ھاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ ئەردۆغان و باخچەلی: چارەسەری پرسی کورد بەو شێوەیە نابێت، لەلایەک تەوقە دەکەن و لەلایەکی دیکەوە زللە دەوەشێنن

10 مانگ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
ھاوسەرۆکی دەم پارتی لە باکووری کوردستان ڕایدەگەیەنێت: تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دووچاری تەنگژە نابێت، وتیشی ئەگەر ئومێدێکی بچووکیش ھەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بکەین
تولای حاتیمۆغولاری، ھاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە کاریگەریی خراپی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد و وتی: "ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست تورکیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری بووبێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە."
سەبارەت بە ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەھەپە، ھاوسەرۆکی دەم پارتی وتی: "ئایا بەڕاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسییانە لە پشت ئەو ھەنگاوەی ئەوان ھەیە؟ تاوەکوو ئیستا دڵنیا نین. ئێوە لەلایەک دەستتان درێژ دەکەن (تەوقە دەکەن) و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت."
تولای حاتیمۆغولاری جەختیشی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر ئومێدێکی بچووکیش ھەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بکەین. کێشەی کورد بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت. پێویستە شەڕ و پێکدادان کۆتایی بێت و پرۆسەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە دەستپێبکات."
شایانی باسە دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و ھەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
ھاوکات ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندبوو، "ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان ھەیە ئەم پرسە (پرسی کورد) لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربھێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە".
