سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە نهێنی جێبەجێکرا
یەک مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو، بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئابی 2024، سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن 34 ساڵی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەنهێنی و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا".
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان ئەمڕۆ بەیانی بنەماڵەی ڕەساییان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لەسیدارە داوە و هۆشدارییان پێیان داوە کە مافی ئەوەیان نییە تەرمی ڕۆڵەکەیان لە زێدەکەی خۆی واتە شاری سەحنە بە خاکبسپێرن.
ساڵی ڕابردوو دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی لەلایەن محەممەد ڕەسوڵ حەق نەجاتی، سەرۆکی لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی کرماشان و ئەو دادوەرەی کە سزای سێدارەی بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییەدا سەپاندووە، بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگوستەریی تەواوی پارێزگای کرماشان نێردرابوو.
سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، دوو هەفتە پێش ناردنی دۆسیەی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرابووەوە.
ڕەزا ڕەسایی لە نیوەی سەرەتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ڕەزا ڕەسایی، دوو ساڵ پێش ئێستا لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە.