دەنگدان و دیموکراسی

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ژیر طارق فاتح

وشەی دیموکراسی لە هەردوو زاراوەی یۆنانی کۆن "دیمۆس" کە بە واتای (گەل) دێت و "کراتۆس" کە بە واتەی (دەسەڵات)دێت، وەرگیراوە، کە پێکەوە دەکاتە دەسەڵاتی گەل. ئەم چەمکە لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتاییترین فۆڕمی دیموکراسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لە دەوروبەری سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا سەریهەڵدا، کە هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی وڵاتدا دەکرد. ئەم فۆڕمە لە دیموکراسی پێی دەوترا دیموکراسی ڕاستەوخۆ و ڕێگەی بە پیاوە ئازادەکان دەدا دەنگ لەسەر یاسادانان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بدەن، هەرچی ژنان و کۆیلە و هاوڵاتیانی بێگانە بوون، بۆیان نەبوو بەشداربن تێیدا.

بە تێپەڕبوونی کات، سیستەمی دیموکراسی گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی دیموکراسی نوێنەرایەتی لە سەدەی ١٨دا. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا، نوێنەران هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لەبری خۆیان بڕیار بدەن، کە دواتر بوو بە مۆدێلێک لە ئاستی جیهانیدا بڵاوبووەوە و خۆی لەگەڵ چوارچێوە کولتوورییە جیاوازەکاندا گونجاند. ئەمڕۆ دەنگدان چەندین شێوەی هەیە، لەوانە؛ نوێنەرایەتی ڕێژەیی و دەنگدانی هەڵبژاردنی پلەبەندی، کە هەریەکەیان شێوازی جیاواز پێشکەش دەکەن بۆ ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک.

لە ئێستادا دەنگدان مافێکی بنەڕەتییە و بەردی بناغەی حوکمڕانی دیموکراسییە. دەسەڵات دەدات بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر حکومەتەکەیان هەبێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن. لە هەلومەرجی هەنووکەی کوردستاندا گرنگی دەنگدان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە تەحەددایەکی مێژوویی و گرنگی سیاسییدا دەڕوات و سەرجەمی پێکهاتەی دەسەڵات پێویستی بە گۆڕنکاریی ڕیشەیی هەیە.

لە کاتێکدا لە کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکرێت، پێویستە هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن کە کردەی دەنگدان و بەشداریکردن واتە خواستی بەکۆمەڵ بۆ سەربەخۆیی و سەقامگیری و بەرجەستەکردنی  ئیرادەی گۆڕانکاریی. هەر دەنگدانێک بەڵگەی پابەندبوونی خەڵکە بۆ داڕشتنی داهاتووی خۆیان و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسیەکان. بە تایبەت بۆ ئەم بارودۆخەی هاوڵاتیانی کوردستان، دەنگدان دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی حوکمڕانی کە بە باشترین شێوە خواست و داواکانی خەڵک و هاوڵاتیان بەرجەستە بکەن.

جگە لەوانەش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا وادەکات پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکڕیزی دەستەبەر ببێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە فرەچەشنی و ئاڵۆزی پێکهاتەکانییەوە تایبەتمەندە. کورد بە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، مافی چارەی خۆنووسینی خۆی دووپات دەکاتەوە و بەشداری دەکات لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی جیاوازدا کە شەفافیەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.

لە کۆتاییدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ناکرێت گرنگیی دەنگدان لە کوردستاندا تەنیا لە ئاستی بانگەشەدا زیادەڕەوی تێدا بکرێت. چونکە هەڵبژاردن تەنها مومارەسەی ئەرکێکی مەدەنی و دیموکراسی نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی ژیانییە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی خەڵک لە هۆڵەکانی دەسەڵاتدا دەنگ دەداتەوە. بەشداریکردن و بە جێگەیاندنی ئەم ماف و ئەرکە دیموکراسییە، بناغەی حوکمڕانی پتەوتر دەکات و ڕێگا بۆ ئایندەیەکی گەش و دواڕۆژێکی شایستە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان خۆش دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار