ڕیشەکانی جەنگی غەزە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

کاریگەرییەکانی جەنگی غەزە لەسەر هاوکێشە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

2 مانگ لەمەوپێش



ئامادەکردنی: هاوڵاتی

پەیوەندی ئیسرائیل و فەلەستین چۆن ڕۆڵ دەبینێت لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی جیهاندا؟

بۆ تێگەیشتن لە کێشەی غەززە پێویستە باسی کێشەی فەڵەستین بکرێت، سەرچاوەی ململانێکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و لەگەڵ هەڵکشان و پەرەسەندنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکاندا دروست دەبێت. لەو کاتەوە گرژییەکان لە نێوان هەردوو گەلی جولەکە و عەرەبەکاندا لە فەلەستین سەرهەڵدەدات.

ساڵی ١٩١٧، فەڵەستین لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە بە سەرکردایەتی جەنڕاڵ "ئەللێنبی" داگیرکرا، کە پێشتر بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، بەڵام دوای دروستبوونی بزوتنەوەی زایۆنیزم، کە جوڵانەوەیەکی سیاسی و ڕامیاری و فراوانخوازی بوو، هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و ئەم جوڵانەوەیە توانی بەریتانیا ناچار بکات بە دەرکردنی پەیمانی "بلفۆڕ" لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٧دا، ئەم بەڵێننامەیە لە لایەن ئارسەر جیمس بلفۆری وەرزیری دەرەوەی بەریتانیاوە وەک بەیاننامەیەک دەرچوو کە لە دەقەکەیدا هاتووە: (دەوڵەتی پاشایەتی خاوەنشکۆ بە چاوێکی سۆزدارانەوە دەڕوانێتە بونیادنانی نیشتیمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جولەکە لە فەڵەستیندا، هەروەها هەوڵ بۆ ئاسانکاری و بەجێهێنانی ئەم ئامانجە دەدات، بەبێ ئەوەی هیچ لە ماف و موڵکی ئایینیی ئەو تیرە و طائیفانە بگۆڕێت کە جولەکە نین و لە فەڵەستیندا دەژین). ئەم هەوڵەی بزوتنەوەی زایۆنیزم بۆ کۆکردنەوەی جولەکەکان و گواستنەوەیان بۆ فەڵەستین بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فراوان بوو بۆ جولەکەکان لە بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ناوچەکە، کە دواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیرییان لێکرد. بۆیە لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە بەریتانیا ئینتیدابی خۆی بەسەر فەڵەستیندا سەپاند تا لەو ڕێگەیەوە پەیمانی بلفۆڕ جێبەجێ بکات، ئەمەش تا ساڵی ١٩٤٨ بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستین دامەزرا.

دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا، یەکەم جەنگی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی لێکەوتەوە. لەو جەنگەدا نزیکەی ٧٠٠ هەزار فەلەستینی ئاوارە بوون و ڕووداوەکە بە نەکبە (کارەسات) ناسرا. ئەم ئاوارەبوونە قەیرانێکی درێژخایەنی پەنابەران و ناڕەزایەتییەکی قووڵی لەنێو فەلەستینییەکاندا دروستکرد.

پاشان لە ساڵی ١٩٦٧دا، شەڕی شەش ڕۆژە هەڵگیرسا کە بووە هۆی داگیرکردنی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمەش گرژییەکانی زیاتر کرد و کێشەکان بەردەوام بوون تا سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا و دروستبوونی بزووتنەوەی حەماس، کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی بوو، وەک بەدیلێک بۆ بزووتنەوەی فەتحی عەلمانی و ناوبانگێکی زۆری لای فەڵەستینییەکان بەدەستهێنا. میساقی حەماس لە سەرەتادا داوای لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و جەنگەکەی گۆڕی بۆ جەنگێکی ئاینی ڕووت. دوا بە دوای  شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە ساڵی 1979دا، ئێران وەک جەمسەرێکی ئیسلامی و مەزهەبی دروستبوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕژیمێکی ئاخوندی و تیۆکراتی خۆی ناساند کە بەرگری لە دۆزی موسڵمانان دەکات، بەتایبەتیش لە خەباتی گەلی فەلەستین دژ بە زایۆنیزم و ئیسرائیل، ئەمەش بەرگێکی نوێی کرد بە بەری کێشەی فەلەستینییەکاندا و لە دۆزێکی نەتەوەییەوە گۆڕی بۆ کێشەیەکی ئاینی و مەزهەبی.

پشتیوانی ئێران لە حزبوڵڵا جەختی لەسەر زەقکردنەوەی ڕەهەندە ئایینیەکانی ململانێکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە و بەجۆرێک پرسی ناسیۆنالیزمی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای  دینیدا تێکەڵاو کردووە. ئەم مۆدێلەی ئێران ئیلهامبەخش بوو بۆ زۆرێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە، تا وەک ئەرکێکی ئایینی پشتیوانی لە سەرانسەری جیهانی موسڵماناندا بۆ گەلی فەلەستین کۆ بکاتەوە و هەر دەوڵەتێکی ئیسلامی ناچار بێت پشتیوانی لە غەززە و فەلەستین بکات دژ بە ئیسرائیل. هەر لەو ڕێگەیەشەوە لوبنانی پەلکێشی جەنگێکی خوێناوی کرد لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئەمەش دەریدەخات کە دۆزی فەڵەستین ئێران بە دوو ئاڕاستەدا بەکاری دەهێنێت، یەکەمیان وەک گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان بۆ پرسی مەزهەبی و دینی، دووەمیشیان بۆ پاساودان و دوورخستنەوەی سەرنجی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەر مەسەلەی ئەتۆم و چەکی کۆمەڵکوژی. ئەمە جگەلەوەی لە ڕێگەی میلشیاکانی عێراقەوە دەیەوێت هەژموونی خۆی لە عێراقدا بپارێزێت و ڕێگری بکات لەوەی پڕۆژەی هیلالی شیعی لەبەرامبەر پلانە نوێکەی ئیسرائیلدا شکست بهێنێت.  

هەرچی تورکیاشە لە مێژووی خەلافەتی عوسمانییەوە پشتگیری خۆی بۆ فەلەستین دربڕیوە و لەسەردەمی کەمال ئەتا تورک و حکومەتی عەلمانیشدا بە چاویلکەیەکی ناسیۆنالیستییەوە لە ململانێکانی دەڕوانی و لایەنگری خۆی بۆ گەلی فەلەستین نیشاندەدا.

دواتر لەگەڵ بوون بە سەرۆککۆماری ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، تورکیا ڕێبازێکی ئاشکراتری ئیسلامیانەی لە سیاسەتی دەرەوەدا گرتەبەر  و لەسەر بنەمای ئایینی پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین دەربڕی. ئەردۆغان زۆرجار جەختی لەسەر گرنگی پێگەی ئایینیی قودس کردووەتەوە.

تورکیاڕۆڵی خۆی وەک ئەندامێکی ناتۆ دەگێڕێت و لە هەمان کاتدا پشتگیری لە گروپە فەلەستینییەکان دەکات، لەنێویشیاندا بۆ ئەوانەی مەیلی ئیسلامییان هەیە. ئەم ڕێبازە ئیزدواجی و دووڕووییە ڕێگەی بە تورکیا داوە کە خۆی وەک پێشەنگێک لە جیهانی موسڵماناندا جێگیر بکات و داکۆکی لە مافەکانی فەڵەستین بکات و دژایەتی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بکات، لە ئاستی نێویدەوڵەتیشدا وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و مۆدێرن خۆی بناسێنێت.

تورکیا هەوڵی نێوەندگیری نێوان لایەنە جیاوازەکانی ناو خاکی فەلەستین دەگێڕێت و بانگەشە بۆ یەکگرتوویی نێوان گروپەکانی وەک فەتح و حەماس دەکات، هاوکات خەریکی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، لە پێناو پاراستن و هێشتنەوەی هەژموونی خۆیدا لە ناوچەکەدا.

لەو کاتەشەوە کە حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧ وە، دەستی بەسەر غەززەدا گرتووە، ئیسرائیل گەمارۆیەکی توندی سەپاندووە بەسەر فەلەستیندا، لەوانەش سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە کاڵا سەرەکییەکان و پێویستی ڕۆژانەی خەڵک و کەرەستە پزیشکییەکان و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و جەنگی بەردەوام و توندووتیژانە لە لایەن غەزەوە بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی تۆڵەی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستین.

ئەم جەنگ و ململانێ بەردەوامانە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی گیانی هەزاران هاوڵاتی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار خەڵکی جولەکە و عەرەبی موسڵمان، بە ڕادەیەک کە زۆرینەی خەڵکی ئاوارە و دەربەدەر بۆ مانەوە پشت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.

جگە لەو لێکەوتە ناوخۆییانە، ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و غەززە کاریگەری لەسەر سەقامگیری کۆی گشتی ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر جیۆپۆلیتیکی دوورمەوداتر هەیە وەک ئێران و دەوڵەتە لایەنگر و نەیارەکانی ئیسرائیل و فەلەستین. وەک لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی بوونی بزووتنەوەی حزبوڵڵاوە لە لوبنان، لە لایەن ئیسڕائیلەوە هێرشکرایە سەر لوبنان و دواتریش ئێران هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکترین جەنگ و لێکەوتەی ئەم هێرشانەش وەڵامی ئیسرائیل بوو بۆ ئێران بە بۆردوومانکردنی ناوچە سەربازییەکانی.

بە بڕوای چاودێران جەنگی غەزە لەم ڕیشە مێژوویەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەگەر بێت و چارەسەری ئاشتیانەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دوور نییە پریشکی جەنگەکە عێراق و زۆر ناوچەی دیکەش بگرێتەوە. بە تایبەت لە دوای ئەو پلانە نوێیەوە کە ئیسرائیل بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کردووە و ترسی خستووەتە دڵی هەر یەکە لە تورکیا و ئێران و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانیانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار