دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێن

3 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە چەند رۆژی رابردوودا و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، هەزاران هێکتار (هەر هێکتارێک چوار دۆنمە) لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە ئیلام و ئەیوان و داڵاهۆوە بگرە تا دەگاتە جوانڕۆ و پاوەو مەریوان ئاگری گرتووە. 

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونی پووش و پاوەنەکان، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێت. سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس بووە بە پرسێکی گرنگی ژینگەیی. 

ئەنجومەنی "چیای سەوزی مەریوان" لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلگرام رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران رایگەیاند کە دارستانەکانی نزیک ئاوایی سەردۆشی سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە هەوڵی ژینگەدۆستان توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

 رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان رایگەیاند، "دارستانەکانی دەورووبەری ئاوایی "نەچێ" سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە دەستی ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان و خەڵکانی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".

دارستانەکانی دەورووبەری پاوەو جوانڕۆ لە 5ی حوزەیرانەوە ئاگری گرتووە، ژینگە پارێزەکان لە پاوەو جوانڕۆ و شوێنەکانیترەوە روویانکردۆتە ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستاش سووتانی دارستانەکانی پاوە هەر بەردەوامە و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیران توانراوە ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ کۆنتڕۆڵ بکرێت.

دەوری هێزە خۆبەخش و ژینگەپارێزەکان
عەدنان حسەینی، یەکێک لە ئەندامانی بەشی راگەیاندنی چیای سەوزی مەریوان بە هاوڵاتی راگەیاند، "نیگەرانین لە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، لە هەمانکاتدا هەوڵ و ماندوو بوونی ژینگەپارێزەکانی بەرز دەنرخێنین کە ماندوونەناسانە و خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان".

حسەینی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی، "ژینگەپارێزەکان لە راستیدا پارێزەرانی دارستانەکانی کوردستانن. دارستانەکانی کوردستان سەرمایەیەکی گەورەی سروشتی ئێمەن، بەڵام هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بە پلانەوە ئیش ئەکرێت بۆ نەهێشتنی دارستانەکان".

ژینگەپارێزکی دیکەش بۆ هاوڵاتی دواو وتی، "ئێمە لە بەردەم جینۆسایدی ژینگەییداین. ئەم جینۆسایدی ژینگەییە زیاتر لە دوو دەیەیە لە کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمە خۆنەویستانە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، سەرەڕای ئەوەی گیانمان ئەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام سوورین لەسەر ئەوەی دارستانەکان بپارێزین".

ئەندامێکی ژینگەپارێزی شاری "پاوە" لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، " ئەمساڵ لە 4ی حوزەیرانەوە دارستانەکانی بووزین ئاگری گرتووە, تائێستاش نەمانتوانیوە بە هۆی رژدی رێگاکە و چڕی دارستانەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام هەر بەردەوامین و خەڵک خۆبەخشانە لە هەموو شوێنەوە بە هانامانەوە هاتوون".

ئەم ئەندامە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "ژیوا"ی شاری پاوە بە ئاماژە بە سێ کەس لە ژینگەپارێزەکانی پاوە کە 29ی حوزەیرانی 2020 لە دارستانەکانی " بووزین " و "مەرەخێڵ" گیانیان لەدەستدا، وتی "نزیک چوار ساڵ لەوە پێش سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە بە ناوەکانی "موختار خەندانی" ، "یاسین کەریمی" و "بیلال ئەمینی" لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا گیانیان لە دەستدا".

هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە

عەدنان حسەینی، ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، چەند هۆکاری دیاریکردووە بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکان. ئەو لای وایە ئاگرەکان سروشتی نین. هەم دەستی لایەنی سەربازی و حوکمی تێدایە و هەم دەستی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە دەیانهەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان، دەست بە سەر ناوچەکەدا بگرن.

حسەینی دەڵێت، "زیاتر باس لە سووتانی دارستانەکان ئەکرێت، بەڵام تەنها سووتاندن نییە. لە وەرزە جیاوازەکاندا بڕێنەوەی دارستانەکان هەیە. بە رۆژی روون بە بەرچاو ناوەندە حکوومەتی و بەرپرسەکانەوە دارستانەکان تاڵان ئەکرێن، بەڵام کەس ناپرسێتەوە".

لایەنێکی سەربازی، خۆی نەیشاردووەتەوە هۆکارە بەوەی ئاگر لە دارستانەکان ئەکەوێتەوە. چ لە کاتی نمایشی سەربازی وەک ئەوەی ساڵی پار روویدا، یان بە شێوەیتر وەک دەڵێن دەیانهەوێت بتوانن توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان هەبێت.

ئەندامە ژینگەپارێزەکەی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی وت، "بە ئاشکرا دەستی حکوومەت لە سووتاندنی دارستانەکاندا ئەبینرێت. سوپای پاسداران هەموو ساڵێک ئەم ئاگرانە ئەخاتەوە. خەڵکانیتریش کەدەستیان هەیە لەو ئاگرەدا ، پلانەکانی سوپای پاسداران جێبەجێ ئەکەن".

کەسێکی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو کەس ئەوە ئەزانێت ئەم ئاگرانە بۆ کەوتوونەتەوەو ئەکەونەوە. ئەوان زەوی سووتاویان ئەوێت. دەیانهەوێ قڕمان بکەن. بەس ئێمە ناهێڵین".

یارمەتییە حکوومەتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە
حسەینی لەمبارەوەیەوە دەڵێت، "ناتوانین بڵێین لایەنە حکوومەتییەکان لە سەدا سەد هیچ کارێک ناکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەڵام کەمتەرخەمن. تا ئێستاش نەبووە کۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. خەڵک بە پاچ و پێمەڕە و باوشە داری تەڕەوە رووبەڕووی ئاگر ئەبنەوە.حکوومەتیش کە ئاگرەکە تەواو بو دەردەکەون".

ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی "ژیوا" ئەوەشی وت، "ئەوانەی کە دێن بە هانای بانگەوازەکانمانەوە خەڵکانی دڵسۆزن. ژیانیان  بۆ ئەم ژینگەیە تەرخان کردووە. بە ژن و پیاوەوە، بە کوڕ و کچەوە، هەر یەکەو بە گوێرەی تواناییەکانی خزمەتکردنن، حکومەت نەیویستووەو نایهەوێت یارمەتیمان بدات. بەڵام ئێمە بەردەوامین و واز ناهێنین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار