کارەکانی سەرژمێری ئەزموونی بەردەوامن و ماوەی 14 رۆژ دەخایەنێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
سەرژمێری ئەزموونی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ماوەی 14 رۆژ بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە هاوڵاتی رایگەیاند، "دوێنی 31ی ئایاری 2024 لە 18 لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێری ئەزموونی دەستیپێکرد و ماوەی 14 رۆژ دەخایەنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم سەرژمێری ئەزموونییە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە توانای ئەو کادرانەی کە راهێنراون و سەرژمێری ئەمجارە سەرژمێرییەکی ئەلیکترۆنییە و لە دوای تەواوبوونی ئەو 14 رۆژە پێداچوونەوەی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی هەر کەموکوڕییەک هەبێت چارەی بکەین".
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی وتی، "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 هەزار مامۆستا و لە عێراق زیاتر لە 120 هەزار مامۆستا بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی سەرژمێری دادەنرێن".
وتیشی، "لە 15ی تەموز قۆناغێکی دیکەی ژمارە لێدان و گەمارۆسازی دەستپێدەکات و ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، دواتر لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕم بەسەر خێزانەکاندا بۆ سەرژمێری گشتی دەستپیدەکات".
