هۆشداری بە دایکان و باوكان دەدرێت لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەنێو منداڵاندا

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

هەموو ساڵێک، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و رشانەوە لەنێو منداڵاندا زیاددەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی پلەی گەرما کە دەبێتەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو، خراپ هەڵگرتنی خۆراک و گەشەکردنی هەندێک جۆری بەکتریا، بێجگە لەمانە منداڵ لە پلەی گەرمیی بەرزدا زیاتر وشکدەبێتەوە و کەمتر بەرگەی سکچوون و رشانەوە دەگرێت.

د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پاتەیە ساڵانی رابردووش لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ژمارەی نەخۆشەکانمان بە تووشبوون بە پەتای سکچوون و رشانەوە زیاتر دەبێت بەراورد بە نەخۆشییەکانی دیکە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان روونیشیکردەوە، "لەوانەیە رۆژانە 50 بۆ 60 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە بێت لەو رێژەیە 25 بۆ 30 منداڵایان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کە زیاتر هۆکارەکەی بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوەیە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ساڵانە لەم وەرزەدا رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چوونە دەرەوەی زیاتری هاوڵاتییان بۆ گەشت".

د. کۆیان زاهیر رێنمایی هاوڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات خۆیان لە خواردنی دەرەوە و سەوزەواتەکان بپارێزن و گرنگی زیاتر بە پاک و خاوێنی بدەن و خواردنی ماڵەوە بۆ جاری دووەم گەرم نەکەنەوە و میوەکان بە باشی بشۆنەوە.

لای خۆشییەوە د. پشدەر عەبدوڵڵا،  پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رێنمایی بە دایکان و باوكان دەدات و دەڵێت، بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنرێت:

- کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە.
- هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگردا.
- شۆردنەوەی تەواوی سەوزە و میوە.
- شۆردنی زووزووی دەستی منداڵ بەتایبەت پاش چوونە تەوالێت.
- پاکراگرتنی تەوالێت و حەمام.
- خاولی، پەرداخ، کەوچک و کەرەستەی دیکەی یەکدی بەکارنەهێنرێت
- دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەکان.
- باشکوڵاندنی گۆشت و خواردنەکانی دیکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار