ئەو ژنانەی بە بکوژی زنجیرەیی ناسراون لە مێژوودا ژمارەیان چەندە؟
ئەلیزابێس پاتۆری
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەو هۆکارانە چی بوون کە وایانکردووە ژنان ببنە بکوژی زنجیرەیی؟
ئەلیزابێس باتۆری کێیە و بۆچی بە ترسناکترین بکوژی زنجیرەیی ناسراوە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ئەستەمە ژمارەیەکی وردی ئەو ژنانە دیاری بکرێت کە بە درێژایی مێژوو بکوژی زنجیرەیی بوون، بەڵام داتا مێژوویی و یاساییەکان باس لەوە دەکەن کە ژنان نزیکەی ١٠-١٥%ی هەموو بکوژە زنجیرەییەکان پێکدەهێنن. هەرچەندە ڕەنگە زۆربەیان ناسراو نەبن و بەڵگەیان لەسەر نەبێت. بەڵام دیارترینیان بریتین لەم ژنانەی خوارەوە، کە پاڵنەری جیاواز جیاوازیان بۆ ئەنجامدانی کردەی کوشتن هەبووە و هەندێکیشیان بۆ دەستکەوتی مادی ئەو کارەیان ئەنجامداوە. لەوانەش:
١. ئایلین ڤۆرنۆس لە ئەمریکا
٢. بێل گانیس لە نەرویج و ئەمریکا
٣- ئەلیزابێس باتۆری لە هەنگاریا
٤- ماری ئان نیکۆڵس لە شانشینی یەکگرتوو
٥. نانی دۆس لە ئەمریکا
هەریەکە لەم ژنانە ناو و ناوبانگیان لە مێژوودا بە بکوژی زنجیرەیی تۆمار کراوە. بەڵام سەرنجڕاکێشترین چیرۆک لەناو سەرجەم چیرۆکەکانی بکوژی زنجیرەییدا چیرۆکی ژنێکە بە ناوی ئەلیزابێس باتۆری.
ئەلیزابێس باتۆری یەکێکە لە بەناوبانگترین ژنە بکوژە زنجیرەییەکان، کە بە "هاودەمی خوێن" ناسراوە. باتۆری ژنی ئاغایەکی هەنگاری بووە و لە ساڵی ١٥٦٠ لەدایکبووە، بەهۆی ئەو تاوانانەوە کە گوایە دژی ژنانی گەنج ئەنجامیداوە ناوبانگی دەرکردووە، کە بە پێی خەمڵاندنەکان ڕەنگە لە ماوەی ژیانیدا ٦٠٠ قوربانی ئەشکەنجەدابێت و کوشتبێتنی، هەرچەندە ئەم ژمارەیە لەناو مێژوو نووساندا یەکلایی نەبووەتەوە و مشتوومڕی زۆری لەسەرە.
ئەلیزابێس باتۆری لە خێزانێکی ناوداردا لەدایک بووە و بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ژنانی هەنگاریا. دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کۆنت فێرێنک ناداسدیدا کرد، ژیانی ئاڵوگۆڕێکی خراپی بەسەردا هات، چونکە ناداسدی وەک سەربازێکی توندڕەو ناسرابوو، کە زۆر دڕندانە مامەڵەی لەگەڵ دوژمنەکانیدا دەکرد. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٦٠٤دا، ناداسدی کۆچی دوایی دەکات، ڕەفتاری باتۆری تادێت ناڕێک و توندوتیژتر دەبێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باتۆری پێیوابووە خۆشۆردن بە خوێنی کچان، گەنجی و جوانییەکەی دەپارێزێت. ئەمەش وای لێدەکات بە نمایش و فێڵ و تەڵەکەی جۆراوجۆر کچە گەنجەکان بۆ قەڵاکەی ڕابکێشێت. پاشان دەستی دەکرد بە ئەشکەنجەدانیان، کە زۆرجار لەبەر توندی و سەختی ئەشکەنجەکان دەمردن و بەرگەی ئەو ئازارە زۆرەیان دەگرت. سەرچاوەکان باسی بەکارهێنانی دەرزی و سووتاندن و بەستنەوەی قوربانییەکان دەکەن لە لایەن باتۆرییەوە، زۆرێک لەو کردەوانەی ئەنجامیشی داون لەلایەن خزمەتکار و ئاغاکانی دیکەوە بینراون. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەناوبانگێکی زۆر دەربکات. تا لە ساڵی ١٦١٠دا، دوای ئەوەی وەزیرێکی لۆتەران چالاکییەکانی خۆیان بۆ دەسەڵاتداران ڕاگەیاند، دەستگیرکرا.
سەرەڕای ئەو بەڵگە زۆرانەی لە دژی بوون لەگەڵ ئیفادەی شایەتحاڵەکاندا، کەچی ئەلیزابێس باتۆری هەرگیز بە فەرمی بە تۆمەتی کوشتن دادگایی نەکرا. بەڵکو لە قەڵاکەیدا خرایە ژێر چاودێری و لە لایەن ماڵباتەکەیەوە زیندانی کرا، تا لە ساڵی ١٦١٤ دا لەوێدا مایەوە و هەر لەو ساڵەشدا کۆچی دوایی کرد. کتێبی گینس کە بۆ تۆماری ڕووداوە جیهانی و سەرسوڕهێنەرەکان تەرخانکراوە، ناوی باتۆری وەک بکوژێک تۆمارکردووە، کە زۆرترین کەسی کردووەتە قوربانی. هەرچەندە هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن زۆرێک لەو قسانەی دەکرێن سەبارەت بە تاوانەکانی زیادەڕەوییان تێدا کراوە و هەڵبەستراون، بەهۆی پاڵنەرە سیاسییەکان و ئەو ترسە کۆمەڵایەتییەوە کە سەبارەت بە دەسەڵاتی ژن هەبووە لەو سەردەمەدا.
هەرچۆنێک بێت، چیرۆکی باتۆری ئیلهامبەخش بووە بۆ چەندین بەرهەمی خەیاڵیی ئەدەبی و فیلمی سینەمایی، بەتایبەتی لەناو ژانری ترسناکدا. ژیانی باتۆری بە درێژایی مێژوو بەستراوەتەوە بە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی ژنان و دەسەڵاتی ژنانەوە بەرانبەر ڕەگەزی بەرانبەر و هاوڕەگەزەکانی خۆیەوە. لەو ڕووەوە کە پرسیار لەسەر ڕۆڵی جێندەری ڕەگەزی مێینە دروستدەکات لە ئەنجامدانی تاواندا و ئەو پرسیارە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا دروست دەکات کە ئاخۆ کۆمەڵگا چۆن هەست بە تاوانباریی ڕەگەزی مێینە دەکات بە بەراورد لەگەڵ ڕەگەزی نێرینەدا.