یەکێتی داوای لە کۆمەڵەکان کردووە کەمپەکانیان چۆڵ بکەن

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رۆژانی رابردوودا و پێش جەژنی قوربان، هەر سێ لایەنی کۆمەڵە، کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانیان ئاگادار کردۆتەوە پێویستە بە زووترین کات و تا دوای جەژن، کەمپەکانیان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە ڕادەستبکەن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، هەر سێ لایەنی کۆمەڵە ئاگادار کراونەتەوە پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ چۆڵکردنی کەمپەکان و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، بە زۆری هێز کەمپەکانیان پێ چۆڵ ئەکرێت.

ئەم گوشارانەی یەکێتی نیشتمانی و ئاسایشی یەکێتی دوای ئەوە دێت، کە ساڵی رابردوو لە ژێرگوشاری ئێران و بەهۆی رێک کەوتنی ئەمنی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئێران، کەمپەکانی کۆمەڵە و دیموکرات تەنها کەسانی مەدەنی و بنەماڵەکان تێیدا جێگرن و هێزی پێشمەرگە بە ئاگاداری لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنیتر گواستراونەتەوە.

لەم پەیوەندیەدا هاوڵاتی هەوڵیدا پەیوەندی بە سێ لایەنی کۆمەڵەوە بکات.

دوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام سەرەڕای تەلەفۆن کردن، لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

ڕووداوەکە چۆن بووە؟ عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی مەکتەب سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە لە لایەن ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەر سێ لایەنی کۆمەڵە بانگکراون و پێیان راگەیەندراوە بە زووترین کات پێویستە کەمپەکان چۆڵ بکەن.

بە هەمان شێوە، سروە ناسری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هاوڵاتی راگەیاند، بەڵێ هەرسێ لایەنی کۆمەڵە ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات کەمپەکان چۆڵ بکەین و لە راستییدا ئەمە گوشارێکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە و لە رێگای لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم و ئاسایشی یەکێتییەوە ئەخریتە سەر کۆمەڵە.

عەبدوڵڵا ئازەربار هەر لەم پەیوەدەدا بە هاوڵاتی وتی، بانگیان کردووین و پێیان وتووین وەک بەشێک لە ریککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق- ئێران پێویستە کۆمەڵەکان لە یەک شوێن نیشتەجێ بکرێن و لە کەمپێکدا بن، ناوی سوورداش و عەربەت هاتووە.

رەنگە ئەو ناوانە هەر وەک ناو بن.

ئازەربار لای وایە ئەمە دەرئەنجامی سەفەری ئەم دواییانەی (عەلی باقری) سەرپەرەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە بۆ هەولێر و بەغداد لەم دواییانەدا.

کەمپەکان شوێنی کەسانی مەدەنین لە دوای بۆمبارانکردنی کەمپەکانی کۆمەڵە و دیمۆکرات و بە تایبەت لە ساڵی رابردووەوە، کەمپەکانی کۆمەڵە و دیمۆکرات زیاتر شوێنی مانەوەو حەسانەوەی بنەماڵەکان و کەسانی مەدەنین.

پێشمەرگە بە هۆی رێککەوتنە ئەمنییەکەی حکوومەتی هەرێم و ئێرانەوە گواستراونەتەوە بۆشوێنێکی تر.

هەروەها ناوچە سنوورییەکانیان بەجێهێشتووە.

سروە ناسری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،" کەمپی کۆمەڵە شوێنی چالاکی پێشمەرگانە نییە.

لە راستییدا شوێنی مانەوەو حەوانەوەی بنەماڵەکانە.

ژن و منداڵ تێیدا نیشتەجێن.

ئێمە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەو کەمپانەین.

وەک گوندێکی کوردستانی عێراقی پێکهاتووە.

ناکرێت و ناتوانین چۆڵی بکەین.

ئێمە لە پەیوەندییداین لەگەڵ لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.

عەبدوڵڵا ئازەربار ، ئەندامی مەکتەب سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، بە هاوڵاتی وت،" ئەمە بۆ ئێمە مومکین نییە بتوانین ئەم کەمپانە چۆڵ بکەین. ئەمە وەک سزایەک ئەبینین بۆ خۆمان.

وەک گوشارێکی دەروونی و شەڕێکی دەروونییە لەگەڵمان ئەیکەن.

ئێمە ئەم کەمپانەمان بە رەنجی شانی خۆمان، بە ئەزیەت و ئازار ئاوەدان کردۆتەوە.

ئێستا کە تەنها کەسانی مەدەنی تێدان، بنەماڵەکان لەوێ نیشتەجێن، بۆکوێ بچین.

ئەوان دەڵێن ئێمە بچینە شوێنێکیتر.

ئەمە مومکین نییە بۆمان، بارقورسییەکی زۆرە بەسەر شانمانەوە.

ئێمە ئێستا لە ناو ئەم کەمپانەداین کە بەس کەسانی مەدەنی و بنەماڵەکانی تێدان، چ جیاوازییەک هەیە لێرە بین یان لە شوێنیتر.

ئەیانهەوێ بچێنە ژێر خێمە و ناوچادر، لە ناو خاک و خۆڵ و قۆڕ ، بێ سەرەتاییترین ئیمکانەکانی ژیان ، ئەمە مومکین نییە بۆمان و ئامادە نین بە ئاسانی چۆڵی بکەین، ئەگەر هەر زۆریشیان بەکار هێنا و زیلیان هێنا و بنەماڵەکانیان تێ خست، با مێژوو بڕیار بدات، بەس ئێمە بە ئاسانی چۆڵی ناکەین.

چالاکی سەربازی ڕاگیراوە.

هەر دوو ئەندامی رێبەری کۆمەڵە – لقی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سوورن لەسەر ئەوەی ئەوان ئێستا هیچ چالاکییەکی سەربازییان لە سەر سنوورەکان یان لە ناو کەمپەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە نییە.

سروە ناسری ئەڵێت،" ئێمە بەڵێنمان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوە چالاکی سەربازیمان رابگرین.

لە راستییدا ئێستا ئێمە زیاتر کار لە سەر رێکخستنی ناو شارەکان ئەکەین. کەمپەکان لە ئێستادا تەنها شوێنی مانەوەی بنەماڵەکانن. یان ئەو کەسانەی بە هۆی نەخۆشی یان چوونەسەرەوەی تەمەنەوە توانای جەستییان لاوازە.

پێشمەرگە لە شوێنیتر نیشتەجێن".

عەبدوڵڵا ئازەربار ئەڵێت،" نە هۆی رێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئێمە چالاکیە سەربازییەکانی خۆمان راگرتووە.

ویستوویانە فێرگەمان لەوێ نەبێت و بەو شێوەیە نەبێت کە پێشتر بوو، بە قسەمان کردوون.

داوایان کردووە ڤیدیۆی نمایشی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکان بڵاو نەکەینەوە، تا ڕادەیەکی زۆر وامان کردووە.

ئێمە لە دۆخی هەرێم تێ ئەگەین و نامانهەوێ کێشەیەک دروست بێت.

بەڵام ئەوانیش پێویستە دۆخی ئێمە لەبەرچاو بگرن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار