لە دهۆک دوو بازرگانی مادەی هۆشبەربە ٥١ کیلۆگرام مادەی ھۆشبەرەوە دەستگیرکران

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە مانگی 02ـی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو."

ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مادەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە.

ئەوەشی خستە روو، هەردوو تۆمەتبار لە ئیستادا دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەندین جار لە سنووری دهۆک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەسگیر کراوە و چەند جارێکیش رووبەڕووبوونەوە روویداوە، لە یەکێک لەو رووداوانەدا مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە سێمێل باندێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان تەقەیان لە هێزێکی ئەمنی کرد و هەڵهاتن و یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە کە دەستگیرکرا و 45 کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبوو

بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار