zhyr

لەشفرۆشی لە بەلجیکا ئاساییکرایەوە و حکومەت مامەڵەی کارمەندی فەرمی لەگەڵ سۆزانییەکان دەکات

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

سۆزانییەکان لە بەلجیکا لەمەودوا دەتوانن وەک هەر خاوەن کارێکی دیکە گرێبەستی کاریان هەبێت و لەلایەن حکومەتەوە وەکو کارمەندێکی فەرمی سەیردەکرێن.
دوای ئەوەی بڕیارێک لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە لە ئایاری ئەمساڵدا دەرکرا، سۆزانییەکان بەم زوانە دەتوانن گرێبەستی کار بکەن و وەک هەر کارمەندێکی سێکتەرەکانی دیکەی کارکردن مافیان دەبێت لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، لەوانە خانەنشینی.

لە پێشووتردا، سەماکەر و ئەوانەی مەساجیان بۆ خەڵک دەکرد لە بەلجیکا بە یاسایی کاریان دەکرد، بەڵام سۆزانییەکان وەک شاگرد گرێبەستی کارکردنیان بۆ دەکرا.

بە گوێرەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی یاسا نوێیەکە دەکەن، بەو جۆرە دەستدرێژی و ئازاردانی سۆزانییەکان فراوانتر بووە.

ئالێکساندرا مۆریلس، خاوەنی ناوەندێکی لەشفرۆشییە و دەڵێت، لە پێشووتردا نەیاندەزانی چی بکەین و چییان بەرامبەر بکرێت یاساییە و چی یاسایی نییە، بەڵام هەستێکی خۆشە کە ئێستا مافی یاسایی خۆیان هەیە.

بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەوانەی سۆزانی دادەمەزرێنن، پێویستە بە تۆماری تاوانی رابردووی سۆزانییەکەدا بچنەوە و بە رەسمی دەستبەکاربوونیان بە حکومەت رابگەیێنن.

سۆزانییەکانیش مافی خۆیانە هەر میوانێک کە بە دڵیان نەبوو رەتیبکەنەوە. لە هەر کاتێکیش خواستیان نەما دەست لە سێکسکردن هەڵگرن.

بڕیارەکەی برۆکسل کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن هاووڵاتیان و چالاکڤانانی مافی ژنانەوە لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان دەڵێن، ئەمە خزمەت بە باندەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و "گەوادەکان" دەکات تا زیاتر کچانی قوربانی ئەو سێکتەرە هەراسان بکەن و خۆیان بێتاوان دەربکەن.

بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، بڕیارەکە باشترین مامەڵەیە لەگەڵ ئەو سێکتەرەدا، چونکە ئەگەر بە یاسایی دان بە هەبوونیدا نەنرێت، بە نایاسایی هەر دەمێنێت و هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار