منداڵپارێزی کوردستان: زیاتر لە هەزار و 247 منداڵ لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانە وهاوڵاتی  بەدواداچوونی بۆ دۆخی منداڵانی ئیشکەر کردووە لەشەقام و بازاڕەکانی هەرێمدا و منداڵپارێزی کوردستانیش دەڵێت، ئەو سزایەی دەدرێت بەسەر دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا کە کاردەکەن بڕەکەی زۆرکەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە دووبارە نەخرێنە بەر کار لەلایەن دایک و باوکیانەوە.

نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری منداڵپارێزی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، "لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بەردەوام چاودێری ئەو منداڵانە دەکەن کە کاردەکەن و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە دایک و باوکی ئەو منداڵانە ئاگادار دەکرێنەوە"

باسی لەوەشکرد، "بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی کاردەکەن بە پلەی یەکەم منداڵی ئاوارەکانن کە لە هەرێم نیشتەجێن بە تایبەت منداڵی پەنابەرە سورییەکان و بە پلەی دووەم منداڵی  کۆچەرییەکانن (قەرەج) و کەمترین ریژەی منداڵی ئیشکەریش سەربە دانیشتوانی  ناوخۆی هەرێمن هاوکات ئەو منداڵانەی کاردەکەن کچ و کوڕیشیان تێدایە".

منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن کەمدەبێتەوە و بە گوێرەی نوێترین داتاکانی ئەو ڕێکخراوە ژمارەی ئەو منداڵانەی ئیشیان لەسەرکراوە و   بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێم کاردەکەن بەم شێوەیە دابەشبوون:

- پارێزگای سلێمانی : 443 منداڵ.
- پارێزگای هەولێر: 390 منداڵ.
- پارێزگای دهۆک: 414 منداڵن.

وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە منداڵانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەرزترەو منداڵپارێزیش هۆکاری بەرزی ژمارەکە بۆ هەبوونی کێشەی تەکنیکی وەک دابینکردنی سەیارە و کاتەکانی کۆکردنەوەی داتاکان و نەبوونی ژمارەی پێویستی پۆلیسی نەوجەوانان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەگەڕێنێتەوە.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە منداڵپارێزەوە دەستی کەوتووە زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە کاریان پێدەکرێت لە لایەن دایک و باوکیانەوە "ئیستیغلال" کراون و کاریانپێدەکرێت لە کاتێکدا خۆیان توانای کارکردنیان هەیە.

هەروەها بە شێکی زۆری ئەو منداڵانەی بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێن زیاتر منداڵی ئاوارەوپەنابەرەکانن و منداڵپارێزدەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەردەوام شوێنی نیشتەجێبونیان دەگۆڕن ئاسانتر دەتوانن ئیستیغلالی منداڵەکانیان بکەن و خۆیان لە سزا و ڕێکارە یاساییەکان بدزنەوە".

لە ئێستادا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە دوای دەستنیشانکردنی منداڵەکان لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە لێپێچینەوەی یاسای لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا دەکرێت و بەڵێننامەیان پێپڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەخرێنەوە سەر کار و لە کاتی پێشێلکردنی ئەمەدا دایک و باوکەکان سزای مادی دەدرێن.

سەرچاوەیەکیش لە منداڵپارێزی کوردستان بە هاوڵای وت، "ئەو بڕە پارەیەکی لە دایک و باوکی منداڵەکان وەردەگیرێت بڕەکەی زۆر کەمە و یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بەڵام بەهۆی کارنەکردنی  پەرلەمانی کوردستانەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کە مندال هەیە دایک و باوکی زیاتر لە جارێک بەڵێنامەیان پێپڕکراوەتەوە سزا دراون بەڵآم دووبارە خراونەتەوە سەر کارکردن".

لە رۆژی جیهانی مداڵاندا، بەهۆی کەموکورتی و بێباکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبونی ڕێکار و یاسای پێویست بۆ پارێزگاری کردن لە منداڵانی ئیشکەر لە بازاڕەکان و شوێنە جیاجیاکانی هەرێمدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ کاردەکەن و مەترسی توندو تیژی سێکسییان لەسەرە  و لە بەشێکی زۆری مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار