تەیف سامی چی بە پەرلەمانتارێکی کورد وتووە؟
یەک هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی بەدواداچوونەکانی هاوڵاتی، دڵنیایی بۆ ناردنی مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها قسەیە و بڕیاری بۆ دەرنەکراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، مووچە مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێکی ڕۆتینی ماوە و لەم ڕۆژانەدا پارە دەنێردرێت، بەڵام بۆ مووچەی مانگی حەوت هیچ زانیارییەکی نوێ نییە.
پرسی ناردنی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراق زۆر ئاڵۆز کراوە، تاوەکو ئێستا لەکۆی نزیکەی 950 ملیار دینار بۆ مووچەی هەر مانگێک، تەنیا 36 ملیاری بۆ مانگی حەوت نێردراوە و پارەکە گەیشتووە، بەغدا بڕیاری خەرجکردنی نزیکەی 550 ملیار دیناریشی بۆ مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی مەدەنی داوە و تائێستا نەگەیشتووە، لە دوێنێشەوە شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە بەغدایە، ئەمڕۆ ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
ئەندامێکی شاندەکەی هەرێم بە هاوڵاتی وت "دڵنیاییمان وەرگرتووە كە مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکان دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پارە تەمویل نەکراوە، تەنانەت بڕیاری کۆتایی خەرجکردنیش نەدراوە، بەیانی کۆبوونەوەی دیكهمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و هەندێ خاڵ ماوە قسەیان لەسەر بکرێت، ئهگهر ڕێکبکەوین ئینجا واژۆی ناردنی دەکرێت”.
ئەندامەکەی شاندی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "بۆ مانگی حەوتی فەرمانبەرانی شارستانی هێشتا یەکلایی نەبووهتەوە کە دەنێردرێت یاخود نا، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەكان بۆ هاوڵاتی قسەی کرد و وتی:" تاوەكو ئێستا هیچ زانیارییەكی فەرمی نوێ نییە".
هەر بەپێی زانیاریەکان، چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەتایبەت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەردانی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیان كردووە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پێی وتوون: “مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستانمان بۆ مانگی هەشت خهرج كردووه و چهند ڕێككارێكی كهمی ماوه تا دهگات."
یەکێک لەو پەرلەمانتارە كوردانە لە وەزیری دارایی عێراقی پرسیوە؛ چ گرفتێك لە لیستی ناوی مووچەی مووچەخۆران هەیە؟ لە وەڵامدا تەیف سامی پێی وتووە: ‘گرفت لە ناوەكان هەیە، بەڵام لەسەر لیستی مانگی پێشوو مووچەمان خەرج كردووە".