سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: سەرژمێری لەبەرژەوەندی كورد نییە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەهمی بورهان:

- لە حەوت ساڵدا زیاتر لە 600 هەزار عەرەب براونەتە کەرکووک.

- ئێستا 62 هەزار خێزانی ئێزدی و شنگالی لە دەرەوەی شنگال دەژین و لە زێدی خۆیان دا نین.

- تاوەکو ئێستا تەنیا 70٪ـی خەڵکی عێراق کارتی نیشتمانییان هەیە.

 

 

فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرژمێری مەترسی لەسەر كورد دروست دەكات.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە دیدارێکدا لە سلێمانی لەبارەی سەرژمێریی گشتیی عێراق رایگەیاند ئەو سەرژمێرییە بۆ ناوچەکانی ئێمە هەمووی خێر نییە، چونکە بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتی عەرەب، لەو ناوچانەی ئێمەدا کورد دەرکراوە و گوشاری بەعەرەبکردن و گواستنەوە هەبووە.

 وتيشى: لەو حەوت ساڵەدا، راکان جبووری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک نزیکەی 600 هەزار عەرەبی بردووەتە نێو کەرکووک و زیاتر لە 9 گەڕەکی لە شارەکەدا دروستکردووە.  

رونیشیكردەوە ئێستا 62 هەزار خێزانی ئێزدی و شنگالی لە دەرەوەی شنگال دەژین و لە زێدی خۆیان دا نین، هەروەها خانەقین و مەندەلی و سەعدیە و جەلەولا کە رۆژانێک 100٪ـی دانیشتووانیان کورد بوون، ئێستا رێژەیان بە جۆرێک دابەزیوە کە لەوانەیە هەر کوردیان تێدا نەبینرێت.

باسی لەوەشكرد تاوەکو ئێستا تەنیا 70٪ـی خەڵکی عێراق کارتی نیشتمانییان هەیە، دەبووایە ئەو خەڵکە هەمووی کارتی نیشتمانیی وەرگرتبووایە، ئینجا سەرژمێری بکرێت.

ئاماژەشیكرد لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێریدا نەبووم، ئەوەی پێویست بێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا باسم کردووە و لە گوشار و مەترسییەکانی تەعریب ئاگادارم کردوونەتەوە و راپۆرتم پێشکێش کردوون.

بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمى ساڵی 2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار