بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەرەی مقاوەمە هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل
ئایا هەڵوێستی ئسرائیل چی دەبێت لەبەرامبەر میلیشیاکانی عێراق؟
بەرەی مقاوەمە، ئیسرائیل، ئەمریکا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هەڵوێستی ئەمریکا چییە لەو بارەیەوە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشيانکردهوه سهر باکوری ئیسرائیل.
بەرەكه بەیاننامەیەکى بڵاوكردهوه و رایگەیاند: لەدرێژەی هەڵمەتەکانمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن و پاڵپشتیی گەلی فەڵەستین و لوبنان و لەوەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئیسرائیل لەدژی خەڵکی مەدەنی بەرامبەر بەمنداڵ و ژنان و بەساڵاچوان دەیکات، ئەمڕۆ شهممه بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمانکردە سەر پێگەیەکی گرنگ لەباکوری ئیسرائیل.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق ماوەی چەند مانگێکە چەندینجار هێرشیکردوەتە سەر ئیسرائیل و چهند ناوهندێكى سهربازیشیان بهئامانجگرتوه، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لەدژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و لوبنان.
لە عێراقەوە بە سەدان هێرش كراوەتە سەر ئیسرائیل
حەیدەر لامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا كە بەشێكن لە بەرەی موقاوەمە لە لێداونێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی غەززەوە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکیی کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ـی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد کرد، بەهێزترینیان رۆژی 3ـی مانگى 10 بوو کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ـی دیکەش برینداربوون.
ئیسرائیل پلانی هێرشێكی فراوان بۆ سەر میلیشیاكانی عێراق دادەنێت
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردووتەوە، بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل پێشبینی دەكرێت پێگەی میلیشیا هاوپەیمانەكانی عێراق رووبەڕووی هێرش ببنەوە.
سەرچاوە سیاسی و حكومیەكانیش دەڵێن، گورزی چاوەڕوانكراو و حەتمی دەكرێتە سەر گروپە چەكدارەكان و حكومەتی عێراقيش نیگەرانە لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی ئەگەری هێرشكردنە سەر گروپە چەكدارەكان.
سەرچاوەیەكی باڵا لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، سودانی فشارەكانی چڕكردووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل لەناوخۆی عێراقەوە.
میدیاكانی ئیسرائیلیش جەختدەكەنەوە، سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشێكی فروانی داناوە بۆ سەر گروپە چەكدارەكانی عێراق.
هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەناو خاكی عێراقەوە دەكرێتە سەر ئیسرائیل
چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئاشكرایان كرد رۆژانە لە عێراقەوە بە درۆن هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل لەلایەن گروپە چەكدارەكانی عێراقەوە و هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی رێگا لەو هێرشانە دەگرن.
ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی لە وەزارەتی بەرگری بڵاوی كردەوە لەم چەند هەفتە یەدا هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل زیادی كردووە و رۆژانە نزیكەی پێنج جار لەناو خاكی عێراقەوە لەلایان میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل و لە ماوەی هەفتەی رابردوو هەشت درۆن لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل تێگیراوون.
بەرپرسەكە وتیشی: هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان رێگایان لەو هێرشانەی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە و لەبەرامبەردا ئەم هێرشانە رێگەخۆشكەرن تاكو ئیسرائیل بەشێوەیەكى راستەوخۆ وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە كە لەناو خاكی عێراقەوە دەكرێتە سەری.