بەرەی گەل، ئەو خێزانانە لە دەسەڵاتی خراپی پارتی و یەکێتی رادەکەن

12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەی گەل، بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکومەت و دەسەڵات، بەرامبەر بە یەختەکەی کەناراوەکانی ئیتالیا مایەی شەرمەزارییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، بەری گەل راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و رایگەیاند، جارێکی تر و لە هەواڵێکی تری جەرگبڕ و کارەساتاویدا ، هەواڵی ژیان لە دەستدانی چەندین هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستان لە یەختێکدا نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیامان پێ گەیشت.
دەشڵێت، لە کاتێکدا هاوخەمی خۆمان بە کەس و کاری ئەو قوربانیانە رادەگەیەنین و بەشداری پرسە و ماتەمیانین، لە هەمان کاتدا ئیدانەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی حکومەت دەکەین.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەی حکومەت و دەسەڵات، مایەی شەرمەزارییە و پێویستە دەستبەجێ بەدەم کەس و کاری ئەو قوربانیانەوە بڕۆن و هاوکاریان بن لە هێنانەوەی تەرمەکان.
کارەساتی لەمجۆرە پێویستی بە بەدەمەوەچوونی خێرا و دەستبەجێ هەیە، ئەوەی رودەدات لە خەمساردی لوتکەی نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر هاونیشتیمانیان.
سەبارەت بە کۆچکردنی هاوڵاتیان ئەوەی خراوەتەڕوو، ئەو خێزانانە لە دەسەڵاتی خراپی پارتی و یەکێتی رادەکەن، لە هەرێمێک را دەکەن کە خوای گەورە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی بۆ ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانە پێ بەخشیوە بەڵام گەندەڵی و تاڵانی و چەتەیی و هەموو جۆرەکانی بەدکاری وایکردوە خەڵک رێگای مەرگ بگرنە بەر و وڵاتەکەی خۆیان و دۆست و کەس و کاریان بە دوای ژیانێکدا کە شایستەی ژین بێت جێدەهڵێن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدادەڵێت، جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیەکان دەکەین ، خوای گەورە سەبوری کەس و کاریان بدات.
