پێوەرەکانی چوونە پەرلەمان چیین؟

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی نیوز

بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، چەندین حزب و هاوپەیمانێتی بەشداری تێدا دەکەن.

کاندیدەکان کە خۆیان بۆ پەرلەمان دەپاڵێون یەکێکن لە کارەکتەرە سەرەکیەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە بە لیستی حزبی یان وەک سەربەخۆ خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان دەپاڵێون.

بە بڕوای شارەزایان خۆکاندیدکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین لێهاتوویی و کارامەیی و توانای دارایی و پێگەی جەماوەری هەیە.

د. تاریق جەوهەر، شارەزا لە کاروباری پەرلەمان لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەر کەسێک پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان دەبێت پلان و بەرنامەی ڕوون بێت، نەک تەنها لە پێناو ئیمتیازاتی ماددی بیانەوێت بچنە پەرلەمان".

ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت ئەو کەسانەی دەچنە پەرلەمان ئاگاداری سیستمی سیاسی و یاسادانان بن، خاوەنی ئەزموون و بڕوانامە بن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دروشم هەڵنەگرن کە ئەرکی حکومەتە و بە پەرلەمانتاران جێبەجێ ناکرێن.

بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک کەس خۆیان کاندید کردووە، کە کەسایەتی دیاری ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، ئەمەش باس و خواستی مەرجەکانی چوونە نێو پەرلەمانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە بڕوای بەشێک لە هاووڵاتییانیش گەر مەرج و پێوەرەکان بۆ خۆ کاندید کردن بەم شێوەیە بن، متمانە بە پەرلەمان لاواز دەبێت.

ئاری ئازاد، هاووڵاتییەکی شاری سلێمانییە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "پێویستە ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید دەکەن، شایستە متمانەی دەنگی خەڵک بن، وەک خۆم متمانەم بە پەرلەمان نەماوە".

ڕێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "بڕواناکەم نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە تەواوی جیهان، ئەوانەی دەچنە پەرلەمان ٪١٠٠ بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن".

ڕاشیگەیاند، خول لە دوای خولی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەمەوە بۆ پێنجەم، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەمەش بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوەیە، کە بە شێوەی نیمچە کراوە دەنگ دەدرێت.

لەبارەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیشەوە وتی، هەموو پەرلەمانتارەکان لە ئامادەکردنی پێشنیازە یاساکان و ڕاپۆرتەکان ئامادەنەبوون، لە هۆڵی پەرلەمانیش بەشداری گفتوگۆکانیان نەدەکرد.

جەختی لەوەکردەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕیان نەدەکرد، هیوادارم ئەوەی من لە خولی پێنجەم بینیم، ئەوەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان لە خولی شەشەم نەیبینێت.  

مەرجەکانی چوونە پەرلەمان زامنی متمانەی خەڵک دەکەن؟ ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، "مەرجەکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، کە پێویستە ئەو کەسە خوێندنەوە و نووسین بزانێت، سزای بەسەردا نەسەپێنرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە ٢٥ ساڵ".

بە پشتبەستن بە ماددەی بیستەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢، پێویستە پاڵێوراو ئەم مەرجانەی تێدابێت:

١- هاووڵاتیی کوردستان- عێراق بێت و لێی نیشتەجێ بێت

٢- گەیشتبێتە تەمەنی ٢٥ ساڵ

٣- خوێندنەوە و نووسین بزانێت

٤- بە هیچ جۆرە جەریمەیەک حوکمی سجن نەدرابێ، کە لە ڕەوشت و ئادابی گشتی و دەستپاکی لایدابێت.

٥- بە جەریمەی کوشتنی دەست ئەنقەست یان دزی حوکمی سجن نەدرابێ.

٦- لەو جەریمانەدا بەشداری نەکردبێ کە دەسەڵاتی سەرکوتکار لە کوردستاندا پلانی بۆ دانابێت یان ئەنجامی دابێت.

تاریق جەوهەر لەبارەی مەرجەکانەوە وتی، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەبینین بەشێک لە ئەندامانی حزبەکان کادرەکانیان نەخوێندەوارن، یاخود بڕوانامەی بنەڕەتییان هەیە، هەر بۆیە ناڕازی بوون لە زیادکردنی هەبوونی مەرجی بڕوانامە.

وتیشی، نەبوونی لێهاتووی و بڕوانامە گرفتی بۆ پەرلەمانتارەکان دروستکردووە، هەر بۆیە دەبینین کە دوو ساڵی یەکەم هیچ لە پەرلەمان نازانن، لە چوارەم ساڵییاندا لە ئەرکی پەرلەمانتاری تێدەگەن، ئەو کاتەش حزبەکان لایان دەبەن و کەسی نوێ دادەنێن.

ڕێواز فایەق لە بارەی مەرجەکانەوە وتی، حزبە سیاسییەکان بڕیار لە دانانی پاڵێوراوەکان دەدەن لەگەڵ هۆشیاری دەنگدەر، لەگەڵ ئەوەشدا خێڵ و هۆز و بنەماڵە ڕۆڵی هەیە لەوەی کێ دەبێتە ئەندامی پەرلەمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، میدیا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە هۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەوەی چۆن خەڵک متمانە بە کەسێکی شایستە بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار