دەستگیرا بەسەر 11 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە هەولێر
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لە هەولێر دەستگیراوە بەسەر 11 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا لەجۆری کۆکایین.
- ماددە هۆشبەرەكە لەوڵاتی غینیاوە بۆ هەرێمی کوردستان هێنرابوو.
- بازرگانێکی بیانيش دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشنی ماددە هۆشبەرەكان رایگەیاند لە هەولێر دەستيانگرتووه بەسەر بڕی 11 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا.
بەڕێوەبەرایەتیەكە ئەمڕۆ لە بەیننامەیەكدا بڵاویكردەوە دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و کۆکردنەوەی زانیاری دروست، لەئەنجامی پرۆسەیەکی بەدواداچوونی چەند هەفتەیی، لەچاڵاکیەکدا تیمي بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەبەرواری ٨ی١١ی٢٠٢٤ لەناو شاری هەولێر توانیان دەست بەسەر بڕی 11 یانزە کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری (کۆکایین) دا بگرن کە لەوڵاتی غینیاوە بۆ هەرێمی کوردستان هێنرابوو.
رونیشیكردەوە لەم چاڵاکیەدا بازرگانێکی بیانی دەستگیر کرا کە چەند ساڵە لەم جۆرە بازرگانییە گڵاوە و تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقلییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.