شەعبی و وەک هیزێکی ئەمنی یاسایی دانی پیانراوەو بەپێی یاسا سەربازییەکان لەژێر فەرماندەیی سەرۆک وەزیرانی عێراقدان و وەک بەشێک لەحەشدی شەعبی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مووچەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام بەڕای زۆربەی چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان، ئەم بابەتە تەنها بابەتێکی سەر کاغەزەو چ حەشدی شەعبی و چ ئەم گروپە تەنها لەسەر کاغەز سەر بەفەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقن و فەرمانەکانیان لەلایەن ئێرانەوە وەردەگرن و زۆربەی فەرماندە و گروپەکانی ناو حەشد کەوتونەتە ناو لیستی تیرۆر و قەدەغەکردنی سەفەرەوە.