تەنیا لاهور شێخ جەنگی ڕەتیکردەوە لەگەڵ سودانی کۆببێتەوە

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

- تێكڕای لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە و ستایشیان كرد.

- سەرۆكی بەرەی گەل رەتیكردەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران عێراق كۆببێتەوە.

- بە هۆی هەندێک هەڵوێستی پێشووتری سەرۆک وەزیرانەوە بە داوای لێبوردنەوە ئەو دیدارەی ڕەتکردۆتەوە.

 

 

ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سودانی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆبووەوە، تەنها بەرەی گەل نەبێت بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی ئامادە نەبوو لەگەڵ سودانی كۆببێتەوە.

بەپێی بەیاننامەكانی نووسینگەكەی سودانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكانتاوتوێى دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم کردوه، لەسەرووی هەموویانەوە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەهەرێمەوە و گرنگی ڕێکخستنی، بە شێوەیەک کە خواستی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستبهێنێت، لەگەڵ گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی حکومی لە هەرێم.

سودانی ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسی کردوه لە هەرێم و جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێم و ئاماژەیان بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان و پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە تەواوکردنی بەشێوەکی سەرکەوتوو.

رونیشیكردەوە سودانی لە چاوپێكەوتنەكانی جەختی کردەوە لە پاڵپشتیکردنی وتووێژەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەماهەنگی هەوڵەکان، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەیدا، و هاوکاری کردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بوار و کەرتە جیاجیاکانی گەشەپێداندا و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم

سودانی ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لەچوارچێوەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێز و ڕەوتە سیاسییەکان دێت و جەختیکردەوە لەسەر پەرۆشی حکومەت بۆ پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکان و قبووڵنەکردنی ئەوەی عێراقییەکان لە هەرشوێنێک هەن زەرەرمەند بن؛ بە هۆی هەندێ لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کەهەڵبژاردنەکانی هەرێم وێستگەیەکی گرنگە لەپرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی پرەنسیپی دێموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا، ئەمەش پابەندبوونی خەڵکی هەرێم بەهەڵبژاردنەکان دووپاتدەکاتەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان و سەرۆکی هەرێم هەوڵی داوە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و ئامادەکردنی هەموو مەرجەکان بۆ سەرکەوتنی.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستی خێراکردنی لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمانی هەرێم، چونکە هاووڵاتیان زۆر پێویستیان بە بینینی بەرنامەکانی هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی بێت لەسەر دۆخی بژێوی و خزمەتگوزاری، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی، کە بوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی لەحکومەتی فیدراڵ و هەرێم، چونکە لێکتێگەیشتن و سەقامگیری لەهەرێم، هێزێکە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراق.

لە لای خۆیانەوە سەرۆكی حكومەت و هەرێم و سەركردەی حزبەكان و نوێنەرانی هێزه سیاسییەکان و پێکهاتەکان، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سودانی كردووە و رۆڵیان بەرز نرخاندووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە تەنها لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل رەتیكردووەتەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و لەمبارەیەوە نووسنگەی سەرۆكی بەرەی گەل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە:

"لە میانی سەردانی محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، لە لایەن نوسینگەی بەڕێزیانەوە پەیوەندی کراوە بە نوسینگەکەمانەوە و، داوا کراوە وەک هەموو لایەنەکانی دیکە دیدارێک لە نێوان سەرۆک وەزیران و لاهور شيخ جەنگی ساز بکرێت، بەڵام بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بە هۆی هەندێک هەڵوێستی پێشووتری سەرۆک وەزیرانەوە بە داوای لێبوردنەوە، ئەو دیدارەی ڕەت کردۆتەوە".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق محەمەد شیاع سودانی، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا کە شارەکانی هەولێر و سلێمانی لەخۆگرت، و گەڕايەوە بۆ بەغداد و سەردانەکە ئەمانەی خوارەوەی لەخۆگرت:

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعوود بارزانی.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان عەلی باپیر.

 

- ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ نوێنەرانی هێز و پێکهاتە براوەکان لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

 

-دانانی تاجە گوڵینەیەک لەسەر گڵکۆی سەرۆک کۆماری پێشووتر جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید.

 

-ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ ئەمینداری گشتی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەلاحەدین بەهائەدین.

 

- ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی عەلی حەمە ساڵح.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار