لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا توركیا 27 جار بۆردوومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كامەران عوسمان، بەتەنیا لەمساڵدا هەشت هاووڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردومان و لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم شەهیدبوون.
ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، كامەران عوسمان لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، زۆرترین هێرشی سوپای توركیا بۆ ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك بووە.
دەشڵێت، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا بەم جۆرە بووە، پارێزگای دهۆك 365 هێرش و بۆردومان، پارێزگای هەولێر 356 هێرش و بۆردومان، پارێزگای سلێمانی 102 هێرش و بۆردومان و لە پارێزگای نەینەواش 10 هێرش و بۆردومان ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەتەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای توركیا 27 بۆردومانی بۆ سەر زنجیرە چیای مەتینا و گەلی ڕەشاڤا لە قەزای ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لوتكەی كوڕاشەڵ و بناری چیای كێوەڕەش لە ڕانیە، چیای جاسوسان لە قەزای پشدەر، گوندی كانی میرانی كۆماری و نزارە لە قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە.
کامەران عوسمان ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا توركیا 27 جار چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی بۆردومانكردووە، لەمساڵیشدا 833 هێرشی ئەنجامداوە و بەوهۆیەوە هەشت هاووڵاتی شەهیدبوون
