"دانە ئاشکرا، دانەریش دیوە .. ئێمەش ئەزانین تەپکەفریوە"
لاوێن ئەمانی
4 هەفتە لەمەوپێش
"دانە ئاشکرا، دانەریش دیوە
ئێمەش ئەزانین تەپکەفریوە"
لاوێن ئەمانی
دیسانەوە ڕووداوێکی پەیوەندیدار بە ژنان هاتەوە گۆڕێ و لە لای پیاوی ئامۆژگاری تا سەر ئێسقان کوردپەروەر و تاقانە خەمخۆری خاک و نیشتمان وا تەنیا بە کوردی ئەژی و لە ئێستاشەوە سوێندی خواردووە بە کوردی بدا وڵامی قەبری، پرسی کورد و کوردستان کەوتەوە مەترسی! دیسان لە سووچێکەوە ئازارێکی ژنان زار دەکاتەوە و پیاوی کوردی هەمووشت زان بیرمان دێنێتەوە کە نەخێر ئێمە ژنی کورد و ژنی ئەویدیمان هەیە و ژنی کوردیش تا دەردی خاکی هەبێ، ئاوی بۆ چییە! لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، خەڵکی کوردستان شەقامەکانیان گرتبوو و کۆمەڵێک دڵسۆزی گەلیش هەوری و جامانەیان لەسەر بەستبوو و ڤیدیۆیان دەگرت و بانگەوازیان دەدا کە نا خەڵکینە بە هەڵە چوون حیجاب کێشەی کورد نییە و هەر لەپاڵ دەستەوە کچان لە باشوور لەلایەن گاڕانێ "پیاوەوە!" گێچەڵی سێکسیان پێ دەکرا، بۆچی؟ ڕاستە، چونکە حیجاب کێشەی کورد نەبوو، تەنیا و تەنیا خاک!
بەڵام هەواڵە دڵتەزێنەکە بۆ ئەم ئەزبەنییانە ئەوەیە کە کاتێک پزیشکێکی ژن لە هێند دەستدرێژی دەکرێتە سەری و دەکوژرێ، ژنی کورد خۆی تیا دەبینێتەوە. کاتێک لە وڵاتانی ئامریکای لاتین بە هەزاران ژن بۆ یاسایی کردنەوەی مافی لەباربردنی کۆرپەلە دێنە سەر شەقام، ژنی کورد بە پرسی خۆی ئەزانێ. کاتێک هەواڵی خۆکوژی بەکۆمەڵی ژنانی سوودانی بۆ ڕێگری لە دەستدرێژیکرانە سەریان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، ژنی کورد هاوسۆزی هەیە بۆی و شلێر ڕەسووڵییەکانی دێتەوە یاد. کاتێک ژنێک لەژێر هەمان دەسەڵاتی ئایینی داگیرکارەوە هێندەی قەمچی دەبێ و نابێکان بەسەر جەستەدا هاتووەتە خوار کە بە ئێسکی دەگات و خۆی ڕووت دەکاتەوە، ئیتر ژنی کورد چۆن بە پرسی خۆی نەزانێ و هەڵوێستی نەبێ؟ ئەم هێڵە دەستکرد و دوالیزمە درۆیینانەی بۆ ژنی کوردی دەکێشن تا کەی؟
بەڵێ! دەکرێ پرسی تۆ نەبێ. بەڵام دانانی پرسی ژن و ئازارەکانیان بە هەر بیانوو و لە هەر ئاستێکدا لە بەرامبەر پرسی خاک و کوردستان، فریوێکی پیاوسالارانەیە و لەڕاستیدا "دانە ئاشکرا، دانەریش دیوە، ئێمەش ئەزانین تەپکە فریوە"...