بوودجەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی، گەیشتۆتە زیاتر لە 91 میلیارد دۆلار

2 هەفتە لەمەوپێش



بە پێی دوو راپۆرتی جیاواز کە بڵاو بۆتەوە ئەوە دەرکەوتووە بوودجەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی لە ساڵی 2023 لە دونیا 13% زیادی کردووەو لە ساڵی رابردوودا 91.4 میلیارد دۆلار سەرفی بەرهەمهێانی چەکی ناوەکی کراوە لە هەموو دونیا.

بە پێی ئامارەکان، ساڵی 2022 بە گشتی لە دونیا 80.7 میلیارد دۆلار سەرفی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی کراوەو ئەوەی کە لە ساڵی 2023دا و لە ماوەی ئەم ساڵەدا 10.7 میلیارد دۆلار لە چاو ساڵی پێشتر سەرفکراوە بۆ بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی، بە زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەنگانەی لە ئێستادا هەن بە تایبەت جەنگی رووسیا و ئۆکراین و ئیسرائیل و غەزە و هەر بە بۆنەی ئەم جەنگانەوە لەم ساڵەدا ئەمریکا بوودجەی سەربازی خۆی زۆر زیاتر کردووە.

بە پێی راپۆرتی گرووپی " کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان " (international Campaign to Abolish Nuclear Weapons) کە رۆژی دووشەممە 17 ی حوزەیران بڵاو کرایەوە، ئەو 9 وڵاتەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمین، بوودجەی خۆیان لەم بارەوە زیاتر کردووەو هەوڵ ئەدەن پەرە بە بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی بدەن.

ئەمریکا یەکەم وڵاتە کە زۆرترین بوودجەی بۆ بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی تەرخان کردووەو بە تەنها زیاتر لە نیوەی بوودجەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی لە دونیا، لە لایەن ئەمریکاوەیە و 51.5 میلیارد دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە.

دوای ئەمریکا چین دووهەم وڵاتەو 11.9 میلیارد دۆلار بوودجەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە.

هەرچەن بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا، زۆر کەمترە.

دوای چین رووسیا سێهەم وڵاتە کە 8.3 میلیارد دۆلاری بۆ پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی تەرخان کردووە.

بەریتانیا 8.1 میلیارد دۆلار و فەرەنسا 6.1 میلیارد دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە.

لەم راپۆرتەدا باس لە بوودجەی وڵاتانی وەک کۆریای باکوور نەکراوە.

لە راپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە نەیانتوانیوە دەستیان بە زانیارییەکانی وڵاتانی هێندستان، پاکستان و ئیسرائیل بگات بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی ، بەڵام گومان لەوەدا نییە ئەو وڵاتانەش پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی ئەدەن.

هەروەها بە پێی راپۆرتی "ئەنیستیتۆی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم" (Stockholm International Peace Research Institute() )ئەوە دەرکەوتووە، ئەو وڵاتانەی خاوەن چەکی ناوەکین، خەریکی نۆژەنکردنەوەی چەکەکان و تەنانەت جێگیکردنی چەکی نوێ بە كڵاوەی ناوەکیەوەن و بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ پەرەپێدان بە چەکی ناوەکی و بوودجەیەکی زیاتریان تەرخان کردووە.

سۆزی سنایدەر، یەکێک لە نووسەرەکانی راپۆرتی " کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان" لەگەڵ ئەوەی نیگەرانە لەوەی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، زیاتر پەرە بە بەرهەمهێنانی و نۆژەنکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان ئەدەن و پارەی بۆ سەرف ئەکەن، باس لەوە ئەکات بەم شێوەیە بێت گومان ئەکرێت لە داهاتوودا هەموو ساڵێک ١٠٠ میلیارد دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چەک ئەتۆمی تەرخان بکەن.

ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە باس لەوە ئەکات ئەم بڕە پارە زۆرەی کە تەرخان ئەکرێت بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدان بە چەکی ناوەکی، ئەکرێت تەرخان بکرێت بۆ بەرنامەی گرینگی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی.

سۆزی سنایدەر لای وایە، بەم بوودجە زۆرەوە ئەکرێت بەر بە گۆڕانی کەش و هەوا بگیردرێت، دەیان جۆر ئاژەڵ و رووەک لە لەناوچوون بپارێزرێن، ئەم بڕە پارە زۆرە تەرخان بکرێت بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی لە دونیا و بێگومان گۆڕانی زۆر گەورە دروست ئەکات.

بە پێی راپۆرتی کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکان، لە پێنج ساڵی رابردوودا بوودجەی تەرخانکراو بۆ چەکی ناوەکی 34 لەسەد یان وەک ئەوترێت 23.2 میلیارد دۆلار زیادی کردووە.

ئەم زیادکردنی بوودجەیە لە ئەمریکا 45 لەسەد و لە بەریتانیا 43 لەسەد بووە، پێش بینی ئەکرێت ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت لە ساڵی 2024 زیادکردنی بوودجەی بەرهەمهێنای چەکی ناوەکی 100 میلیارد دۆلار تێپەڕێنێت.

هەروەها لەم راپۆرتەدا باس لەوە کراوە، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیا، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئۆکراین و هێرش بۆ ئەو وڵاتە، زۆرجار باسی لە وێستگە ناوەکییەکانی ئەو وڵاتە کردووەو دونیای رۆژئاوای ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لەوەی کە بە شێوەی راستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازی بکەن لەو جەنگەدا.

لە راپۆرتی ئەنیستیتۆی نێونەتەوەی لێکۆڵینەوەی ئاستی ستۆکهۆڵمدا باس لەوە کراوە، كڵاوە ناوەکییەکان لە دونیا تا رادەیەک کەمتر بووەنەتەوەو لە 12 هەزار 512 كڵاوەی ناوەکییەوە لە 2023 دابەزیوە 12 هەزار و 112 کڵاوە ناوەکی لە سەرەتای 2024دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار