پڕۆژەی 'ڕێگای گەشە پێدان' لە نێوان فاو و ئەوروپا بەو جۆرەی ئێستا پلانی بۆ داڕێژراوە، دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردە

یەک هەفتە لەمەوپێش



ئەو دوو هێڵە ئاسن و شۆستەیەی وا بڕیارە لە ڕێگەی ئێران و عیراق و تورکیاوە پەیوەندیی چین و هیندستان بە ئەوروپاوە ببەستنەوە، چینییەکان بە 'ڕێگای ئاوریشمی نوێ' و حکوومەتی عیراق بە "طریق التنمیة" و کورد بە "'ڕێگای گەشەپێدان یان پەرەپێدان" ناوی دەبەن. ڕێگاکە بڕیارە لە بەشی عیراق خۆیدا شاری فاوی سەر خەلیج بە پیشابوور و لەوێ بەدواوە بە ڕێگای تورکیادا بە ئەوروپا هەتا  شاری لەندەن ببەستێت. داڕشتنی جوغرافیایی هێڵەکە و وێستگە سەرەکییەکانی، لەئەنجامی پێکهاتنی هەردوو حکوومەتی تورکیا و عیراق، هەروەها قەتەر و ئیماراتەوە، بەشێوەیەکی زیرەکانەی ئەوتۆ داڕژاوە کە  سەدان کیلۆمەتر بە خاکی باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێ، بەڵام سەرجەم شارە کوردییەکان تەریک دەخات و جگە لە دابڕینی خاک و دەنگ و سەدای زۆر و پیس و پۆخڵیی هەوا هیچ دەسکەوتێکی بۆ کوردستان نابێت. شۆستە و قیتارەکە لە بەسرەوە تا پیشابوور سەردانی هیچ شارێکی کوردستان ناکەن؛ بەڵام بە زۆر شوێنی وەک کەربەلا و نەجەف و سامەڕا و تکریتدا تێپەڕ دەبن؛ تاقە وێستگەشیان دوای مووسڵ، دەکەوێتە دەرەوەی ڕۆژئاوای شاری دهۆک- ڕاست ئەو شوێنانەی وا لە ئێستاوە سوپای داگیرکەری تورک خۆیان لێ مۆڵداوە. لە ئەنجامدا هیچکام لەو دوو هێڵە ناتوانن ئاوەدانییەک و گەشە و پەرەیەک بۆ کوردستان و کار و پیشەیەک بۆ کورد بەرهەم بهێنن؛ بەڵام دەتوانن قەتەر و ئیمارات بە تورکیا و ئوروپا ببەستنەوە! لێرەشدا وەک زۆر پرۆژەیتر کە تورکیا و سیاسەتی ئەردۆغانی بەڕێوەیان دەبات، خۆیان و سیاسەتی هاوتەریبیان لە بەغدا، لە دوورەوە دانیشتوون و فڵانە شەریکەی ئیتالی دەکەنە بەرپرسی دانانی پڕۆژەی ڕێگاکان! لە ئەنجامی ئەو پیلانە ئاشکرایەدا سەری کورد بێ کڵاو ماوەتەوە بێ ئەوەی کەس خۆ بە ساحیبی ئەو نەخشەیە بکات کە لەژێر چاوەدێریی ووردی تورکیا و عیراقدا پلانی بۆ داڕژاوە.

https://www.awene.com/Photo/Img/0020d3fe-32f7-4b72-95f8-767a61380b2a.jpg

وێنە: سایتی ئاوێنە، ڕۆژی ٢٨/٥/٢٠٢٤(بڕوانە کۆتایی ئەم وتارە)

ئەگەر دەستی حکوومەتانی ناوچە لە داڕشتنی جوغرافیایی ڕێگاکە، لە بەشی عیراقدا زۆر ئاشکرا نەبێ، لە بەشی ئێرانەکەیدا ڕوونتر دەردەکەوێ. ئێستا هەموو پەیوەندێکی سەرزەویی ئێران لەگەڵ ئوروپا بۆ هاوردە و هەناردەی کەلوپەل، بە ناوچەی ورمی و سەڵماسدا تێدەپەڕێ و لە دیوی تورکیاش دەگاتە دیاربەکر، واتە پەیوەندییەکان لە هەردوو دیوی ئێران و تورکیا بە ناو خاکی کوردستاندایە. لەکاتێکدا 'ڕێگای گەشەپێدان' پەیوەندییەکانی ناوچەی ورمێ لەگەڵ دیاربەکر دەپسێنێ و بە پێچەوانەوە، بەرەو باشووری ئێران واتە ئابادان و خوڕەم شەهر دادەکشێ تا دەگاتە سەر ئاوی خەلیج و لەوێوە بۆ فاو و بەسرە و تورکیا و ئەوروپا.

لەبەر ئەو ڕاستییەی کە پێکەوە بەسترانی شارە کوردییەکان بەهۆی ڕێگای ئاسنەوە ئاواتی سەدساڵەی کورد بووە، وەرچەرخانی ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی لە ورمێوە بۆ ئابادان کارتێکەریی گەلێک خراپی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەسەر ناوچەی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و ئاوەدانی و کار و پیشەیەکی زۆر لە باشووری ئێران، هەروەها لە ناوچەی بەسرە و مووسڵ دەخوڵقێنێ، تاقە شوێنێک کە ئەو ئاڵوگۆڕە تووشی نەهامەتی و بێکاریی ساڵانی داهاتوو دەبێ و هیچ سوودێکی پێناگات، شار و ناوچەکانی کوردستان دەبن.

سەرنجدانە سەر وتوێژی ڕۆژی شەممە ٢١/٩/٢٠٢٤ی مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو (https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/210920241 ) ئەو ڕاستییەی سەرەوە بە ڕوونی دەردەخات. مەیسەم سافی کە ناتوانێ دەستنیشانی یەک تاقە شاری کوردستان لەسەر هێڵەکە بکات، دەڵێ "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەشێکە لە پڕۆژەکە و پێکهێنانی پڕۆژەکە. رێگەکە بە ١١ پارێزگادا تێدەپەڕێت و ئەو پارێزگایانەش کە رێگەکە پێیاندا تێنەپەڕێت، بەشێوەیەکی لاوەکی بە هێڵەکەوە گرێ دەدرێن." ئەو لاوەکی بوونە هەموو دەسکەوتی کوردستانە لەو "بەشێک لە عیراق" بوونەی وا جەنابی مەیسەم و سەرجەم حکوومەتەکەی سوودانی بۆ کوردیان بەدیاری هێناوە.

لەو بارودۆخەدا، ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەڕێوەبەری سیاسی و خاوەنی ڕاستەقینەی خاکی کورد، ئەوەیە بارودۆخەکە هەڵسەنگێنێ و هەوڵبدات بە هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بەڵام چڕوپڕی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی، بەرگری لە کارەساتێک بکا کە بەگوێرەی بڕیارەکانی عیراق و تورکیا، لە ساڵی ٢٠٢٨ دا دەگاتە قۆناغی دەسپێکردن و کاتێ کار گەیشتە ئەو لووتکەیە، ئیتر چارەسەری نەگونجاو یان ئەستەم دەبێ. ئەرکی نەتەوایەتیی بەڕێوەبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا درەنگ نەبووە بە بارودۆخەکەدا بچنەوە و چارەسەرێکی خێرای بۆ بدۆزنەوە. هەموو عەقڵێکی سەلیم دەزانێ هەڵاواردنی سەرجەم شارەکانی کوردستان و گونجاندنی هەندێک شاری خۆشەویستی دەسەڵاتدارانی عیراق لە پرۆژەکەدا بە هەڵکەوت نەبووە و پلان و بەرنامەی داڕێژراوی ئەوان و پەسنی تورکیای لەپشت بووە.

بە هەمان شێوە، ئەرکی نیشتمانیی گەلی کورد لە هەردوو بەشەکەی کوردستانە لە بەرانبەر ئەو پیلانە ئاشکرایەدا بێدەنگ نەمێننەوە و بەشێوازێکی مەدەنی، لە هەموو ڕێگایەکەوە ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.

ئەوانەی خوارەوە چەند لینکێکن بۆ هەواڵ و خەریتەی ڕێگای هاوریشمی نوێ لە بەشی عیراق، کە لە سەرچاوە کوردییەکان وەرگیراون:

https://www.ina.iq/kurd/49887--.html

https://www.awene.com/detail?article=107410

https://xelk.org/67107 /

https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=215373

https://chawykurd.com/2024/01/14/%DA%95%DB%8E%DA%AF%D8%A7%D9%89-%D8%A6%D8%A7%D9%88%D8%B1%DB%8C%D8%B4%D9%85

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار