zhyr

شازادەی جێنشینی بەریتانیا یادی لەدایکبوونەکەی لە کۆنسێرتێکی تایلەر سویفتدا کردەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

شازادە ویلیام، شازادەی جێنشینی بەریتانیا ئاهەنگی لەدایکبوونەکەی لە کۆنسێرتێکی تایلەر سویفتدا لە لەندەن کرد. شازادە ویلیام لەگەڵ خۆیدا دوو منداڵە گەورەکەشی بردووە.

رۆژی شەممە 22-6-2024، شازادە ویلیام، شازادە جۆرجی کوڕی و شازادە چارلۆتی کچی لە یادی لەدایکبوونی 42 ساڵەی شازادە ویلیامدا بەشدارییان لە کۆنسێرتی تایلەر سویفت لە یاریگەی وێمبلی لە لەندەن کرد.

هەر دوای ئاهەنگەکە، تایلەر سویفت و سێ ئەندامەکەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا سێڵفییەکیان بەیەکەوە چرکاند. ویلیام لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سوپاس تایلەر سویفت بۆ ئەو ئێوارە گەورەیە".

وێنە سێڵفییەکە لەلایەن تایلەر سویفتەوە گیراوە و سێ شازادەکەش لە دواوە سەیری کامێراکە دەکەن.

تایلەر سویفت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "لەدایکبوونت پیرۆز ئێم 8 ".

بە گوێرەی کۆشکی کێنزنگتن، وێنەکان پێش کۆنسێرتەکە گیراون و شازادە کاسرین، هاوژینی شازادە ویلیام کە لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەدایە ئامادەنەبووە و لەگەڵ منداڵە بچووکەکەیان لە ماڵەوە بوون.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ئامادەبووێکی کۆنسێرتەکەوە گیراوە، شازادە ویلیام دەردەکەوێت کە بە توندی سەما لەگەڵ گۆرانی "شەیک ئت ئۆف"ی تایلەر سویفتدا دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار