zhyr

کەنەکە: ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین خولی هەڵبژاردنە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، لە ڕاگەیندراوێکی بڵآوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ ئاڵۆزترین و پڕ قەیرانترین خولی هەڵبژاردنە، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت.

کەنەکە دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان لە قۆناغێکی زۆر تایبەتدا بەڕیوەدەچێت، قۆناغێک کە لە ٣٣ ساڵەی تەمەنی ئەو هەرێمە فەرمییەو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەرگیز ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ قەیران نەبووە.

ئاشکراشیکردووە،  لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان و گرژییە توندەکەی نێوانیان، قەیرانی ئابووری و بژێوی خەڵک و بێ دەرامەتیی، کەمی خزمەتگوزاری و بێکاریی، لەکارکەوتنی پەرلەمان و کەمتەرخەمیی حکومەتی کاربەڕێکەر و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەری، نیگەرانیی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، گرتن و دەمکوتکردنی رۆژنامەوانان، قەیران و کێشەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەستتێخستنی سەربازیی و ئەمنی و ئاژاوەگێڕیی دەوڵەتانی هەرێمی لە باشووری کوردستان، ئەمانەو گەلێک پرسی دیکە ئەو خەسلەتانەن کە باشووری کوردستان و دەسەلاتی بەڕیوەبەریی هەرێمیان پێ دەناسرێنەوە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕوو، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و پیلانگێڕان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتن ئیمزا دەکات و پارتە کوردستانییەکان قەدەغە دەکات، ڕێگا بە تورکیا دەدات بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتنی ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئیمزا دەکات، هەروەها لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیش بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەباتی رەوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیماننامەی بێکاریگەریی و کۆنترۆڵکردنی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان و بەزۆر راگواستنیان ئیمزا دەکات.
 

کەنەکە جەختی لەوەکردوەتەوە، سەرباری هەموو ئەمانەش پرسێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە لە باشووری کوردستان. بە دەیان بنکەی سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکی سوک و گران، بە چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیییشەوە لە هەرێم جێگیرکراون، چەندین ساڵە تورکیا لە هێرش و دەگیرکاریی بەردەوامە، دەیان بنکەو بارەگای سیخۆڕیی و دامەزراوەی سیاسی و ئابووری کلتوریی لەو هەرێمەدا دامەزراندووە. تورکیا بە جۆرێک بەشێکی گەورەی لەو هەرێمە، بەتایبەتیش لە ناوچەی بادینان داگیرکردووە و خۆی تێدا جێگیرکردووە، وەک خاوەن ماڵ و زۆر بێشەرمانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچە داگیرکراوانەدا دەکات.
 

هەروەها، داواش دەکات پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت و بە زمان و رەفتاری بەرپرسیاریانە و دوور لە توندوتیژیی بانگاشەی هەڵبژاردن بکرێت.

لە بەشێکی ڕاگەندراوەەشدا هاتووە، هەڵبژاردنێکی روون کە خەڵکی باشووری کوردستان ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن. ئێمە دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگری لە دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانیان دەکەن و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن.


کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) چوار داواکارییش دەخاتەڕوو:


١. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدی نیشتمانپەروەر بدەن کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بپارێزن و خزمەتی خەڵک بکەن.


٢. هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک بە شەفافیەت و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە دەربکەوێت.


٣. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بانگاشەو پلان و پڕۆژەکانیان بە زمانێکی سیاسی لە پەیام و پڕوپاگەندەی خۆیاندا بخەنە ڕوو، زمانی تاوانباری و سوکایەتی بەکارنەهێنن. هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت، لە هیچ شوێنێکدا توندوتیژی بەرامبەر کەس بەکارنەهێنرێت.


٤. هەموو لایەنەکان ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتێکی دیموکراسی و دادپەروەر دابمەزرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار