هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیســــلامیی ئێرانو ئەگەری بایکۆتی بەرچاو
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) رۆژی ١-٣-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت . هاوکات هەر لەم رۆژەدا هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی ١ی مارسی ٢٠٢٤ لەچەند مانگ لەوە پێشەوە نیگەرانی ئەوەی لای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە کەبەشداری کەم بێت. بۆیە هەوڵدەدەن لەهەموو میکانیزمێک کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر دەنگی پووچەڵیش بدەن، بەڵام هەر دەنگبدەن. حکومەت بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بەپەسەندکردنی دەسەڵات ناو دەبات.
لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو و بەوتەی بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین رادەی بەشداری هەبوو و رادەی بەشداری بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک ٤٢ لەسەد بوو. لەحاڵێکدا باس لەوە دەکرا تەزویر کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگەکان زیاتر بکرێت و بەپێی بەراوردی ژمارەیەک لەڕێکخراوە چاودێرەکان ئاستی بەشداریکردن کەمتر لە ٣٠ لەسەد بووە.
لەئێستادا ئەوەی نیگەرانی لای دەسەڵات دروستکردووە ئەوەیە لەناوخۆی وڵات دەنگێکی گەورە بەرزبوەتەوە کەئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە وایکردووە هەوڵبدەن پەنا بۆ هەموو رێگاکان بەرن بەوەی بتوانن دەنگی خەڵک رابکێشن و خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشترو ئەو دەمەش کەنیگەران بوون لەوەی کە بەشداری کەم بێت، وتی:» تەنانەت رەنگە کەسانێک هەبن گلەییان لەسیستەم هەبێت و رەخنەییان ببێت، بەڵام ئەو کاتەی دێن و بەشداری هەلبژاردن ئەکەن، ماناکەی ئەوەیە ئەم چوارچێوەیان قبووڵە و متمانەیان پێی هەیەو بە سیستەمێکی شیاوی دەزانن بەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا کاربکەن و بچنە پێشەوە».
لەئێستاشدا دەسەڵات بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خەڵک هانبدات بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وەک پەسەندکردنی خۆی ناودەبات. لەبەرامبەردا خەڵک بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن وەک رێفراندۆم ناودەبەن.
ژمارەی نوێنەرانی مەجلیس و رەوتی خۆکاندیدکردن
هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران هەر ٤ ساڵ جارێکەو ژمارەی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ٢٩٠ کورسییە. ١٤٦ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی رەوتێک ببێت بە زۆرینە. ناونووسین بۆ پاڵێوراوبوون لەهەڵبژاردنی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٢٤ هەزارو ٨٢٩ کەس ناویان نووسی کە ١٢ لەسەدیان ژن بوون. بەگشتی ١٢،٠٣٣ کەس لەلایەن شورای چاودێرییەوە مۆڵەتیان پێدرا ببن بەپاڵێوراو و بەشداری هەڵبژاردن بن، واتە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بەشداربوان لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە.
ئەوانەی بەشیاو نەزانراون بۆ پاڵێوراوبوون
بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی ئەو کەسانەی ناویان نووسیبوو، لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان بۆ ئەوەی بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو خەڵک دەنگیان پێبدەین یان نەیدەن، رەتکراونەتەوە. ئەوانەی رەتکراونەتەوە رەخنەگرانی دەوڵەتن. ژمارەیەک لەکەسایەتییەکانی سەر بەڕەوتی «میانەڕەو»و هەروەها ژمارەیەک لەوانەی بە « ریفۆرمخواز» دەناسران و خۆیان پاڵاوتبوو رەتکراونەتەوە. ئەمەش بۆ یەکدەستکردنەوەی تەواوی مەجلیسە، واتە تەنها پاڵێوراوانی سەر بەڕەوتێکی دیاریکراو کە رەوتی بناژۆخوازەکانن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو رەنگە لەداهاتووشدا ببنە نوێنەر.
بایکۆتی هەڵبژاردن
یەکێک لەنیگەرانییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەوەیە کە بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا کەم بێت. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەسەرجەم خولەکانی هەڵبژاردن لەئێران کەمتر بێت. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی حکوومەتی دروستکردووە. تا ئەو ئاستەی هەوڵ دەدەن کەڵک لەهەموو مێکانیزمێک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەترساندن و هەڕەشەکردن لەوەی (یارانە)، واتە ئەو بڕە پارە کەمەی کەحکوومەت ئەیدا بەخەڵک ئەبڕن تاهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرەکان و.. . لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت کەڵک لەهەستی ئایینی خەڵک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان. ماوەیەک لەوەوپێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشنوێژی شاری مەشهەد بڵاوکرایەوە کەدەیگوت:» ئیمام مەهدی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان چاوەڕوانتانە».
بەپێی راپرسییەک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤/٣ی خەڵک ئامادەنین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و نزیک بە ٧٥ لەسەد ئەو کەسانەی لەڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین.
ئەنجامی راپرسی « خەڵکی ئێران چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ (٢٠٢٤) ئەڕوانن) کە لەلایەن ناوەندی شیکاری و راپرسی ئێرانییەکان (گمان)ەوە ئەنجام دراوەو ناوەندەکە بنکەکەی لەهۆڵەندایە، ئەوە دەرکەوتووە ٧٧ لەسەدی بەشداربوان لەو راپرسییە رایانگەیاندووە ئامادە نین دەنگ بدەن. هەروەها نزیک بە ٨ لەسەدی بەشداربوانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە کەهێشتا بڕیاریان نەداوەو نزیک بە ١٥ لەسەد وتوویانە دەنگ دەدەن.
بەپێی راپۆرتێک کە تەلەفیزیۆنی (ایران اینترناشناڵ) دەربارەی ئەم راپۆرتەی دامەزراوەی (گمان) بڵاوی کردۆتەوە، ئەم راپرسییە لەرێکەوتی ٣١ کانوونی دووهەم تا ٧ی شوبات بەماوەی ٨ رۆژ ئەنجام دراوەو زیاتر لە ٥٨ هەزار کەس لەناوخۆی ئێران بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە.
ئەم دامەزراوەیە جەختی کردۆتەوە، ئەنجامی راپرسییەکە کەسانی خوێندەوار دەگرێتەوە کەتەمەنیان سەرووی ١٩ ساڵەو نیشتەجێی ئێرانن و راپرسییەکە ٩٥ لەسەد جێی متمانەیە.
بەپێی ئەم راپرسییە، لەمانگەکانی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەهەڵبژاردندا، بەو ئەنجامە گەیشتوون بەشداری نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپرسییە، ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران ئاگادار نین کەی هەڵبژاردنی مەجیلسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئەم ڕاپرسییە، خەڵک بێ هیوا بوون لەئەنجامی هەڵبژاردن لە ئێران و ٣٩ لەسەدی ئەو کەسانی ٢٠٢٠ بەشداریان لەهەڵبژاردندا کردبوو ئامادەنین بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن.
تەنانەت بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان و بەپێی راپۆرتێک کەماڵپەڕی (انصاف نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەشداری لەهەڵبژارندەکانی داهاتوودا کەمتر لە ٣٠٪ دەبێت. بەپێی ئەم راپرسییە ئاستی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران نزیک ٢٢٪و لەشاری تاران کەمتر لە ١٥٪ دەبێت.
شۆڕشی ژیناو کاریگەری لەسەر بایکۆت
دیارترین هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کەساڵی ٢٠٢٢ لەئێران سەریهەڵداو چەند مانگی خایاندو لەئێستاشدا دەسەڵات بەردەوامە لەسزادانی ئەو کەسانەی کەبەشداریان بووە لەو ناڕەزایەتییانەدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقز لە ١٦ی ئەیلوول دەستیپێکردو چەند مانگی خایاند بەپێی ئامارەکان نزیک بە ٦٠٠ کوس بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها نزیک بە ٢٠،٠٠٠ (بیست هەزار کەس) دەستگیرکران و ژمارەیەکیان سزای قورسی وەک ئیعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا داسەپا.
لەم خۆپیشاندانەدا خەڵک لەزۆربەی شارەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بەهەموو باڵەکانییەوە کردە ئامانج و دژیان دروشمیان وتەوە. بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا کەئەوان بە (اغتشاشات (بشێوی) ١٤٠٠) ناوی ئەبەن، کاریگەری دەروونی داناوە لەسەر خەڵک کەمتمانەیان بەدەسەڵات نەبێت و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن. لە هەمانکاتدا باس لەوە ئەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان کاریگەرییەکان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک ئامادەنەبن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا.
ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :» تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتیە سێلێبریتییەکان و میدیاکان هاندەرن بەوەی خەڵک لەدەسەڵات سارد بکەنەوەو بەشداری نەکردن وەک بەهایەک چاوی لێدەکرێت. «
ماڵپەڕی تەسنیم کە بەهەمانشێوە سەر بە سپای پاسدارانە بەتووڕەییەوە نیگەرانی خۆی لەسەر ئاستی بەربڵاوی ئەو دەنگانەی وەک دەنگی بایکۆت دەرئەکەون دەربڕیوەو نووسیویەتی ، تەنانەت ئەمجۆرە بانگەشە کردنە بۆ بەشداری نەکردن لەناو میدیای حکوومەتیشدا دەبینرێت. هەروەها دەربارەی ئەو کاسەیەتییە هونەری و وەرزشی و سیاسیانەی کە پشتیوانی بایکۆتن، زمانی هەڕەشە بەکاردەبات و ئەڵێت :» بەئاشکرا بانگەوازکردن بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێ وەک تاوان بزانریت و بانگەشەکاران دەبێ سزابدرێن.»
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەکوردستانەوە دەستیپێکردو بەشی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر ماوەو تەنانەت هەندێک کەس ئەم دەورانە وەک دەورانی بێدەنگی ئەو شۆڕشە دەبینن و لایان وایە توانای هەیە هەردەم سەرهەڵبداتەوە. یەکێک لەکاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە، دابڕانە خەڵکە لەدەسەڵات تا ئاستێکی زۆر. تائەو ئاستەی وەک لەراپرسییەکەی ناوەندی (گمان) دا دەرئەکەوێت نزیک بە ٧٥ لەسەدی خەڵک خوازیاری رووخانی دەسەڵاتن. بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێکە لەدەرکەوتەکانی ئەو دابڕانە.
یەکدەست بوونەوەی دەسەڵات
یەکێکی تر لەهۆکاری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن زۆر بێت ئەوەیە دەسەڵات خۆی یەکدەست کردۆتەوە. ئەگەر لەساڵانی رابردوو و بەتایبەت لەدوای هاتنەسەر کاری خاتەمییەوە خەڵک لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانیان بە سەر دوو رەوتی دیاری «ریفۆرمخواز» و « بناژۆخواز»دا دابەش دەکرد، لەئێستادا ئەو دوو بەرەیە بەجیاوازییە کەمەکەشیانەوە نەماون. ئەوەی ماوەتەوە رەوتی ناسراو بە «بناژۆخواز»ە کە خامنەیی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارو سپای پاسداران وەک باڵی سەربازی دەسەڵات روخسارەکانی ئەم رەوتەن. شورای چاودێری (شورای نگهبان) وەک فیلتەری ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پاڵاوتن ناونووس کردبوو، شیاو بوونی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کەسەکانی بۆ بوون بەپاڵێوراو رەت کردووەتەوە، زۆربەی ئەوانەش کەڕەتکراونەتەوە کەسانێکن کە رەخنەیان هەیە لەدەوڵەتی رەئیسی یان گومان دەکەن سەر بەرەوتی خۆیان نەبن.
نەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت، وا دەکات خەڵک کەمتر ئامادە بن بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان وەک ئەحمەدی نەژادو کەسە نزیکەکانی یان حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشتری ئێران لەبەرەی بایکۆتدان و بەتایبەت ئەحمەدی نژاد زۆر بەئاشکرا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات. حەسەن رووحانیش کە سەرۆککۆماری پێشتری کۆماری ئیسلامی بوو پێش رەئیسی و نزیک بوو لەریفۆرم خوازەکان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی « ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری» ناونووس کردبوو، بەڵام لەلایەن شورای چاودێری لەسەر هەڵبژارنەکانەوە شیاوبوونی رەتکراوەتەوە.
کوردستان و هەڵبژاردنەکان لەئێران
یەکەم هەڵبژاردن و دەنگدان کە لەئێران کرا، رێفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵی یان نا، لەرێکەوتی ١ی ئاپریلی ١٩٧٩، کوردستان بەزۆری ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. لەچەندساڵی رابردووشدا کوردستان لەچاو شوێنەکانی تری ئێران زۆر کەمتر بەشداری لەهەڵبژاردن کردووە. تەنها دەورەیەک کە کوردستان ئامادەیی بەرچاوی هەبوو لەهەڵبژاردندا، خولی یەکەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی بوو لەساڵی ١٩٩٧. ناتق نووری کەوەک کەسی بەرامبەری خاتەمی دەرکەوتبوو، نوێنەری باڵی دەسەڵاتدارو بناژۆخواز بوو و خاتەمی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخواز دەرکەوتبوو. کوردستان بەهیوای ریفۆرم و وەک وەستانەوەش بەرامبەر بەپاڵێوراوی دەسەڵات، زیاترین دەنگیان بەخاتەمی دا.
جگە لەو سەردەمە، لەزۆربەی زۆری هەڵبژاردنەکان لەکوردستان، ئاستی بەشداری خەڵک زۆر کەمتر بووە لەناوچەکانی تری ئیران. بەپێی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاستی ٣٢ لەسەدی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداریان لەهەلبژاردندا کردبوو. کەدوای پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کەمترین رێژەی بەشداری بووە. رێژەی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران کەمتر لە ٢٢ لەسەد بووە.
حزبە سیاسییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بێ دوودڵی خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا ناو هەندێ لەحزبەکان جۆرێک گومان هەبوو.
ئەو کەسانەی لەکوردستان و پارێزگا کوردنشینەکان خۆیان پاڵاوتووە، تائێستا گومانیان هەیە بەوەی کەبتوانن ناوەندی بانگەشەکردن دابنێن. دەوترێت خاوەن دووکانەکان ئامادەنین شوێن بدەن بەپاڵێوراوان بەوەی بانگەشەی تێدا بکەن، بۆیە حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بانگەشەکردن لە رێگای تەلەفیزیۆنەوە بێت.