داتای هەستیاری دەنگدەرانی عێراق لە پێگەکانی دارک وێبدا!

4 هەفتە لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تایبەتی پێگەی Dark reading کە دەگەرێتەوە بۆ ڕێکەوتی ٢٠ ی شوباتی ٢٠٢٤، ئاماژە بەوە دەکات کە تیمێکی شارەزا لە کۆمپانیای Resecurity توانیویانە داتابەیسێکی ٢١.٥٨ گێگابایتی بدۆزنەوە لەناو دارک وێبدا  کە کارتی دەنگدان و زانیاریە تایبەتەکانی دەنگدەرانی ئێراقی تێدایە، لەگەڵ نەرمەواڵەیەکی تایبەت کە بۆ "بەشی بەڕێوەبردنی کردار و داتاکان"ی کۆمسیۆن دروستکراوە.

بەپێی گوتەکانی Gene Yoo، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Resecurity، دوا کۆمەڵە داتا دزراوەکان راستەقینەن. پاش وەرگێڕانی زانیاریە سەرەکیەکان لە عەرەبیەوە پشتڕاستی کردۆتەوە کە داتابەیسەکە زانیاری دەنگدان لەگەڵ وردەکاری دەربارەی دەنگدەران (ناو، بەرواری لەدایکبوون)، بنکەکانی دەنگدان، و ناوەندەکانی تۆمارکردن لەخۆدەگرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە کۆمپانیاکە توانیوێتی هەندێک لە IP-ی هێرشبەرەکان بدۆزێتەوە کە بۆ پارێزگای کەرکوک لە باکووری عێراق دەگەڕێتەوە و گومان دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەشێوەی سیستەماتیک لایەن کەسێکی ناوخۆییەوە ئەنجام درابێت کە دەستی بە ژێرخانی زانیاریەکانی کۆمسیۆن راگەیشتبێت! هەروەتر ئەوەی کۆمپانیاکە درکی پێکردوە گومانلێکراوی سەرەکیەکانی هێرشەکە بریتین لە ئەکتەرە دەوڵەتیەکان کە بەدوای ناسەقامگیرکردنی عێراقەوەن یان ئەکتەرێکی ناوخۆیەکانن کە لە ئەنجامدانی هاکردندا دەست باڵایان هەیە و خاوەن سیستەمی هاکی ئاست بەرزن.

ئەوەی شایەنی باسە، شیکارکارانی یەکەی Hunter ی Resecurity پێشتر دزینی داتای ٦.٤ ملیۆن دەنگدەری ئیسرائیلیان لە فۆرۆمی تاوانکاری سایبەری Eleaks دۆزیەوە. دزینەکە، کە یەکەمجار لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٢١ ئاشکرا کرا، چەندین جار بەکارهێنراوەتەوە، لەوانە لە سەرەتای ململانێی ئێستای نێوان ئیسرائیل-غەزە، کە تێیدا گروپی هاکەرانی سەربە حە-ماس و ئەکتەرە شەرەنگێزەکانی پشت پەردە بۆ ئامانجگرتنی کەسانی دیاریکراو بەکاریان هێناوە، لەوانە خێزانی سەربازانی ئیسرائیلی. کۆمپانیای Resecurity توانی ئەم دزینە بگەڕێنێتەوە بۆ هاککردنی Elector، کە نەرمەواڵەیەکی ئیسرائیلە لە میانەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتە سیاسیەکانی ئەو وڵایە لە ٢٠٠١ دا بەکارهێنراوە!

لەکۆتاییدا، زۆر گرنگە چالاکوانانی بواری هەڵبژاردن و ڕێکخراوەکان و ئەکتەرە دەوڵەتیەکان زۆر بەوردی چاودێری پێگە تاریکەکانی ناو دارک وێب بکەن کە داتای دزراوی تێدا دەفرۆشرێت. چێک بکرێتەوە بۆ باگراوندی ئەو کۆمپانیایانەی کە دابینکاری تەکنەلۆژین لە بواری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنن، چونکە زۆرکات دزەکردن و بەئامانج گرتن لەلایەن هاکەرەکانەوە بۆ ئەوان ئەنجام ئەدرێت نەوەکو دەوڵەتی کڕیار! هێشتاکە پێشم وایە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت دووربێت لەو جۆرە سیستەمە تەکنەلۆژیانەی کە پەیوەستن بە ئەنتەرنێتەوە یاخود نەرمەواڵەکەیان کۆمپانیا دەرەکیەکان دروستی دەکەن بەتایبەتی لە ئێراقدا کە وڵاتێکە گیرۆدەی پرسی گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکیە.   

پەراوێز:

دارک وێب: بەشێکی شاراوەی ئینتەرنێتە کە بە ڕێگەی براوسەری ئاسایی ناتوانرێت بگەیت پێی، بەڵکو پێویستی بە براوسەری تایبەت هەیە وەک تۆڕ (Tor)، هەروەها زۆربەی چالاکییەکانی نایاسایین و بەکاردێت بۆ بازرگانی پێکردنی کەلوپەلی قەدەغەکراو، دزەکردنە ناو سیستەمەکان، فرۆشتنی زانیاری دزراو و چەندین کاری نایاسایی تر، بەڵام هەندێک کەس و گروپیش بۆ مەبەستی باش بەکاریدەهێنن وەک پاراستنی نهێنی و گەیشتن بە زانیاری لەو وڵاتانەی کە سانسۆریان هەیە.​​​​​​​​​

Software- نەرمەواڵە

 

 

 

سەرچاوە:

دەتوانن لەم لینەکەوە زانیاری زیاتر چنگ بخەن:

 

https://www.darkreading.com/endpoint-security/hacked-iraqi-voter-information-found-for-sale-online

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار